حەوت راهێنانی رۆژانە بۆ بوون بە نووسەر

07:18 - 2022-03-02
کەلتور
639 جار خوێندراوەتەوە

لە عەرەبییەوە: نەرمین عوسمان محەمەد

1-2
لەم بابەتەدا حەوت راهێنانمان ئامادەكردووە بۆ ئەو كەسانەی كە هەنگاو دەنێن بەرەو جیهانی نووسینی داهێنەرانە بۆیە تۆی خوێنەر (ئەگەر نووسەرێكی لاو یاخود ئارەزوومەند بیت ئەوا دڵنیات دەكەم كە ئەم بابەتە و راهێنانەكانی كە تێیدا هاتوون دەبێتە هۆكاری گۆڕانكارییەكی دیار لە ژیانتدا، تەنانەت هەمان كەسی پێشوو نابیت لەدوای جێبەجێكردنیان. ئەم حەوت راهێنانە رێك لە راهێنانە وەرزشییەكان دەچێت، لە سەرەتادا هەست بە رێژەی قورسی و بارگرانیان دەكەیت پاشان و لە دواتردا هەر هەمان ئەم راهێنانانە دەبنە بەشێك لە رۆتینی ژیانی رۆژانەت كە پێویست بە هیچ خۆماندووكردنێك ناكات.
ئەم راهێنانانەمان لە كتێبی (لێهاتووییەكانی نووسەر)ی (دۆرۆسی بڕاندی Dorothy Brandy))یەوە وەرگرتووە.
ئەو كتێبە كە نووسەرەكەی هەر لە سەرەتاوە بەڵێنت پێدەدات كە وا جیاواز بێت لە هەموو كتێبەكانی دی سەبارەت بە هونەری نووسین و ژیاننامەی نووسەرە گەورەكانی جیهان كە زۆر بە هۆگرییەوە بەرەو روویان دەچین بەهیوای گەیشتن بە نهێنی نووسین و داهێنان.
هاوكات وەرگێڕە عەرەبەكەی لە ئاماژەیەكدا بۆ كتێبەكە دەڵێت:
كەمن ئەو كتێبانەی خۆیان دابێت لە بابەتی نووسین یاخود لێی نزیك بووبێتنەوە لە هەمان ئەو گۆشە نیگایەی كە نووسەر (دۆرۆسی بڕاندی Dorothy Brandy)) لێوەی روانیووە.
هەر لەم روانگەیەشەوەیە كەوا ئەم كتێبە ناوازە و دەگمەنە توانیویەتی قووڵایی و سەنگی خۆی بپارێزێت دوای چەند دەیەیەك و ئەم هەموو ساڵە. ئەم كتێبە باس لە گرنگترین بەشی ژیانی نووسەر دەكات ئەو بەشەی كە نووسەر دەكات بە نووسەر و بەرهەمی دەهێنێت.
هەموو ئەو وردەكارییە بچووك و نادیارانەی كە لە زۆربەی كاتدا لە هیچ كام لە یاداشتی نووسەراندا یاخود لە ژیاننامەكانیاندا دەستمان ناكەوێت، هاوكات لە هیچ یەكێك لەو كتێبانەی كە لە بونیادی چیرۆك و جۆری كەسایەتییەكان دەكۆڵێتەوە دەستمان ناكەوێت. لەوانەیە یەكێك لە تایبەتمەندییە هەرە گەورە و دیارەكانی ئەم كتێبە ئەوەبێت كە چەند راهێنانیكی پراكتیكی تێدایە بەشێوەیەكی راستەوخۆ و ئاسان گرنگی و دروستی بابەتەكەت نیشان دەدات.
دڵنیات دەكەم كە ئەم كتێبە یەكێك دەبێت لە بەركەوتە دیارەكانی رێڕەوی نووسینی ئەدەبیت وەكو نووسەرێك و هەموو دید و بۆچوونەكانت دەگۆڕێت لە دوای خوێندنەوەی.
لەدوای دەربڕینی بۆچوونی هەردوو (نووسەر و وەرگێڕی) ئەم كتێبە و گرنگییەكەی كۆی راهێنانە (ئەدەبیەكان) یاخود پێویستەكانی بنیادنانی نووسەرت پێشكەش دەكەین.
پێش دەستپێكردنی ئەم داهێنانە ئامۆژگاریت دەكەین كە وا بیركردنەوەت بەرەو چوارچێوەیەك لە ئارامی و چێژوەرگرتن بەریت هەروەها رێنوێنی خۆت بەشێوەیەكی ئاسان و بە جوانی بكە، رۆژانە ئاو بۆ قاوەكەت گەرم بكە تاوەكو دوانەكەویت بۆ رۆژی داهاتوو، هاوكات دوو كۆمپیتەر ئامادە بكە بۆ چاپكردن یەكێكیان جێگیر بێت و یەكێكیان لەگەڵ خۆتدا هەڵبگرە بۆ هەرشوێنێك دەچیت و چیت پێ خۆشە تێیدا تۆماربكە، بۆ چەند خولەكێك لە خۆت بڕوانە لەدوای تاقیكردنەوەی ئەزموونی راهێنانەكان بۆت دەردەكەوێت كە سەركەوتوو دەبیت و سەركەوتنەكانت درێژە دەخایەنێت هەوڵبدە هەموو رێگرییەكانت فەرامۆش بكەیت و ئەگەری شكست هێنانت لەكاتی راهێنانەكاندا وەلا بنێ. بەڵام بێگومان دەبێت لەیادت نەچێت كە هەنگاوی ئاسان و هەنگاوی قورسیش هەیە.

راهێنانی یەكەم: (چاودێری خۆت بكە)
ئەركی ئەم راهێنانە ئەوەیە بۆت روون بكاتەوە كەوا زۆر ئاسانە چاودێری خۆت بەشێوەیەكی بابەتیانە بكەیت، بۆ نموونە ئەگەر تۆ نزیك دەرگایەك دانیشتوویت هەستە سەر پێ و لە دەرگاكەوە بچۆرە ژوورێ، لەو چركەساتەدا كە لەبەردەم دەرگاكەدا وەستاویت كۆمەڵێك تێڕوانینی بابەتیانە ئاڕاستەی خۆت بكە لەوانە: چۆن بۆ خۆت دەردەكەویت كە لەوێدا وەستاویت؟ چۆن رۆشتیتە ئەوێ؟ وا بیهێنە بەرچاوی خۆت كە هیچ لەسەر خۆت نەزانیت وە هیچ زانیارییەكت لەسەر كەسێتی خۆت بۆ كۆنەكراوەتەوە وە هیچ لەسەر پێشینە و رابردووی خۆت نازانیت و لات دیار نییە ئامانجت چییە لەو چركەساتەدا، ئەگەر لە ژوورەوە خەڵكی لێ بوو پێویستە سڵاویان لێ بكەیت، چۆن سڵاویان لێ دەكەیت؟ چۆن هەڵسوكەوتت دەگۆڕیت بەرامبەریان؟ ئایا سەرسامیت بۆ كەسێكیان دەردەبڕیت یاخود ئەگەر كەسێكیانت ناسی پێی رادەگەیەنیت؟
هیچ ئامانجێكی نادیار یاخود شاراوە لەودیو ئەم راهێنانەوە نییە، بەڵكو ئەم راهێنانە تەنها پێشەكییەكە بۆ چاودێریكردنی خۆت بەشێوەیەكی بابەتیانە و پێویستە لەسەرت وازی لێ بهێنیت لە دوای دەستكەوتنی ئامانجەكەت لەجاری داهاتوودا هەوڵبدە بە هێمنی دابنیشیت و بەبێ ئەوەی هیچ جووڵەیەك بكەیت تەنها بیر لەوە بكەرەوە چۆن قژت شانە دەكەیت هەنگاو بە هەنگاو لە كۆتاییدا بۆت دەردەكەوێت كە ئەم كارە زۆر لەوە قورسترە كە دەهاتە پێش چاوت، بەم شێوەیە بەردەوام بە لە چاودێریكردنی خۆتدا لەهەر ئەركێك كە دەیكەیت. پاشان پێداچوونەوەی رۆژی پێشووت بكە بەشێوەیەكی بازنەیی هەر لە سەرەتای رۆژەكەوە تا كۆتایی. هاوكات بیر لەوە بكەرەوە چۆن رۆژەكەت دێتە بەرچاو كەسێكی نامۆ جگە لە خودی خۆت.
لە داهاتوودا بیر لەوە بكەرەوە چۆن دەردەكەویت ئەگەر توانیت چاودێری خۆت بكەیت بە درێژایی رۆژەكە لە پانتاییەكی كەمێك دوورەوە تاوەكو بزانیت چۆن دەردەكەویت ئەو دەمەی كە دەچیتە ژوورێ یاخود دێیتە دەرێ لە ماڵان، لە جادەكان، و لە دوكانەكان، پاشان لەکاتی گەڕانەوەتدا بۆ ماڵەوە لە كۆتایی رۆژەكەتدا.

راهێنانی دووەم: (هێزی بیركردنەوە)
وێنەی بازنەیەك لەسەر لاپەڕەیەك بكێشە بە بەكارهێنانی پەرداخێك یاخود هەر شتێكی دیكە لەو بابەتە پاشان نیشانەیەكی (+) لەنێو بازنەكەدا بكێشە دواتر ئەنگوستیلەیەك یاخود كلیلێك بەسەر داوێك بە درێژی (10سم) ببەستەوە ئەو سەری داوەكە بە دەست بگرە بە شێوەیەك كە ئەنگوستیلەكە لە شێوەی مزراحێكدا بێتە خوارێ بەسەر نیشانەی (+) ە كەی نیو بازنەكەوە بە بەرزی (2.5سم) بەسەریدا، ئێستا بیر لە بازنەكە بكەرەوە و بە چاو چاودێری چوارچێوەی بازنەكە بكە هاوكات داو و ئەنگوستیلەكە بەشێوەیەكی تەواو فەرامۆش بكە.
پاش چەند خولەكێك ئەنگوستیلەكە دەست بە خولانەوە دەكات لەو رێڕەوەدا كە هەڵیبژاردووە لە سەرەتادا چەند بازنەیەكی بچووك دروست دەكات بەڵام دواتر بەشێوەیەكی جێگیر فراوان دەبێت، دواتر تەنها لەنێو مێشكی خۆتدا بیر لە گۆڕینی رێڕەوی داوەكە بكەرەوە و چاودێری بازنەكە بكە تەنها بە چاو.
ئێستا بیر لە جووڵانەوەی داوەكە بكەرەوە لەسەرەوە و بۆ خوارەوە و بەشێوەیەكی ئاسۆیی. پاشان كە سەركەوتوو بوویت لە شێوە ئاسۆییەكەدا ئەمجارە بەشێوەیەكی ستوونی بیر لە داوەكە بكەرەوە و بەبیری خۆت بیجوڵێنە، لە هەموو دۆخێكدا ئەنگوستیلەكە لەبەردەمتدا بۆ چركەیەك دەوەستێت پاشان دەست بە جووڵانەوە دەكات لەو رێڕەوەدا كە تۆ بیری لێدەكەیتەوە ئەگەر ئەم ئەزموونەت لەوە و پێش تاقینەكردبێتەوە هەست بە شتێكی نامۆ دەكەیت لە ئەنجامەكەدا.
بەڵام زۆر بە سانایی ئەوە ئاسانترین رێگایە بۆ زانینی گرنگی و بایەخی بیركردنەوە لە بواری جوڵەكردندا بەجۆرێك كە چەند ماسولكەیەك بێئاگایانە و زۆر بە بچووكی ئەركەكەیان لەجیاتی تۆ جێبەجێكرد، هەندێك لە زانایانی دەروونناسی فەڕەنسی سەبارەت بەم ئەزموونە دەڵێن: مەرج نییە كە وا هەموو ماسوولكە و دەمارەكان بەكاربهێنیت بۆ گۆڕینی ژیانی رۆژانەت بەڵكو بوونی باوەڕبەخۆبوونێكی پتەو هاوكاریت دەكات. ئەم بۆچوون و یاسایەش خۆی لە خۆیدا نووسەر رزگار دەكات لە چەندین لاپەڕەی هاندان و روونكردنەوە بۆ بونیادنانی بیرۆكەیەك كە دەینووسێت.

راهێنانی سێیەم: (نووسینی بەیانیان)
بەیانیان زۆر زوو لەخەو هەستە پێش وادەی هەستانی ئاسایی بە نیوسەعات یاخود كاتژمێرێك پێش ئەوەی رۆژنامەكانی بەیانیان بخوێنیتەوە یاخود لەگەڵ هەر كەسێكدا بدوێیت، تەنانەت پێش ئەوەی دەست بەری بۆ ئەو كتێبەی كە دوێنێ شەو لەلای خۆتەوە داتنابوو راستەوخۆ دەست بە نووسین بكە، هەر شتێك كە بەبیرتدا دێت بینووسە (وەكو ئەو خەوەی دوێنێ شەو بینیووتە ئەگەر بێتەوە یادت یاخود چالاكییەكانی رۆژی پێشوو یاخود هەر گفتوگۆیەك كە لە مێشكتدا دروستی بكەیت یاخود لە راستیدا روویداوە.
پشكنینێك بۆ ئاگاییت بكە بەوەی هەر جۆرێك لە خەوەكانی بەئاگایی بەیانیان بەشێوەیەكی خێرا بنووسیتەوە بەبێ ئەوەی ئەو نووسینانەت بەبێ بایەخ هەژمار بكەیت، لەوانەیە ئەوەی كە دەینووسیت زۆر باشتر بێت لەوەی كە پێشبینی دەكەیت چونكە تۆ ئامانجی سەرەكیت تۆماركردنی چەند وشەیەكی نەمر نییە، بەڵكو نووسینی چەند وشەیەكە بەگشتی بە مەرجێك كە ئەو وشانە گاڵتەجاڕیەكی رەها نەبێت.
ئەو كارەی ئەنجامی دەدەیت بریتییە لە راهێنانی خۆت بۆ نووسین لە دۆخی نێوان نووستن و لەخەوهەستاندا و سەركەوتنی راهێنانەكە پابەند نییە بەوەی كە وشەكان رێكخراو بن.
ئەگەر هاتوو بیرۆكەكە نادیار بوو وە زۆر زیادەڕۆیی تێدا كرابوو یاخود بیرۆكەیەكی تەمومژاوی بوو ئەوا ئەو خاڵە لەیاد بكە كە تۆ خاوەنی هیچ هەستێكی رەخنەئامێز بیت. و لە یادت نەچێت ئەوەی كە نووسیووتە بۆ هیچ كەسێكی نەخوێنیتەوە تەنانەت بۆ خودی خۆشت، بەڵكو خانەی دۆڵابێك كە كلیلدار بێت هەڵبژێرە و رۆژانە ئەو دەقەی تێدا هەڵبگرە كە دەینووسیت.
لە رۆژی دواییدا دەست بە راهێنانی نووسین بكە بەبێ ئەوەی پێداچوونەوە و خوێندنەوە بۆ ئەو دەقە بكەیت كە دوێنێ نووسیبووت و لەیادت نەچێت كە تۆ لە ئێستادا تەنها پێویستە بنووسیت و دواتر كە لە راهێنانی نووسینی كۆی نووسینەكانت بوویتەوە دەتوانیت بیخوێنیتەوە. ئامانجی ئەم ئامۆژگارییەت دواتر بۆ دەردەكەوێت ئەوەی لە ئێستادا لەتۆ داوا دەكرێت ئەوەیە كە راهێنانی نووسینەكەت بكەیت و پاش رۆژێك یا دوو رۆژی دی بۆت دەردەكەوێت كە وا ژمارەیەكی دیاریكراو وشە هەیە كە دەتوانیت زۆر بە ئاسانی هەر لە خۆتەوە بیاننووسیتەوە.
كاتێك كە دەگەیتە ئەو ئاستە هەوڵبدە قەبارەی وشەكانت بە هەندێك رستە و پاشان بە هەندێك بڕگە زیاد بكەیت پاشان دوای ئەوە بە ماوەیەك هەوڵبدە ئەوەی كە دەینووسیت بیكەیت بە دوو هێندە و پاش ئەوە بەماوەیەكی كورت بۆت دەردەكەوێت كەوا نووسین پڕۆسەیەكی ماندووكەرە و بێزاركەر نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان