لاپەڕەی سەروەران
شەهید فازیل عەبدوڵڵا فەرەج ناسراو بەفازیل شیرەمەڕی، لە دایكبووی ساڵی 1965ی گوندی شیرەمەڕی شارەزوورە، ساڵی 1979 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوەو هەمان ساڵ بۆتە پێشمەرگە لە هەرێمی یەكی هەورامان.
پێشمەرگەیەكی ئازا و چاپووك بووە و بەشداریی زۆربەی شەڕەكانی ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە و سەرجادەی خورماڵ و شەڕی تەپەتۆڵەكە و شەڕەكانی هێزی پشتیوانی و مەڵبەندی سێ و سەری جوانەگاو گەروی مەنجەڵ و بناری قەندیل و گرتنی هەڵەبجەو ناحیەكانی؛ سەنگاو، قەرەداخ و داستانی رزگاری و گرتنی رەبایەكانی سنووری پیرەمەگرون و گوندی تاسڵوجەی شارەزوو و سریەی گردەنازێی كردووە، رۆڵی قارەمانانەی هەبووە لەشكاندنی بۆسەی ناحەزان و دوژمنانی كوردو یەكێتی لەمەیدانەكانی تێكۆشاندا.
ساڵی 1984كراوە بەفەرماندەی مەفرەزە لە كەرتی چواری شەهید عوسمان كوڵكنی لە تیپی 15ی شارەزوور، ساڵی 1987 بەشداریی خولێكی سەربازیی كردووە لە ئێران، هەروەها رۆڵی هەبووە لە رزگاركردنی خێزانی شۆڕشگێڕانی كوردستانی خۆرهەڵات.
دوای ئەنفال کە مەفرەزە پارتیزانەكان پێكهات، شەهید فازیل لەگەڵ چەند پێشمەرگە و فەرماندەیەكی قارەماندا بنكەی پارتیزانەكانی لەچیای سورێن دامەزراند و بوون بە ئەڵقەی پەیوەندی نێوان مەفرەزەی پارتیزانەكان و رۆڵی گەورەیان گێڕا لە بەڕێكردنی پارتیزانەكانی گەرمیان.
لە راپەڕینی ساڵی 1991 وەك فەرماندەی تیپ رۆڵی بەرچاوی هەبووە، پاشان بۆتە فەرماندەی بەتالیۆن و لە ساڵی 1993شدا كراوەتە فەرماندەی فەوجی گومرگی گەرمیان، ساڵی 1994 كراوەتە فەرماندەی فەوجی تایبەت و لە 1995 لەلایەن سەرۆك (مام جەلال)ەوە میدالیای رێزلێنانی پارتیزانی پێبەخشراوە، ساڵی 1996 كراوەتە جێگری فەرماندەی لەشكری شارەزوور.
ساڵی 1997 سەركردایەتی یەكێتی بڕیاریدا بینێرێتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر، بەڵام لە بەر پێویستیی قۆناغەكە، دوای خست بۆ كاتێكی تر، دواتر كرا بە لێپرسراوی میحوەری شارباژێر- پێنجوێن.
بەداخەوە، رۆژی 30/10/1997 لە چیای بەنی هەریری سنووری شەقڵاوە، شەهید كرا.