پ. ی. د. ژینۆ عەبدولڵا
بەم دواییە یەكێك لە دەوڵەمەندترین و پڕ زانیاریترین كتێب دەربارەی مێژووی كورد كە لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانی خۆرئاوەوە نووسرابێت بەم هەموو زانیارییە پڕبایەخ و زۆرەوە، كتێبی (فەرهەنگی مێژوویی كورد) لە نووسینی پ. د. مایكڵ گوتنەر و بە وەڕگێران یاخود بە كوردیكردنی بە زمانێكی پاراوی كوردی مامۆستا شاهۆ بورهان عەبدوڵڵا، سەرۆكی بەشی وەڕگێران لە كۆلێژی زمان لە زانكۆی سلێمانی.
ئەم كتێبە لە دووتۆی 419 لاپەڕەدا و لەگەڵ چەند نەخشە و وێنەیەكی نووسەر لەگەڵ كەسایەتییە ناسراو و كاریگەرەكانی كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان، بڵاوكراوەتەوە و بە شێوەی فەرهەنگ و بەگوێرەی پیتەكان زانیاری و داتا و ئامار و روونكردنەوەی پێویست لە پەڕاوێزدا نووسراوە.
سەرەڕای دەوڵەمەندیی ئەم كتێبە، بە تایبەت لە وەڕگێڕانە ئاسان و پاراوەكەیدا كە واهەست دەكەیت نووسەر بە زمانی كوردی نووسیوە
مایكل گۆتنەر كێیە؟
ناوبراو بەكالۆریس و ماستەری لە زانكۆی كۆلۆمبیا (Columbia) و دكتۆراكەی لە زانكۆی ویلایەتی كێنت (Kent State) وەرگرتووە، مامۆستای زانستی سیاسییە لە زانكۆی تەكنۆلۆجیای تێنێسی (Tennessee Technological University) لە كوكڤیڵ لە ویلایەتی تێنێسی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و لە ساڵی 1972 ەوە ئەندامی ئەو زانكۆیەیە. لە 2002 ەوە لە وەرزی هاویندا لە زانكۆی نێونەتەوەیی لە ڤییەنا وانەبێژیی كردووە. پێشتر لە 1967 بۆ 1969 مایكل لە زانكۆی ویلایەتیی كێنت لە ئۆهایۆ وانەی دەوتەوە. لە 1978 بۆ 1979 مایكل وەك وانەبێژی سەرەكی فولبرایت لە بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەكان لە زانكۆی تەكنۆلۆجیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئانكەرەی پێتەختی توركیا وانەی دەوتەوە. مایكل لە پاییزی 2002 دا لە فیسك (Fisk) لە ناشڤیل لە تێنێسی و لە هاوینی 2001 دا لە كۆلیجی پەروەردەیی شوخوی (Xuhui) شێنگهای لە شاری شێنگهای وانەی دەوتەوە. لە 2007 ەوە لە چواربۆنەی جیا دا بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا كۆرسێكی تایبەت و كورتخایەنی لەبارەی كوردەوە وتووەوە.
كتێبەكانی لە بارەی كوردەوە
پرۆفیسۆر گۆتنەر ژمارەیەك كتێبی لەبارەی كوردەوە نووسیوە كە سەرنجی زانایانی راكێشاوە، وەك: (هەڵكشانی كوردەكان: چارەسەری بەرەوپێشچوونی كێشەی كورد لە عیراق و توركیا، 2008؛ ئارێشەی كورد لە عیراق: دوودڵی سیاسی، 1999؛ كورد و داهاتووی توركیا، 1997؛ كورد لە عیراق: تراژیدیا و هیوا، 1992؛ كورد لە توركیا: دوو دڵی سیاسی، 1990. هەروەها لەگەڵ محەمەد ئەحمەد هەڵەبڕی چەند پەرتووك بووە وەك بەرەوپێشچوونی نەتەوەپەروەریی كوردیی، 2007؛ پرسی كورد و شەڕی 2003 ی عیراق، 2005؛ كۆڕەوی كورد: لە ئاوارە بوونی ناوخۆوە بۆ ڕەوەندی هەندەران، 2002؛ و پرسی كورد و یاسای نێونەتەوەیی، 2000.
كتێبەكانی دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
ژمارەیەكی زۆر نامیلكەی زانایانەی لەبارەی كوردەوە لە چەند گۆڤاری بەناوبانگ دا بڵاو كردووەتەوە وەك گۆڤاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رێبازی رۆژهەڵاتی ناوەراست، رەخنە: لێكۆڵینەوەی رەخنەگرانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژهەڵات، مێژووی هەنووكە، گۆڤاری كاروباری كەمینەی موسڵمان، وەرزنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەرزنامەی جیهانی سێهەم، وەرزنامەی مانەوەی كەلتوری، زانستی سیاسی و سیاسەت و چەندین گۆڤاری تر.
مایكل لە لایەن ژمارەیەك ئاژانسی حكومیی جیاواز لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و هەروەها زۆر كۆنفڕانسی زانستی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و دەرەوە بانگهێشت كراوە بۆ ئەوەی لەبارەی لایەنە جۆراوجۆرەكانی پرسی كورد وتار پێشكەش بكات. ئیستا مایكل لە بۆردی بەڕێوەبەرانی كۆمسیۆنی سیڤیكی یەكێتی ئەوروپا و توركیا كار دەكات كە رێكخراوێكی ناحكومییە و بۆ وەرگیرانی توركیا لە یەكێتی ئەوروپادا لۆبی دەكات ئەویش وەك رێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا.
وشە مێژوویی و سیاسییەكان لە خۆ دەگرێت
بێگومان بەم هەموو زانیارییە زۆرەی نووسەر و توێژەر دەربارەی دۆسیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كورد هەیەتی، ئەم كتێبە دەوڵەمەندە و پڕ زانیارییە بۆ توێژەران و دەستەبژیری كورد گرنگی زۆری هەیە، نووسەر لە پێشەكی كتێبەكەدا نووسیوێتی: (ئەم چاپە تازەیە زیاتر وشە مێژوویی و سیاسییەكان لەخۆ دەگرێت و جەخت دەخاتە سەر ئەو بابەتانەی كە لەم سەردەمە نزیكترن. سەرەڕای ئەمەش هەوڵمداوە گرنگترین ناو و رووداوەكانی پێشووش لە بیر نەكەم. هەروەها ژمارەیەك وشە لە پەیوەندیی لەگەڵ مژارە كەلتوری و ئابووری و كۆمەڵایەتییە گرنگەكان خستووەتە ناو ئەم كتێبەوە. لە پێناسەی زۆر لە وشەكان دا هەندێك وشە بە تۆخی (bold-faced) نووسراون یان لە كۆتاییاندا (هەروەها بنواڕە) نووسراوە، كە ئەمە یارمەتی خوێنەران دەدات بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر. سەرەڕای ئەمانەش گومانی تێدا نییە ئاستێك لە بیر و رای نووسەر لە كاتی هەڵبژاردنی مژارەكان بۆ وشە لیست كراوەكان بەرچاو دەكەوێت. لەمەش زیاتر من دڵنیام هەندێك وشەم سەبارەت بەو مژارانە لە بیر كردووە كە شایانی باس كردنن. كەوابوو لە پێشنیازی خوێنەر بۆ وشەی زیاتر لە چاپەكانی داهاتووی ئەم پەرتوكە پێشوازی ئەكە).
نووسینی ناوەكان و وشەكان بە زمانی ئینگلیزی ئاسان بكەم
نووسەر زیاتر دەربارەی كتێبەكەی زانیاری باس دەكات و ئاماژە بەوە دەكات: (لە نووسینی فەرهەنگێك لە بارەی كوردەوە بە زمانی ئینگلیزی هەوڵمداوە هەتا ئەوڕادەیەی دەكرێت نووسینی ناوەكان و وشەكان بە زمانی ئینگلیزی ئاسان بكەم. بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەیەكی زۆر شێوەی رێنووس لە ناو زانایانی رۆژئاوا و جیاوازییە زمانییەكان لەناو كوردەكان بۆ خۆیان، نەدەكرا بە تەواوی لە نووسینی وشەكان بە زمانی ئینگلیزی نەگۆڕ بم. من ئەو رێنووسانەم بە كار بردووە كە بۆ من، وەك خوێنەر و نووسەرێكی ئینگلیزی زمان، خۆشتر بووە. هەرچەندە ئەوانەی سوورن لە سەر پەتێتی زمان، لەوانەیە دژایەتی ئەمە بكەن، بەڵام دەرەنجامەكە دەبێ ئەوە بێت كە خوێنەران بە ئاسانی و خێرا بتوانن تێبگەن سەبارەت بە چی خەریكی خوێندنەوەن.
بێ لایەنی توێژەر
هاوكات پ. د. مایكل گوتنەر باسی لەوەش كردوە، لە نووسینی ئەم فەرهەنگە مێژووییەدا هەردەم هەوڵمداوە هەتا دەكرێ بێ لایەن بم بە بێ ئەوەی بەشێوەیەكی زەق و بەرچاو لەڕووی سیاسییەوە راست و بێ هەڵە بم. بە ئاشكرا و بە نائاشكرا زۆر رەخنەم گرتووە لەو وڵاتانەی كوردیان تێدا دەژی و هەروەها لە كوردەكان خۆیان. ئەنجامنەدانی ئەو كارە دەبووە هۆی سڕینەوەی زۆر شت و لە دەستدانی زۆرلایەنی گەوهەریی ئەو مژارانەی كە خۆم پێوە خەریك كردوون. هەڵبەت، لە پاڵ ئەمەش دا، من لە بارەی مژارێك دەنووسم كە نووسراوەكانیتری سەبارەت بەو مژارە لە بنچینەدا زۆر ناكۆكن یان بە سۆز و لایەنگرانە نووسراون. وەك كەسێكی رۆژئاوایی و ئەمریكی هیوادارم بێ لایەنی بەراوردی من ببێتە خاڵی بە هێزییم و قەرەبووی هەندێك لەو تێنەگەیشتنانە بكاتەوە كە من بە هۆی كورد نەبوونمەوە لە سەداسەد تووشی دەبم. من لە دۆستایەتی و ئاشنا بوونم لەگەڵ زۆر لەو زانایانەی كە لەبارەی كوردەوە دەنووسن و هەروەها لە زۆر لە رێبەرانی كورد شت فێر بووم، كە هەندێكیان لێرەدا ناویان نەهاتووە.
سەرنجی گشتی
سەرەڕای دەوڵەمەندی ئەم كتێبە، بە تایبەت لە وەڕگێڕانە ئاسان و پاراوەكەیدا كە واهەست دەكەیت نووسەر بە زمانی كوردی نووسیوە، چەند سەرنجێك بەدی دەكرێت زیاتر پەیوەندیی بە تەكنیك و دیزاینەوە هەیە، لەوانە باشتر بوو ئەو نەخشەیەی لەم كتێبەدا دانراوە لە بەشی كۆتایی و رەنگاورەنگدا بوایە، هاوكات وێنەكانیش لەڕووی مێتۆدی مێژووییەوە دانەندراون، واتا لە كۆنەوە بۆ تازە و بە گوێرەی زنجیرەی مێژووی نییە، هیچ زانیارییەك یاخود ئەوەی پێدەڵین كاپشنی وێنە نییە و دواجاریش بەڕاستی ئەو پێڕستەی دانراوە لە ئاستی ئەو هەموو زانیاری و داتا و ئامارو و روونكردنەوە نییە بە هیوای لە چاپی داهاتوودا چاك بکرێت، بێگومان ئەم سەرنجە گشتییانە لە بایەخی ئەم كتێبە كەم ناكاتەوە و لە كۆتایدا دووبارە هیوای سەركەوتنی زیاتر و كاری بەپێزتر بۆ مامۆستا شاهۆ بورهان عەبدوڵڵا دەخوازم.
ناوی كتێب: فەرهەنگی مێژوویی كورد
نووسەر: مایكڵ گوتنەر
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: شاهۆ بورهان عەبدوڵڵا
لە بڵاوكراوەكانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 2019