بۆچی «هاونیشتمانیی کەین» مەزنترین فیلمە لە مێژووی هۆلیوددا؟

12:59 - 2024-10-10
ئەدەب و هونەر
113 جار خوێندراوەتەوە

و/ لە عەرەبیەوە: نەرمین عوسمان محەمەد

(2 - 2)


  رووناکیی / کامێراکان: 
کاریگەریی گەورەی فیلمی “هاونیشتمانیی کەین” لەسەر پیشەسازیی سینەما لەرێگای وەسف کردنی کەسانی تایبەتمەندەوە دەردەکەوێت بۆ زیرەکیی “ئۆرسۆن وێڵز “ لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێك ئامێری فەراهەم کراو بۆی، وەکو دەرهێنەرێک کە دواتر چەند نەوەیەک لە دروستکەرانی سینەما و رەخنەگران باسیان لێوە کرد و لە چەندین پەیپەری لێکۆڵینەوە و نامەی ئەکادیمیدا گفتوگۆی لەسەر کرا.
وێڵز، رووناکیی لە فیلمەکەدا بە شێوەیەکی دەربڕانە بەکارهێناوە لە پێناوی بزواندنی چەند هەستێکی تایبەت لە گرتەکاندا، پێش ئەوە ئەو نامانەی سینەما ئارەزووی گەیاندنی هەبوو لە رێگای پێکهاتەی فیلمەکانەوە دەگەیەنران نەک بەو رێگایەی کە وێنەگرتنی گرتەکانی پێ ئەنجام دەدرا، بەڵام فیلمی “هاونیشتمانیی کەین” بەپێی بۆچوونی زۆرێک لە تایبەتمەندانیش بە یەکەمین فیلم هەژمار دەکرێت کە لایەنە هونەرییەکانی بەکار هێناوە لەپاڵ پێکهاتەی فیلمەکەدا لە پێناوی گەیاندنی ئەو نامانەی ئارەزووی دەکات، بۆ نموونە ئەو تۆمارە هەواڵییەی کە باس لە کۆچی دوایی «شارڵز فۆستەر کەین» دەکات، کاتێک کۆتایی پێ دێت بە کتوپڕیی کامێراکە دەگوازرێتەوە بەرەو رۆژنامەنووسەکان کە لە پشتی شاشەی نمایشەکەوە وەستاون، وێڵز رووناکییەکی بەهێز لە پشتەوە بەکار دەهێنێت کە ئەوکەسانە دەخاتە ناو سێبەرەوە و تەرکیز تەنها لەسەر «کەین» دەمێنێتەوە، وەکو ئەوەی «وێڵز» بە بینەر بڵێت: ئەو کەسایەتییانە گرنگ نین، بەڵکو ئەوەی هەوڵ دەدەن بیدۆزنەوە گرنگە.
وێنەگری سینەمایی بە ناوبانگ”گریگ تۆلاند” کە بە شێوەیەکی گەورە وەکو یەکێک لە هۆکارە گەورەکانی سەرکەوتنی فیلمەکە هەژمار دەکرێت، گرتەی درێژی لە چەند شوێنێکی فیلمەکەدا بە کارهێناوە لە پێناوی چەسپاندنی چیرۆکەکەدا، بۆ نموونە لەو گرتەیەدا کە دەست لە چاودێری کردنی کوڕەکەیان هەڵدەگرن بۆ ״واڵتەر تاتشەر״ی بــــەرپرســــی بــانکەکە، شــــارلی لــە ناوەڕاســتی بەفرە بـــاریوەکــەی نێو باخچەکەدا دەردەکــەوێت یاریی دەکــات، بێ ئاگا لـــــەوەی چ دواڕۆژێــــک چاوەڕوانی دەکات.
پـــاشـــان کـــامێراکە دەگوازرێتەوە بۆ تەرکیز کـــردن لـــەســـەر ئـــەو ئاخاوتنەی لەنێوان دایک و باوکی و بەڕێز تاتشەردا روو دەدات، بەڵام بینەر دەتوانێت لەهەمان کاتدا شارلزی منداڵ لە رێگای پەنجەرەکەوەببینێت، وەکو ئەوەی کە گەمارۆ درا بێت. بە پێی وتارێک کە نووسەر “لی سینگەر” لەسەر پێگەکەی خۆی لە پەیمانگای بەریتانی بۆ فیـــلم BFI/ نووسیویەتی «وەکو زیندانیی کراوێک لەنێوان دایک و باوکێکی شەڕکەردا دەردەکەوێت کە تاتشەر لە تەنیشت دایکە خۆسەپێنەکەوە دانیشتووە و هیچ بایەخێک بە قسەکانی باوکە خاوەن کەسایەتییە لاوازەکە نادات، ئەمەش رێگایەکی لێهاتووانەیە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا».
