هێمن ئەحمەد
دوێنێ، پارێزگاری كەركوك، بەئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، پێشوازییان لە پاتریك دورێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی چەند پرسێكیان تایبەت بە كارەكان و ئیدارەی نوێی پارێزگا كرد.
لەبارەی سەردان و كۆبوونەوەكەوە، پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و خوێندنی باڵا لە ئەنجومەن، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە پتەوكردنی پەیوەندییە كەلتورییەكان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكان لە بواری پاراستنی كەلتوردا كرا و جەخت لەسەر هاوكاری و پاڵپشتی و پاراستنی ناسنامە و كەلتوری قەڵای كەركوك كرایەوە، هەروەك باڵیۆزی فەرەنسا ستایش و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەكانی پارێزگار دەربڕی لەپێناوی پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەكانی شاری كەركوكدا لەوكاتەوەی وەك پارێزگار دەستبەكاربووە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەن، وتیشی: لە چوارچێوەی گفتوگۆ و هاوكاری و پاڵپشتییە كەلەپوورییەكاندا، باڵیۆزی فەڕەنسا و پارێزگار و وەفدی هەردوولا، سەردانی قەڵای دێرینی كەركوكمان كرد و زانیاریی پێویست و ورد لەسەر مێژووی دێرین و كەلتووری قەڵاكە و شاری كەركوك بەشێوەیەكی گشتی، ئاماژەی پێكرا و خرایەڕوو.