حەوت راهێنانی رۆژانە بۆ بوون بە نووسەر

07:21 - 2022-03-03
کەلتور
569 جار خوێندراوەتەوە

لە عەرەبییەوە: نەرمین عوسمان محەمەد

2-2 و کۆتایی

راهێنانی چوارەم: (نووسین وەكو نەریتێكی رۆژانە)
ئەم راهێنانەم هەموو رۆژێك و هەر جارە و لە كاتێكی جیاوازدا كردووە، لە بەیانیاندا بۆ چركەیەك دابنیشە و رۆژی پێشووتر بێنەرەوە یادت، زۆربەی كات توانای بیركەوتنەوەی رووداوەكانی دەست بەتاڵی ئەو رۆژەت دەبێت.
خشتەیەك دابنێ تاوەكو بتوانیت بزانیت كەی كاتت دەبێت بۆ ئەوەی تەرخانی بكەیت بەتایبەتی بۆ خودی خۆت، تۆ تەنها پێویستت بە (15) پانزە خولەكە بۆیە كاتێك بۆ خۆت دیاری بكە كە زیاتر گونجاو بێت بۆ نووسین و وای دابنێ كە ئەو كاتە تەنها بۆ خۆت تەرخان كراوە و بە تەنها لەگەڵ خۆتدا بمێنەرەوە تەنانەت ئەگەر لە ژووری پاكردنەوە یاخود ژووری خۆشتنی ماڵەكەشتدا بێت و دەست بە نووسین بكە لەكاتی دیاریكراودا بەبێ گوێدانە ئەوەی كە چی روودەدات لە دەوروبەرتدا. گرنگ ئەوەیە سەبارەت بە هەر شتێك بێت بنووسین بۆ نموونە رای خۆت سەبارەت بە بەڕێوەبەرەكەت بنووسە یاخود پوختەی چیرۆكێك یان بەشێك لە گفتوگۆیەك بنووسە یاخود دەتوانیت لەسەر روخسار و پێكهاتەی رووكەشی كەسێك بنووسیت كە لەم دواییانەدا ناسیوتە. هەرچەندێك نووسینەكەت رووكەشیانە و بەربڵاو بێت تۆ هەر بنووسە. گرنگ نییە چی دەنووسیت گرنگ ئەوەیە بنووسیت دەتوانیت بنووسیت ((ئەم راهێنانە زۆر قورسە)) و هۆكارەكانی قورسییەكەی روون بكەیتەوە. لە كۆتاییدا دەبینیت كەوا بەردەوامیت لە نووسیندا تاوەكو كۆتایی كاتە دیاریكراوەكەت. پاش راهاتنت لەسەر بەردەوام بوون لە نووسیندا بەو پرۆسەیەی كە پێشووتر ئاماژەمان پێدا دەتوانیت رۆژەكەت بە شێوەیەكی زۆر سروشتی بەسەر بەریت.

راهێنانی پێنجەم (دوو جار كتێبێك بخوێنەرەوە)
لەسەرەتادا بۆت دەردەكەێت كە باشترین رێگا بۆ خوێندنەوە وەكو نووسەرێك ئەوەیە كە گشت كتێبێك دووجار بخوێنیتەوە، چیرۆك بخوێنەرەوە یاخود رۆمان یاخود وتار بخوێنەرەوە هەموو ئەمانە بەشێوەیەكی خێرا و دوور لە رەخنەگرتن بخوێنەرەوە، لەو قۆناغەدا ئەركی تۆ تەنها چێژ وەرگرتن دەبێت، لەم راهێنانەدا پێت دەڵێین كە لە خوێندنەوەی ئەو بابەتانە بوویتەوە بۆ ماوەیەك لەلای خۆتەوە دایانبنێ و پێنووسێك و تیانووسێكی بچكۆلەی تێبینی بگرە بە دەستەوە و پوختەیەكی سانا بنووسە بۆ ئەو بابەتەی كە خوێندوودەتەوە پاشان بە وەڵامدانەوەی هەریەك لەم پرسیارانە بڕیار لەسەر بابەتەكە بدە:
ئایا بابەتەكەت بە دڵ بوو یان نا؟
ئایا باوەڕت بە بابەتەكە كرد یا خود دووچاری گومانكردن بوویت لێی؟
ئایا تەنها بەشێكی بابەتەكەت بە دڵ بوو و بەشەكانی تری نا؟
دواتر دەتوانیت لەرووی ئاكارەوە بڕیار لە سەر بابەتەكە بدەیت و بۆچوونی خۆت سەبارەت بە ئامانجی راستەقینەی نووسەرەكە دەربڕیت بە پێوەری رادەی تێگەیشتنت لەوەی كە خوێندوودەتەوە.
هەندێك دەستەواژە و پرسیاری رووكەشی قووڵتر و فراوانتر بكە بۆ نموونە ئەگەر بەشێكی بابەتەكەت بەدڵ بوو لە خۆت بپرسە بۆچی بە دڵت بووە؟ بێ هیوا مەبە ئەگەر لە سەرەتادا وەڵامدانەوەت بۆ ئەو پرسیارە نادیار بوو چونكە هەلێكی دووهەمت بۆ دەرەخسێت بۆ خوێندنەوەی كتێبەكە سەرلەنوێ و زانینی وەڵامی ئەو پرسیارە، یاخود ئەگەر هاتوو بەشێكی دیاریكراوت لە كتێبەكە بەدڵ بوو وە بەشەكانی دیت بەلاوە لاواز بوو بەدوای ئەو بڕگەیەی كتێبەكەدا بگەڕێ كە بایەخی خۆی لەدەستداوە لەلای تۆ.
یاخود پرسیاری ئەوە بكە ئایا كەسایەتییەكان بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵانە داڕێژراون یاخود بە شێوەیەكی خراپ و نەگونجاو؟ دواتر بگەڕێ بەدوای ئەو هۆكارەی كەوا ئەو هەستەی پێ بەخشیوویت.
ئەگەر كتێبەكە باش بێت ئەوا لیستی پرسیارەكانت دوور و درێژ و پڕ لە وردەكاری دەبێت بەڕادەیەكی ئێجگار گەورە. و ئەگەر پێوانەكەشی بوو ئەوا پێویستە هەر لە سەرەتاوە خاڵە لاوازەكان دەستنیشان بكەیت و بە جیا بیانهێڵیتەوە، پاشان دوای ئەوەی كە پوختەی كتێبەكەت نووسی و وەڵامی پرسیارە تایبەتەكانی خۆتت دایەوە بگەڕێ بەدوای ئەو پرسیارانەی كە بەشێوەیەكی تەواوەتی وەڵامت نەداونەتەوە یاخود وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەرەوە كەوا تیشكی زیاتر دەخەنە سەر كتێبەكە ئەگەر تاوەكو كۆتایی بەدوایاندا بڕۆیت. ئێستا بۆ جاری دووهەم زۆر لەسەرخۆ و بە قوڵی، تێبینی ئەوە بكە كە ئەمجارە چۆن وەڵامی پرسیارەكانت زۆر بە روونی لەبەردە متدا دەردەكەون هاوكات دەتوانیت ئەمجارە ئەو بڕگانە دیاری بكەیت كە بە كۆمەڵە بنەمایەك نووسراون تۆ ناتوانیت بەسەریاندا زاڵ ببیت.
لە خوێندنەوەی دووهەمدا تۆ زۆر باش دەزانیت كە چیرۆكەكە چۆن كۆتایی پێ دێت، بۆیە پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ نیشانەكانی ئەو كۆتاییە بكەیت كە لە زۆربەی كاتدا و لە خوێندنەوەی دووهەمدا زۆر زوو بۆت دەردەكەوێت وەكو:
ئایا لە كوێدا هەڵسوكەوتی كەسایەتیەكەمان بۆ دەركەوت كە وا گەیاندینییە گرێچنی (plot) ی یەكەم؟
ئایا بەشێوەیەكی ئاسان و بە تواناوە داڕێژرابوو؟
ئایا لە خوێندنەوەی دووهەم جارتدا هیچ زۆربڵێییەك یاخود رەگەزێك بەكارهاتبوو كە هیچ بایەخێكی بۆ كۆی چیرۆكەكە نەبێت؟
چۆن نووسەر توانیبووی كەسایەتیەكان لە دیمەنێكەوە بۆ دیمەنێكی دی بگوازێتەوە؟
ئایا نووسەر چۆن ئاماژە بە كات دەكات؟
ئایا نووسەر چۆن جیاوازی لەنێوان كەسایەتییەكاندا دروست بكات؟
دواجار ئەگەر دەتەوێت بەڕاستی سوود لە كاری ئەدەبی كەسانی دی وەربگریت ئەوا دوو جار بخوێنەرەوە.
هاوكات بە خوێندنەوەی هەر كتێبێك دوو جار بۆت دەردەكەوێت كە وا تۆ دەتوانیت لە پێناو چێژوەرگرتن و لەپێناو رەخنەشدا بخوێنیتەوە.