یەکێکی دیکە لە داهێنانەکانی وێڵز فیلمی “Zelig”ە کە ودی ئالان لە ساڵی 1983 دا دەریهێناوە و تێیدا وێڵز پەنای بردۆتە بەر چەند کەسایەتیەکی مێژوویی بەناوبانگ وەکو ئەدۆڵف هیتلەر و سەرۆکی ئەمریکیی بەناوبانگ تێدی رۆزفێڵت، لە چەند گرتەیەکی ئەرشیفدا کە بۆ ئەوە دروست کراوە تاوەکو کۆن و پەککەوتوو دەربکەوێت.
  مۆنتاژ کردن:
ئۆرسۆن وێڵز چەند ئامرازێکی داهێنراوی بەکارهێناوە لە بڕینی بڕگەکان و دروست کردن و کۆکردنەوەیان یاخود مۆنتاژ کردنیان لە پێناوی دەربڕینی کات و گۆڕانی دۆخەکاندا کە ئەمەش بە جوانترین شێوە لە بڕگەکانی نانخواردنی بەیانی  لە نێوان "کەین" و هاوسەری یەکەمیدا (ئیمیلی)،  دەردەکەوێت. لەسەرەتای مۆنتاژەکەدا کامێرا لە دوو هاوسەرەکە نزیک دەبێتەوە کە بە تەنیشت یەکەوە دانیشتوون و وێڵز میوزیکێکی  رۆمانسی بەکاردەهێنێت لە پێناو دەرخستنی هەستەکانی خۆشەویستی لە نێوانیاندا لە ساڵەکانی یەکەمی هاوسەرگیریاندا، وردە وردە دووریی جێگاکانی نێوانیان زیاد دەکات و میوزیکەکە و  پۆشاکەکانیان و شێوەیان دەگۆڕدرێت و رێڕەوی گرتەکان خێرا دەبێت، ئەمەش رەنگدانەوەی داڕمانی پەیوەندییەکانی نێوانیانە لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا.
سیمبۆلیزم:
فیلمەکە پڕیەتی لە وێنە و سیمبول بەڵام لەوانەیە بەهێزترینیان بریتی بێت لە وشەی Rosebud کە  کۆی کڕۆکی فیلمەکە بە دەوریدا دەخولێتەوە. لەدوای شکستهێنانی پەیامنێرەکە بۆ گەیشتن بە واتای وشەکە بۆمان دەردەکەوێت لە بڕگەی کۆتایدا کە ئەو وشەیە ئاماژە بۆ ئەو خلیسکێنەیە دەکات کە شارڵی منداڵ خلیسکێنەی پێدەکات لەسەر بەفرەکە و زۆر هۆگری بوو، خلیسکێنەکە فڕێ دەدرێتە نێو ئاگردانێکەوە لەگەڵ کۆی شتە بێ بەهاکانی دیکە کە لە قەڵاکەی کەین دا بوون لە دوا گرتەدا، تاوەکو بسووتێت و بتوێتەوە و لەگەڵیشیدا هەر دەرفەتێک هەبێت بۆ دۆزینەوەی نهێنییەکە بتوێتەوە، وەکو ئەوەی هێمایەک بێت بۆ پاکی و ئەو تەنها ماوەیە بە بیری بینەر بهێنێتەوە کە تێیدا شارڵز فۆستەر کەین بە راستی دڵشاد بووە.
لەوانەیە ئەو گرتەیە زیاترین گرتە بێت کە هاوسۆزیی لەگەل کەین دا دروست بکات، ئەوێک کە دوور لەگەرمایی خێزان پەروەردە بووە و بە ناشادیی و ژیانێکی تەنهایی ژیاوە، وێڕای سامان و ناوبانگەکەی.لەوانەیە هەمووان هاوڕانەبن لەسەر ئەوەی فیلمی “هاونیشتمانیی کەین” مەزنترین فیلم بێت لە مێژووی هۆلیوددا، بەڵام ئەو شتەی زۆرترین کەس لەسەری ناکۆک نابن ئەوەیە، کە ئەو فیلمە گرنگە و رۆڵێکی دیاری هەیە لە سینەمادا و توانیویەتی درەوشاوەیی خۆی بپارێزێت وێڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 80 ساڵ بەسەر یەکەمین نمایش کردنیدا.

سەرچاوە:
 www.bbc.com/arabic/art-and-culture

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان