د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لەمیانەی پێشوازی لە ژمارەیەك وەزیر و پەرلەمانتار و فراكسیۆنە كوردستانییەكان و وەفدێكی حكومەتی هەرێم، بارودۆخی گشتیی وڵات و ناوچەكە و چۆنێتی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمیان تاوتوێ كرد.
تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆكردن بوو لەسەر پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عیراق و گرنگییەكەی لە هەموو بوارەكاندا و تێبینییەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان تایبەت بەو پرۆسە گرنگە، لەو چوارچێوەیەدا وەفدی هەرێم راپۆرتێكی تێروتەسەلی لەبارەی سەرژمێریی دانیشتووان و گرنگترین خاڵەكان و تێبینییەكانی پەیوەست بە پرۆسەكە خستەڕوو، هەروەك ئاماژە بە گرنگیی رۆڵی سەرۆك كۆمار كرا وەك پارێزەری دەستوور لە دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ هەر ئاستەنگێك، كە رەنگە لەگەڵ پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوواندا بێتەئاراوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، ماددەی 140ی دەستوور و گرنگی جێبەجێكردنی لەڕووی یاسایی و دەستووری و بەشداریكردنی لە بەهێزكردنی سەقامگیریی ئاسایش و سیاسی، هەوڵی هاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا، تەئكیدی لەسەر كرایەوە.
نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك خوێندنگە لە دیوانیە
بەڕێنمایی و لەژێر چاودێریی سەرۆك كۆماردا، شەش خوێندنگە لە پارێزگای دیوانیە نۆژەنكرانەوە.
دوێنێ، حەسەن سەلمان بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كاروباری پارێزگاكان و هەرێمەكان لە سەرۆكایەتیی كۆمار، لەگەڵ لێپرسراوانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای دیوانیە، بەدواداچوونی بۆ وردەكاریی قۆناغەكانی تەواوكردنی شەش خوێندنگە (ئیبن سینای سەرەتایی، شنافیەی كچان، ئامادەیی غەززەی كچان، عوقبە بن نافیعی كچان، ئیبن خەلدونی سەرەتایی، ئیبن زەیدونی سەرەتایی) كرد كە لە نۆژەنكردنەوەدان و لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە بودجەكەی تەرخانكراوە و بەگشتیش زیاتر لە سێ هەزار خوێندكار لەو خوێندنگانەدا دەخوێنن.