حەیدەر مەنتك
بابەتی ئەمجارەمان ئاشنابوونە بە خەبات و ژیانی شەهیدێكی دەڤەری باڵەكایەتی و وەرتێی هەمیشە سەوزی كوردایەتی، ئەو شەهیدە تەمەنێكی زۆری لە خەباتی رێكخستنەكاندا بەخشی و دواتریش لە دوای راپەڕین وەك پێشمەرگە و فەرماندەیەكی شارەزا و بەئەزموون، رۆڵی گرنگی بینی، ئەویش(عەبدولڕەحمان هادی وەرتی)یە.
شەهید عەبدولڕەحمان كەسایەتییەكی تایبەت و خۆشەویستی ناو جەماوەر و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، لە خانەوادە و بنەماڵەیەكی كوردپەروەرو دڵسۆزی رێبازی (مام) پەروەردە ببوو، بێگومان نووسین و باسكردن لەسەر كەڵەپیاوێكی وەك مام رەحمان وەرتی ناتوانین گوزارشت لەخەبات و ماندووبونی بكەین، هەرئەوەندە دەڵێین روحت شاد و ئارامگەت هەمیشە ئاسودەبێت، هاوسەنگەرانت ئێستاش لە خەبات و تێكۆشان بەردەوامن و بەڵێن دەدەن رێبازە پیرۆزەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شەهیدان چۆڵ نەكەن.
ژیاننامەكەی
شەهید عەبدولڕەحمان هادی عەبدوڵڵا عەلی ناسراو بە مام رەحمان وەرتی، لە دایكبووی ساڵی 1949ی وەرتێ، دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1979 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ئەندامێكی چالاك و دڵسۆزی خەباتی نهێنی بووە.
چالاكانە بەشداریی راپەڕینی ساڵی 1991ی كردووە و بووە بە پێشمەرگە، دواتر لە بەتالیۆنی 34ی هەڵەمۆرد درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە و بەشداریی چەندین چالاكی پێشمەرگانەی كردووە و جارێكیش بریندار بووە لە قەسرێ.
دوا پلەی فەرماندەی تیپ بووە لە لەشكری كارۆخ. رۆژی 13/10/1997 لە (كۆڵی تاری) شەهیدكرا.