پ.د. دیاری ئیبراهیم لە دیدارێکدا بۆ کوردستانی نوێ :

بەشە زانستییەکان والێبکەین لەگەڵ بازاڕی کاردا بگونجێن

11:13 - 2024-10-21
دیدار
42 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان


پ. د. دیاری ئیبراهیم، مامۆستای کۆلێجی زانست-بەشی کیمیا لە زانکۆی سلێمانی، لە دیدارێکیدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ باسی لەو گۆڕانکارییانە کرد کە لە پرۆگرامەکانی خوێندندا کراون، بۆئەوەی لەگەڵ دنیای کاردا بگونجێت، کاتێک خوێندکار ئەو بەشە تەواو دەکات و وتی: بەشی کیمیا تا ئێستا یەکێکە لەو بەشانەی خواستی لەسەر هەیە، وەک دەزانن زۆرێک لە بەشە زانستییەکان خواستیان لەسەر نەماوە، لەبەرئەوەی دەبێت لە بازاڕی کاردا لە دواڕۆژدا دوای دەرچوون ئەو زانستەی خوێندکار فێری دەبێت، بتوانێت بژێوی ژیانی پێ دابین بکات و لە بوارێکدا کاری پێبکات.

 

لە ئاستی باڵای ئەکادیمیدا، ئەو بابەتانە گرنگییان پێ دەدرێت کە بەڕاستی کێشەکانی ئەم کۆمەڵگەیە چارەسەر دەکەن، ئەوانە دەکەن بە هەوێنی توێژینەوەکانی تێزەکانی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا

 


*چی کراوە بۆ پەرەپێدانی ئەو بەشە تا لەگەڵ بازاڕی کاردا بگونجێت؟  

لە بەشی کیمیا کاری زۆر کراوە و بەشێوەیەکی گشتی دیدوبۆچوونی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تەنانەت زانکۆکانیش بەجۆرێکە پەرە بە پرۆگرامەکانی خوێندن دەدەن، ساڵانی رابردوو و لە ئێستاشدا خۆشبەختانە یەکێک بووم لەوانەی لەگەڵ ئەو لیژنە زانستییانەی بەشی کیمیایان بەڕێوەبردووە جگە لە لیژنەکانی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن وا بیرمانکردۆتەوە، کار لەسەر ئەوە بکەین پرۆگرامەکانی بەشێوازێک بن لە دواڕۆژدا لەگەڵ بازاڕی کاردا بگونجێت و کاتێک خوێندکار دەردەچێت بە تەواوەتی کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەو کارەی دەیکات.
*ئەو گۆڕانکارییانە تەنیا لە خوێندنی بەکالۆریۆسدا گرنگی پێدراوە؟
تەنیا لە ئاستی بەکالۆریۆسدا نەوەستاوین، بەڵکو ئێستا لە ئاستی دبلۆمی باڵای ئەکادیمی و ماستەر و دکتۆراشدا بە هەمانشێوەیە، ئەو بابەتەی هەڵدەبژێردڕێت و گرنگی پێ دەدرێت ئەو بابەتانەن بەڕاست و دروستی کێشەکانی ئەم کۆمەڵگەیە چارەسەر بکەن و ئەو بابەتانە دەکەن بە هەوێنی توێژینەوەکان و تێزەکانی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا. 
دواجار ئەمانە هەمووی وایکردووە وردە وردە لەم بەشەدا دەستپێکێکی باشمان هەبێت، بەو هیوایەی لە دواڕۆژدا خواست لەسەر ئەم بەشە زیاتر دەبێت وەک بەشەکانی تری وەک کۆمپیوتەر و ئای تی کە بەشێکی گەورەی بازاڕیان داگیر کردووە، دەتوانم بڵێم ئێمەش وەک ئەوان لە بازاڕی کاردا دەمێنینەوە.

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان