هەرجارەی تێكۆشەرێك

پێشمەرگەی دێرین مامۆستا محەمەد

11:49 - 2024-10-14
کوردستان
134 جار خوێندراوەتەوە
مامۆستا محەمەد کاتی پێشمەرگایەتی

ئالان محەمەد جەزا

 شۆڕشی نوێ بەتەنها گرنگیی بە خەباتی چەكداری و  پارتیزانی نەدەدا، بەڵكو بایەخێكی زۆریشی دەدا بەلایەنی رۆشنبیری و پەروەردەیی، دەتوانم بڵێم ئەو كەش و گەشە پەروەردەییە خزمەتێكی گەورەی بەشۆڕشكرد، بەتایبەت بۆ هەڤاڵانی ناو رێكخستنەكان، فراوانبوونی بازنەی رێكخستنەكان و زیادبوونی ژمارەی پێشمەرگەش، بەرهەمەكەی بوو.
هەقە ئەو راستییە لەبیر نەكەین كە هۆكاری سەرەكیی ئاستی بەرزی رۆشنبیری و بوونی پەروەردەكردنێكی تەندروستی هەڤاڵان و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی و شۆڕشەكە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و سەركردەكانی دیكە و كادران بەگشتی، زۆربەیان خاوەن بڕوانامەی بەرز و رۆشنبیرییەكی قووڵی سیاسی بوون، تەنانەت ئەوانەش كە بڕوانامەی بەرزیان نەبوو رۆشنبیر و كەسانی چالاكی ناو كۆمەڵگەبوون، هەر بۆیە گرنگی زۆر دەدرا بە ئاستی هۆشیاری تاك بەتاكی شۆڕشەكە، شاكارە ناوازەكەی مامۆستا شێركۆ بێكەس بۆ مارشی یەكێتی پڕ بە پێستی بوو كە دەڵێت:
چەك، قەڵەم، دوانەی خەباتی هاوژینم
لە چاویاندا ڕێی ئازادیم ئەبینم.

جاڕدانەوەی شۆڕشی نوێ لە دوای دروستبوونی ئەو برینە قووڵەی بەهۆی نسكۆی شۆڕشی پێشووەوە كەوتبووە جەستەی خەڵكی كوردستانەوە، پێویستییەكی گرنگی سەردەمەكە بوو، بۆیە پۆل پۆل خەڵك بەپیر شۆڕشی نوێوە چوون و ئامادەی گیانبەخشین بوون، بەتایبەت بۆ من كە لەیەك ڕۆژدا دوو برام شەهید ببوون، ئەم هەستكردنەی خەڵك بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر نیشتمان، بیروباوەڕێكی پۆڵاینی لای هەڤاڵانی رێكخستن دروستكردبوو كە دەستگیركردن و جۆرەكانی ئەشكەنجەی وەك: نینۆك هەڵكێشان و قامچی و كارەبا لێدان و راستوچەپ هەڵواسین تا ئێسكەكان دەشكێن، پایەی ئەو بیروباوەڕەی پێ لەق نەدەبوو، خەباتیش تەنها چەكداری نەبوو، بەڵكو شەڕی نەهێشتنی تاریكی و نەخوێندەواریش بوو، بۆیە هاوشانی پێشمەرگەی سەنگەرەكان، پێشمەرگەی قوتابخانەكانیش پێویست بوو بۆ روبەڕووبوونەوەی سیاسەتەی بەعس كە قۆتابخانەی گوندەكانی كشاندەوە، ئیتر ئێمە ژمارەیەك مامۆستا بووین كە بەرامبەر ئەو سیاسەتە وەستاینەوە.
نەبەردییەكانی پێشمەرگە زۆرجار هاوكێشە و زانستە سەربازییەكانی دەخستە ژێر پرسیارەوە، بەوەی چۆن دەكرێت هێزێكی سەربازیی راهێنراوی  یەكخراو و رێكخراو بەژمارە زۆر و پڕچەك بە تۆپ و فڕۆكە و دەبابە و گەلەجاشەوە لە بەرامبەر پۆلێك پێشمەرگە كە خاوەنی چەند سیمینۆفێكی دووەم جەنگی جیهانی بوون، بدۆڕێن و تارومار ببن.
ئەو مامۆستایانەی شۆڕشیش كە ئەركمان پەروەردە و فێركردنی خوێندكارەكان بوو، لەكاتی پێویستدا بەشداریی شەڕەكانیشمان دەكرد، وەك خۆشم باش لەبیرمە یەكەم شەڕ كە بەشداریم تێداكرد لە سنوری جادەی سیروان- هەڵەبجەی شەهیدبوو، لەهەر سنوورێكیش هەڤاڵە پێشمەرگەكانم پێویستیان بە پشتیوانی بوایە، لەبری قەڵەم دەستم دەدایە چەك و سەنگەرەكەم دەكرد بە قوتابخانەی كوردایەتی.

 

پڕۆفایل:

محەمەد عەلی محەمەد ساڵح ناسراو بە مامۆستا محەمەد، لەدایكبووی ساڵی 1965ی گوندی (دوكان)ی قەرەداخە.
‎ساڵی 1982 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەوە و ساڵی 1984 بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 55ی قەرەداخ، وەك مامۆستای شۆڕش لە گوندی دوكان وانەی وتۆتەوە.
ئێستا خانەنشینی پێشمەرگەیە و ئەندامی لیژنەی باڵای كۆمەڵەی مامۆستایانی شۆڕشی نوێیە.



#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان