زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

جەهلی پیرۆز

11:38 - 2024-10-10
کەلتور
344 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد 

جەهلی پیرۆز، یان نەزانیی پیرۆز، بە فەرەنسی  La Sainte ignorance، بە ئینگلیزی Holy ignorance ، بە عەرەبی (الجهل المقدس)، زاراوەیەکە بیرمەند و ئیسلامناسی فەرەنسی (ئۆلیڤەر روا) دایهێناوە.
 لە سەرەتادا تێدەگەین وشەی (جەهل)، یان (نەزانی)، وشەیەکی نەرێنییە و بەهیچ جۆرێک لەتەک وشەیەکی بڵندگەرای وەک وشەی (پیرۆز) دانانرێت، چۆن جەهل و نەزانی، پیرۆز دەکرێت؟ بەڵام ئۆلیڤەر روا ئەم دوو وشەیە لێکدی دەدا و زاراوەیەکی لێ دەخوڵقێنێت، لە کتێبێکی سەربەخۆدا بە ناونیشانی «جەهلی پیرۆز_ سەردەمی ئایینێکی بێ رۆشنبیری» شرۆڤەی دەکات، بەتایبەتی لە بواری ئایینناسی و بەدیاریکراویش لە بواری ئیسلامناسیدا، لەمیانی ئەم زاراوەیەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی توندڕەویی فەندەمێنتالیستی ئایینی مەسیحی لە هەردوو ئایینزای کاسۆلیک و پرۆتستانتیدا، بەتایبەتی کاسۆلیک کە بە ئەندازەیەکی زیاتر فەندەمێنتالیست و توندڕەو بوو، بە چەشنێک لەنێو چوارچێوە تەسکەکانی عەقیدەی خۆیدا، خۆی دیل کردبوو، کە بە بەراورد بە سەردەمە نوێیەکان و پێشکەوتنە زانستییەکان، نەزانییەکی زۆری بڵاو دەکردەوە.
هەموو ئەمانە وا لە ئۆلیڤەر روا دەکەن ئاراستەیەکی نوێ لە زانستی ئایینناسی بکاتەوە و زاراوەیەکی تازەی بۆ دابڕێژێت و ناوی بنێت «جەهلی پیرۆز»، ئەم بیرمەندە پێی وایە جیهانگیری (گلۆباڵیزم) بە ئەندازەیەکی گەورە رۆڵی لە سەرهەڵدان و گەشەکردنی بزووتنەوە فێندەمێنتالیستییەکاندا هەبووە، سا ئەو بزاوتە فێندەمێنتالیستانە بزاوتی سەلەفیی ئیسلامی بووبن یان سەلەفییەتی کاسۆلیکی و پرۆتستانتیی ئەمریکی، یان سەلەفییەتی یەهودی.
لێرەدا بۆ یەکەمجار جەهل و نەزانی لەتەک پیرۆزیدا هاوشانی یەکدی رێدەکەن، نەزانی بەهایەکی پیرۆز وەردەگرێت، بێگومان لەلای کەسانی فێندەمێنتالیست، بۆ نموونە دوورکەوتنەوە و نەزانی لە بەرامبەر فەلسەفە و تیۆرییە نوێیەکان و سینەما و شانۆ و ئۆپێرا و بالێ و ئەدەب و میوزیک، دەبێت بە ئامانجێکی پیرۆز، لێرەدا جەهلی پیرۆز لەلای فێندەمێنتالیستەکان، واتە ئەو جەهلەی لە لەوتاندنی مۆزارت و بیتهۆڤن و مایکڵ ئەنجیلۆ و پیکاسۆ و مارکس و نەزار قەبانی و ئەدۆنیس و نەجیب مەحفوز و محەمەد ئەرکون و عادیل ئیمام دەیانپارێزێت.
ئۆلیڤەر روا پرسیاری ئەوە دەکات چۆن بزووتنەوە مەسیحییەکان توانیویانە ژمارەیەکی زۆری گەنجانی موسڵمان، لە هەموو سوچێکی دنیادا، بەرەو لای خۆیان رابکێشن؟ بە هەمان شێوە بزووتنەوە فێندەمێنتالیستە ئیسلامییەکان توانیویانە ژمارەیەک لە گەنجانی ئەوروپی بهێننە نێو رێکخراوەکانی خۆیانەوە و بە قەناعەتەوە کاریان لەگەڵدا بکەن؟ 
لە لای ئۆلیڤەر روا، جەهلی پیرۆز بریتییە لەم سەردەمەی ئەمرۆمان کە ئایینێکی بێ رۆشنبیریی هێناوەتە ئاراوە، ئایینێک لە بەرامبەر پێشکەوتنە گەورە و خێراکانی دنیادا نەزانی بەرهەم دەهێنێت و ئەو نەزانییە پیرۆز دەکات، جەهلی پیرۆز بەڕاشکاوی دەڵێت: مرۆڤ پێویستیی بە مەعریفە و رۆشنبیری نییە تا بگاتە دەربازبوون و بەدەستهێنانی بەهەشت، بگرە مەعریفە و رۆشنبیری دەبنە هۆی بەلاڕێدابردنی ئیمانی راستەقینە و چاندنی گومان لەلای ئیمانداران، (بڕوانە: اولیفییە روا، الجهل المقدس، ل229).
بیرمەندی فەرەنسی بەرەگەز جەزائیری د.محەمەد ئەرکون، لە مانایەکی دیکەی هاوشانی جەهلی پیرۆزدا، زاراوەیەکی دیکە دادەڕێژێت و ناوی دەنێت «جەهلی دامەزراو» (الجهل المؤسس)، ئەم چەمکەی ئەرکون پەیوەستە بە دامەزراوەی پەروەردە و خوێندنەوە، بەو پێیەی نەزانی لەنێو قوتابخانە و زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا ریشەی داکوتاوە و لەوێوە نەزانییەکی فریودەر بڵاو دەکرێتەوە، پرۆگرامەکانی خوێندن، بەو شێوەیەی ئەمرۆ هەن، رۆڵی گەورەیان لە نائامادەبوونی ئەقڵانییەت و لێکدانەوەی هزری و مێژووییدا هەیە، بگرە رۆڵیان هەبووە لە پەرەپێدانی توندڕەویی ئایینی و نەتەوەیی. جەهلی دامەزراو بریتییە لە پیرۆزکردنی بیری دۆگمایی و دەمارگیری لە قوتابخانەکاندا.
جگە لە قوتابخانە، جەهلی دامەزراو لەنێو خێزان و میدیاکانیشەوە بڵاودەکرێتەوە، زۆرجار لەلایەن خێزان و هاوڕێ و دەزگا زەبەلاحەکانی راگەیاندنەوە چەمکی هەڵە و زانیاریی ناڕاست برەوی پێدەرێت و بڵاودەکرێتەوە، کەواتە جەهلی دامەزراو هەنگاوی یەکەمە بۆ جەهلی پیرۆز.

بابەتە پەیوەندیدارەکان