راهێنانی شەشەم (بەچاوێكی روون و بێگەرد لە جیهان بڕوانە)
بۆ ماوەی (15 خولەك) تێبینی كۆی ئەو شتانە بكە كە بە كۆڵانەكەی خۆتاندا یاخود بە شەقامەكەی ئەوبەرتاندا تێدەپەڕێت تێبینی هەموو شتێك بە گشتگیری بكە بۆ نموونە: ئەو ماشێنەی كە چووە ئەوبەر شەقامەكە چ رەنگێك بوو؟ هەوڵ بدە بزانیت رەنگی ماشێنەكە سەوزە یاخود سوورە؟
بزانە ئەگەر سەوزە ئایا سەوزەكەی زەیتوونی یە یاخود جۆرێكی دی؟
ئەگەر سوورە ئایا سوورەكە تۆخە یاخود كاڵ؟
ئایا شوێنی راوەستانی ماشێنەكە لەكوێدایە؟
بزوێنەری ماشێنەكە لە چ جۆرێكە؟
رەنگی كورسییەكانی ماشێنەكە چ رەنگێكە؟
رەنگی بەرگی ناوەوەی ماشێنەكە چ رەنگێكە؟
چی لەسەر ماشینەكە نووسراوە؟
ئەو كەسانەی لەنێویدان چۆن دانیشتوون؟
چییان پۆشیووە؟
ئایا ئەو كەسانە دەناسیت؟
ئەو كەسانە چۆن دانیشتوون لەنێو ماشێنەكەدا بە ئاسوودەیی یاخود بە بێزاری؟
چەند كەسن؟
پەیوەندی نێوانیان چییە؟
دیمەنەكانی ژیانی رۆژانە دەبنە چەند دیمەنێكی نامۆ و خەیاڵی ئەگەر وەكو خۆیان كە هەن پێیان رازی نەبیت و وەكو كۆمەڵە شتێكی زۆر ئاسایی و بێ بەها تێیان بڕوانیت لەوانە: ژوورەكەت، خێزانەكەت، هاوڕێكانت، خوێندنگاكەت یاخود شوێنی كارەكەت. هەوڵبدە هەموو ئەمانە بە چاوێكی روونەوە تەماشا بكەیت. یاخود ئەگەر وەكو ئەزموونێك هەوڵ بدەیت كۆی ئەو وشانەی كە هاوڕێ نزیكەكەت بە بەردەوامی بەكاریان دەهێنێت تۆ بیاننوسیتەوە، ئەوكاتە زۆر بە ئاسانی هەموو كەسێك هاوڕێ نزیكەكانت لەڕێگای دەستەواژە و وشەكانیەوە دەناسێتەوە.
هەر ئەو ئەزموونەی تۆش بریتیە لەو تەكنیكەی كە دەكرێت لە داهاتوودا بەكاری بهێنیت بۆ داڕشتنەوەی كەسایەتییەكانی نێو نووسینەكانت.

راهێنانی حەوتەم: (هەڵوێستی خۆت بەرامبەر بە جیهان دیاری بكە)
بێجگە لەو مەسەلانەی كە لە نووسینەكانتدا لەسەریان دەنووسیت وەكو نووسەرێك چەند مەسەلەیەكی گەورە هەیە كە مرۆڤ سەرقاڵ دەكەن پێویستە زۆر بە باشی بۆچوونی خۆت سەبارەت بە هەریەكێكیان دیاری بكەیت، لێرەدا چەند پرسیارێكی سەرەكیت ئاڕاستە دەكەین كە رێگا خۆشكەرە بەرامبەر كۆمەڵە پرسیارێكی دیكە لەنێو بیری تۆدا وەكو نووسەرێك هاوكات ئەم ئەم راپرسییە بچووكە زۆر گشتگیر نییە و ئامانجی ئەوەیە لەدوای وەڵامدانەوەكانت بگەیت بە بیرۆكەیەكی بەهێز سەبارەت بە فەلسەفەی كارەكەت:
ئایا باوەڕداریت؟ لەژێر چ ناونیشانێكدا؟
ئایا بە دیدی تۆ مرۆڤ بەڕێوەدەبرێت یاخود خۆی خودی خۆی بەڕێوەدەبات؟
ئایا منداڵت خۆش دەوێت؟ ئەی ژنان؟ ئەی پیاوان؟
ئایا خۆشەویستی رۆمانسیانە لەلای تۆ بوونی هەیە یاخود درۆ و فڕوفێڵە؟
بۆچوونت چییە سەبارەت بەم دەستەواژەیە: شتەكان هەروەكو خۆیان دەمێننەوە تەنانەت لەدوای سەد ساڵی دیكەش، ئایا ئەم دەستەواژەیە بەلای تۆوە دەستەواژەیەكی قوڵە یاخود دەستەواژەیەكی رووكەشییە؟ ئایا دەستەواژەیەكی راستە یاخود هەڵەیە؟
گەورەترین لووتكەی خۆشبەختی لای تۆ چییە؟ ئەی گەورەترین كارەسات لای تۆ چییە؟
لێرەدا ئەگەر هەستت كرد كەوا ناتوانیت وەڵامی یەكلاكەرەوە بۆ ئەم پرسیارە گەورانە بدەیتەوە ئەوا بزانە كە تۆ وەك نووسەرێك هێشتا ئامادە نیت بۆ نووسینی ئەدەبێك لەسەر مەسەلە گەورەكان بدوێی بەڵكو دەبێت هەوڵبدەیت چەند بابەتێكی سنووردار بدۆزیتەوە كە وا دید و بۆچوونی تەواوت هەبێت لەسەریان تاوەكو بتوانیت لەسەریان بنووسیت چونكە باشترین كارە ئەدەبیەكان ئەوانەن كە لە دید و بۆچوونە بەهێزەكانەوە هەڵدەقوڵێن.
لەدوای پیادەكردنی ئەم خاڵانەوە و پەرەدانت بە خۆت ئەوا بۆت دەردەكەوێت كە نووسینەكانی بەیانیانت زۆر باشتر دەبێت چونكە تۆ تەنها بابەتی نوێ ئامادە ناكەیت هەموو رۆژێك بەڵكو یادەوەرییەكانی نێو یادگەت دەبزوێنیت چونكە هەموو زانیارییەكی نوێ زنجیرەیەك لە بابەتی هەڵپەسێنراو لە یادگەتدا دەجولۆێنێت كە بەرەو قوڵایی ناخی خۆت رێدەكەن و هەستەكانت ئازاد دەكەن و ئازادی دەبەخشن بە ئەزموونەكانت و رێگات پێدەدەن بەكاریان بهێنیت لە نووسیندا بە شێوەی جیاواز جیاواز ئیتر ئەو شێوەیە خۆشی بێت یاخود ناخۆشی بێت، یاخود دەربڕینی رۆژانێكی لەیادكراو بێت لەناو یادگە و یادەوەریتدا یاخود دەربڕین بێت لە چەند رووداوێكی لەیادكراو.

سەرچاوەكان:
1.
سایتی www.Sasapost.com
2.سایتی www.aldjainwej.wordpress.com
3.كتێبی ئەلیكترۆنی pdf لیاقات الكاتب: دوروپی براندی ، ترجمە عبدالرحمن ابوعابد، دار كلمات، 2015.

بابەتە پەیوەندیدارەکان