ئەرشەد تەحسین
كەرتی تەندروستی یەكێكە لەبوارەكانی ژیان و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەمرۆڤەوە هەیە و ژیان و خۆشبەختی مرۆڤ بەندە بەباشی دۆخی تەندروستییەوە.
ئێستا كەرتی تەندروستی خزمەتێكی گرنگ بەمرۆڤ دەكات، هەر لەهەوڵەكانی خۆپارێزی بۆ تووشنەبوون بەدەرد و نەخۆشی و بەسەربردنی تەندروستییەكی باش، تا هەوڵە بەردەوامەكانی پێشكەش كردنی چارەسەر لەكاتی نەخۆشی و گەڕانەوەی تەندروستی بۆ دۆخی ئاسایی مرۆڤەكە. لەكوردستان بەشێوەیەكی گشتی كەرتی تەندروستی سیستمێكی كلاسیكی و كۆن پیادە دەكات كە ساڵانێكە ڕێڕەوی خۆی وەرگرتووە، سەرباری پێشكەوتنەكانی بواری تەكنەلۆژیا و زۆربوونی ئامێرە پزیشكییەكان و ئاسان گەیشتن بەپشكنینە جۆراوجۆرەكان و دەستنیشانكردنی نەخۆشی، هەروەها زۆربوونی دەرمانی جۆراوجۆر و ئاسان بەدەست گەیشتن، بەداخەوە هێشتا كەرتی تەندروستی لەئاستی پێویستی قۆناغ و سەردەمەكەدا نییە و نەتوانراوە ڕێگریی تەواو بكرێت لەتووشنەبوونی مرۆڤ بەنەخۆشی.
سەرباری گۆڕانكارییەكان و هەوڵە بەردەوامەكان بۆ چاكسازی، هێشتا كەرتی تەندروستی بەدەست كۆمەڵێك گرفتی سەرەكییەوە دەناڵێنێت، لەم كاتەدا و لەسەروبەندی هەڵبژاردندا، سەرجەم لیست و قەوارەكان سەرقاڵی بانگەشە و پێشكەشكردنی بەرنامەی خۆیانن بۆ هەڵبژاردن، بواری تەندروستی لەئاستێكی لاوازدا باس دەكرێت و هێندەی گرنگی خۆی بایەخی پێنەدراوە، كاتێكیش كەرتی تەندروستی نابێتە بەشێك لەهەڵمەتی بانگەشە و بەرنامەی هەڵبژاردن و كێشە و گرفتە سەردەمییەكان تاوتوێ ناكرێت، ڕێ و شوێنی پێویستی بۆ ناگیرێتەبەر، ئەوا بەبێ چارەسەر دەمێنێتەوە، بۆیە جێی خۆیەتی هەندێك كێشە و گرفتەكانی كەرتی تەندروستی باس بكەین تا ببێتە ئەجێندای داهاتووی كابینەی نوێ و دوای هەڵبژاردن كاری لەسەر بكرێت.
بینا و گرفتێكی هەنوكەیی
نەبوونی بینای نوێ و سەردەمییانە یەكێكە لەگرفتە سەرەكییەكانی كەرتی تەندروستی، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە یان كۆن و بێ كەڵكە، یان بچوك و نەگونجاوە، كەرتی تەندروستی تایبەتمەندی خۆی هەیە، سەرباری ئەوەی پێویستە تۆكمەیی و پاك و خاوێنی ناسنامەی بیناكە بێت،لەهەمان كاتیشدا بەهۆی بوونی بەشی جیاوازی وەك تاقیگە و تیشك و دەرمانخانە و بەشەكانی تریش، هەر بەشە تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەبێت شوێنەكەشی گونجاوبێت لەگەڵ كارەكەیدا، بۆیە دەبێت بەپێی ستانداردە جیهانیەكان ئامادەبكرێت و بەپێی پێویست بەشەكە تایبەتمەندی پێ بدرێت و تایبەتمەندبوون بكرێت بەمۆركی دامەزراوە تەندروستیەكان.
لەئێستادا ژمارەی دانیشتوان لەهەڵكشاندایە و كۆمەڵگە فراوان بووە، پێداویستییە تەندروستییەكان زۆربوون، وادەخوازرێت بەپێی پسپۆڕییەكان نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستی تایبەتمەند بكرێنەوە و پەرە بەوانەش بدرێت كە هەن، چونكە لەگەڵ گەشەكردنی پیشەسازی و تەكنەلۆژیا و ئامێرەكانی پشكنینی نەخۆشیدا، جۆر و شێوازە جیاوازەكانی نەخۆشیش ئاسانتر دەست نیشان دەكرێن، بۆیە تایبەتمەند بوون بووە بە مۆركی زانستی پزیشكی و وا دەخوازێت تایبەتمەندبوون بدرێت بەناوەندە تەندروستیەكان.
گوند و ناوچە دوورە دەستەكان ئاوڕی جدییان پێویستە
گرنگی نەدان بەناوچە دوورە دەستەكان، یەكێكە لە گرفتەكانی ناوچە دوورە دەستەكان، ئەم قۆناغەش وا دەخوازێت لەسەرجەم قەزا و ناحییەكان نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستی گەورە لەئاست پێویستی هاوڵاتیاندا بكرێنەوە، هەروەها لەگوندەكان بنكەی تەندروستی پێویست هەبێت بەئامانجی خزمەتكردنی زیاتری گوندنشینان، دواجاریش دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی ژیانی گوندنشینان و بەرهەمی خۆماڵی.
دیاردەی خۆبەخشیی، كێشەیەكی بەردەوام
دیاردەی خۆبەخشی لەناوەندە تەندروستییەكاندا بووەتە گرفتێكی سەرەكی، چارەسەری سەرەكیش بریتییە لەنەهێشتنی دیاریدەكە ودامەزراندنی دەرچووە پزیشكییەكان بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی لەناو ناوەندە تەندروستییەكان بەگشتی، لەكاتیكدا ساڵانێكە دامەزراندن نەماوە و خانەنشینی فەرمانبەران بەردەوامە، بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی كاركردن، ناوەندە تەندروستییەكان بەكەسانی خۆبەخش پڕكراوەتەوە، سەرباری ئەوەی هیچ ماف و شایستەییەكیان بۆ فەراهەم نەكراوە، هیچ هەوڵێكیش نییە بۆ بەهەمیشەیی كردنیان، بچوكترین بایكۆتی خۆبەخشان كەرتی تەندروستی بەتەواوی پەك دەخات.
دەرمان و پێداویستیەكانی تر دابین بكرێن
هاووڵاتی كاتێك سەردانی نەخۆشخانەیەك یان ناوەندێكی تەندروستی دەكات بۆ ئەوەی سەرجەم پشكنین و چارەسەرەكانی مسۆگەر بكرێت،لەو سۆنگەیەوە دابینكردنی دەرمان و پشكنین و ئامێرە پێویستەكانی پشكنین زامنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستین بەهاوڵاتیان،بۆیە مافی هاوڵاتییە ناچار نەبێت بۆ هیچ مەبەستێك پەنا بباتە بەر دەرەوەی نەخۆشخانەی حكومی، كاتێك سەردان دەكات بەدەرونێكی ئاسوودە و ئارام و جەستەیەكی ساغەوە بگەڕێتەوە.
بیمەی تەندروستی گرنگە
بوونی بیمەی تەندروستی كە هەموو هاوڵاتییەك بەبێ جیاوازی لێی سوودمەند بن و بتوانن لەڕێی سیستمێكی تایبەت بەبیمەی تەندروستی لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا، سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانیان پێ بگات بەشێوەیەك هیچ كات ناچار نەبن پەنا بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی و كەرتی تایبەت ببەن، یەكێكی ترە لە پێویستییەكانی سەردەم.
رێكخستنەوەی نەخۆشخانەی ئەهلی و كەرتی تایبەت
ڕۆژبەڕۆژ نەخۆشخانەی ئەهلی ڕوو لەزیادبوونە، لەهەمانكاتدا كلینیك و كۆمەڵگە پزیشكییەكان بەهەمان شێوە ڕوو لەزیادبوونە، بۆیە ئەركی حكومەتە لەڕێی یاسایەكی گشتگیرەوە كاری ڕێكخستنەوەی ئەم نەخۆشخانە و كۆمەڵگە پزیشكییانە لە ئەستۆ بگرێت و وەك چاودێرێك ئامادەیی هەبێت لەڕووی كوالێتی و نرخ و چۆنییەتی كاركردنیان بەشێوەیەك بێت هیچ كات هاوڵاتی زەرەرمەند نەبێت.
یاسایەكی تۆكمە پێویستە
ماوەتەوە بڵێین، یاسایەكی تۆكمە و پەسەندكردوو كە گرنگی بەهەموو بوارەكانی تایبەت بەتەندروستی بدات لەڕوی سیستمی ئیداری و كارگێڕی و دیاریكردنی ئەرك و مافەكانی نەخۆش و دكتۆر و پەرستار و كارمەندانی سەرجەم بەشە جیاوازەكانی ناو ناوەندی تەندروستی، زامنی ڕێك و پێك پیادەكردنی كاروبارەكانی كەرتی تەندروستییە.