شەهید عومەرەڕەش

10:33 - 2024-10-28
کوردستان
103 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر مەنتك

 
سەردەمێك كە نیشتمان لە سایەی داگیركاریدا دەیناڵاند، لاوان و كەسانی بەتەمەنیش بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، چین لە دوای چین و قۆناغ لە دوای قۆناغ، بە هەستێكی قووڵی نیشتمانپەروەرییەوە رێگەی خەباتیان دەگرتەبەر و خۆیان دەكردە قوربانیی خاك.
كەواتە كاتێك باس دێتە سەر نیشتمان، گەنج و بەتەمەن، خوێندەوار و نەخوێندەوار جیاوازییەكیان نامێنێت و هەموویان دەبنە یەك مشت و یەك لولەی تفەنگ و یەك هێزی بەرەنگاربوونەوە، ئەوێ رۆژێ بەشداریكردن لە خەبات و بەرخودان پەیوەندیی بە ئاستی خوێندن و خوێندەواریی كەسەكانەوە نەبوو.
ئەگەر فلاش باگێك بۆ سەرەتای شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی كوردستان بكەین، دەبینین زۆربەی فەرماندە ئازاكان نەخوێندەواربوون، بەڵام مەشخەڵی شۆڕشێكیان راگرتووە و ئاگریان بەرداوەتە هەناوی دوژمن.
ئەم شەهیدەی كە ئێستا لەحزوور ژیاننامە و خەباتیدا وەستاوین، بەزمانی باو نەخوێندەوار بوو، بەڵام ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنی بۆ بابەتە نیشتمانییەكان، لە ئاستی بەرزدا بوو، ئەویش پێشمەرگەی ئازاو دڵسۆز و گوێڕایەڵ شەهید (عومەرەڕەش)ە كە لە مەیدانی تێكۆشاندا، لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستیگر و بێ سەروشوێن كرا.
ژیاننامەكەی
شەهید عومەر مەولود ئەحمەد ناسراو بە عومەرەڕەش، لە دایكبووی ساڵی 1966ی
گوندی (قۆریتان)ی ناحیەی شەمامكی پارێزگای هەولێرە.
ساڵی 1984 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و ساڵی 1987 بووە پێشمەرگە لە كەرتی تیپ، تیپی 91ی سەفین.
لە ماوەی پێشمەرگایەتییدا بەشداریی چەند چالاكییەكی گەورەی كردووە، لەوانە: داستانی سەری ڕەش كە ماڵەكەی سەدامی سەرۆكی ئەوكاتی عیراق كەوتە دەست پێشمەرگە.
بەداخەوە، رۆژی 16/8/1988 لە سنووری شارۆچكەی شەقڵاوە، كەوتە دەست هێزەكانی ئەوسای عیراق و تائێستاش بێ سەرو شوێنە.


#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان