سامان قادر . . دنیایەكی پڕهێڵ و یادگاریی

01:40 - 2024-10-31
ئەدەب و هونەر
81 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد فەتاح


 زۆر دەمێكە چاوەڕوانی كاروانچییەك بووین پریاسكەی هەگبەی كۆڵە پشتەكەی پڕبێت لە هێڵ و هێڵكاری و دنیای رەش و سپی و خەیاڵ و ئەندێشەی رەنگین، ئەوا ئەمڕۆ لە گـــــــــەلەریی ئەمنەسوورەكە هونەرمەند (سامان قادر) ئەو بار و بارخانەیەی خۆی لێرە دانا و هەموومانی بردەوە بۆ دنیا جوانەكەی كاری رەش و سپی. تابلۆكان لە قەبارەی 50 × 70 سم دان و زۆربەی بە پێنووسی رۆترینگ رەش لەسەر كارتۆن یان كاغەزی سپی ئەنجامدراون.  سامان قادر، بۆن و بەرامەی كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكانی هێنایەوە لامان، كاتێك هونەرمەندی گــــــــەورە (ئیسماعیل خەیــــات) لەوپەڕی بزاڤە هێڵكارییە رەش و ســــــــپییەكانیدا بوو، كـــــە تابلـــــــۆیەك یــــان پێشـــــانگەیــــەك دەكرایەوە دەبـووە نیمچە خۆپیشـــاندانێك، چونكە گەلـــی كـــــورد خـــاوەن مەسەلە بوو لەژێر فشاری حوكمی فاشی ئەو كاتەدا.
ئــــەمـــڕۆ ســــــامان چـــــی ئایكـــــــۆن هەیە لەلای، دەیخاتە سەر ئەوپانتاییەی کە فكری پرۆلیتاریم تیدا بەدی كرد. فكری چەپ لەلایەك، لەلایەك گەڕەكە كۆنەكەمان بە هەموو نۆستالۆجیا و بیرەوەرییەكانییەوە و سروشتی جوانی كوردستان، ئەمە وەك یەكەكانی بینراو . . لەلایەکی ترەوە لە رووی تەكنیكی تێكسچەری زۆرم بینی لە هێڵ و پنت و پانتایی بچوك بچوك.
  لە رووی تەكنیكیەوە ئێستاش هونەرمەند لە یادی ماوە كە ماوەیەك فەرمانبەر بووە لە کارگەی جلو بەرگی سلێمانی و لەوێ لەناو مەكینەی درومان و تەقەڵەكان، هەڵهێنجانێكی زۆری هەبوو بۆ تەكنیكی نوێ.  لەبیرمە پێشانگەیەكی لە هۆڵی دەبۆكەی سلێمانی كردەوە زۆربەی كارەكان بە كاریگەریی ئەو ماشێنانە بوو كە دواتر بە پەنجەكانی سیحری جوانیی دەدانێ و ملوانكەی جوانی پێ دەهۆنینەوە. تەنانەت سوودی لە كاغەزەكانیش بینیبوو كۆنترۆڵی پێ كردبوون، ئەو بە هێمنییەكەی خۆی دنیایەكی جەنجاڵی دروستكردووە كە هەست دەكەی كەسێكی تر نەخشاندوویەتی، لە رووخسار و رەفتاریدا ئەو قەرەباڵغییە نابینرێت و هەستی پێ ناكرێت، پەی پێ نابرێت. لە هەندێ تابلۆیدا تەنیا ئەلمنتەكان كۆدەكاتەوە بێ ئەوەی بزانن لە كۆی ئەنجامدا چی دەردەچێت، تەنیا كۆیان دەكاتەوە. لە هەندێكی كەمی تردا نەخێر، لە كۆتایی كارەكەیدا هەموویان دەخاتە ناو فۆرمێكەوە یان دەیانكات بە دوو پارچە بۆ دوو مرۆڤی بینراو و پڕ لە ژیان و گرفتاری چەرمەسەرییەکانی رۆژگار. ئەم كارە وردانە گەر گەورە بكرێن  گەلێك زەحمەتە چونكە چاو بۆ چەند جارێكی تر پانتاییەكانی زیاد دەكات، وا دەكات بۆ دەرهێنەر و هونەرمەند ئەركی قورستربێت و لەوانەیە ئەو جوانییەی نەمێنێ.
ئێمە گەلێكین هونەرمەندانی زۆر بە توانامان هەیە، بەڵام نامانەوێت دانی پێدا بنێین، سامانیش بە خۆڕسكیی خۆی توانیویەتی كایەیەك لە جوانی بێنێتەدی.
لە کۆتایدا دەڵێم: سامان گیان، یادەوەرییەكانمان لەناو هەگبەكەتدا بشارەوە، چونكە لێشاوی ماشێن و ئەلكترۆن لەوانەیە هەموویان تێکبشکێنێت. هەر بۆ ئاگاداریشتان ئەم پێشانگایە تا 31/10 بەردەوام دەبێت.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان