عادل عەلی
ئەوا 38 ساڵ تێپەڕی بەسەر شەهیدبوونی (عوسمانی سەعە پیرەژن)، یەكێك لە فەرماندەكانی سنووری تیپی 31ی سلێمانی، ئەگەر بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدەستدانی رۆڵە و فەرماندەیەكی بێت، بۆ ئێمە وەك بنەماڵەكەمان كۆستێكی ئەوەندە گەورە بوو كە تا ئێستاش نەمانتوانیووە ئەو كەلێنە پڕ بكەینەوە، تەنها وەفایەك كە توانیومانە ئەنجامی بدەین، درێژەدان بووە بە رێبازە پیرۆزەكەی.
ژیاننامەكەی
شەهیدی نەمر عوسمان سەعید نەسروڵڵا ناسراو بە عوسمانی سەعە پیرەژن، لەدایكبووی ساڵی 1963ی بنەماڵەكی زەحمەتكێشی شاری پێنجوێنە، ساڵی 1980پەیوەندیی كردووە بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1982 بووە بە پێشمەرگە لە كەرتی یەكی شەهید تایەر لە تیپی 31ی سلێمانی.
هەر زوو لە كوورەی خەباتی پێشمەرگایەتیدا قاڵبۆوە و جەنگاوەرێكی دڵسۆز و چاونەترسی لێ دەرچوو، بەشداریی زۆربەی نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگەی كردووە لە ساڵانی 1982-1986، وەك: شەڕەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان و نەبەردییەكانی ناوشاری سلێمانی و ناڵپارێز و شارباژێڕ و پیری شەوكێڵ و داستانی دابان-هەلاج و داستانی قەیوان- ماوەت و چەندین نەبەردیی دیكە.
ئەو هەڤاڵانەی كە ئێستا لە ژیاندا ماون، شایەتی ئەوەی بۆ دەدەن كە شەهید عوسمان پێشمەرگە و جەنگاوەرێكی دڵسۆزی رێبازەكەی بووە، هەربۆیە تەنانەت لەكاتی شەهیدبوونیشدا هەر بەپێوە بووە و سڵی لە گوللەی دژمن نەكردۆتەوە.
پلەكانـــــــــی پێشمەرگــایەتیی سەركەوتوانە بڕیوە هەتا جێگری فەرماندەی كەرت.
بەداخەوە، رۆژی 31/10/1986 لەگوندی باڵخ، لە داستانی قەیوان- ماوەت شەهیدكرا و پەیوەستبوو بەكاروانی نەمرانەوە.
هەزار سڵاو لە رۆحی پاك و جوانت ئەی ئەستێرە گەشەكەی مێژووی بەرخۆدان و ئازادی.
یادت هەمیشە لەدڵمدا زیندووە و هەوێنی بەردەوامیمانە.
پەلكی داری شادی گشتین
ئێوە هەرگیز نامرن
نامرێ ئاگر هەڤاڵان
ئێوە كڵپەی ئاگرن.