هێمن ئەحمەد
وەزارەتی كارەبای عیراق بەپێی رێژەی دانیشتوان مێگاواتی كارەبا دەداتە شاری كەركوك، سەرچاوەیەكیش لە كارەبای كەركوك رایدەگەیەنێت: كەركوك رۆژانە پێویستیی بە هەزارو 400 مێگاوات كارەبا هەیە.
لەوبارەیەوە دانیاڵ هەمەوەندی جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: رێژەی پێدانی مێگاواتی كارەبا لە وەزارەتەوە دابین دەكرێت بۆ ئەو مەبەستەش كەركوك رۆژانە پێویستیی بە 1400 مێگاوات كارەبا هەیە، بەڵام وەزارەتی كارەبا نزیكەی 900 تا 1000 مێگاوات كارەبا دەداتە شاری كەركوك، ئەمەش بەشی خواستی شارەكە ناكات و دیاریكردنی كاتژمێرەكانی كارەبا هەر لە وەزارەتەوە دیاری دەكرێت، بەڵام فەرمانگەی كارەبای كەركوك بە یەكسانی دابەشی دەكات بە سەر گەڕەكەكاندا.
وتیشی: لەم وەرزەدا توانیومانە رۆژانەی 16 بۆ 18 سەعات كارەبا بدەینە هاووڵاتیان، پلانەكانی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەباش بەردەوامە بۆئەوەی زۆرترین رێژەی كارەبا بدەینە هاووڵاتیان، بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لێدەكەین هاوكارمان بن و زیادەڕۆیی نەكەنەسەر كارەبای گشتیی و بەپێی خواست بەكاری بهێنن.