لاپەڕەی سەروەران
شەوی 3\4/11/2001، لە شاخی شنروێی سنووری هەڵەبجەی شەهید، شەڕێكی سەخت لەنێوان پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چەكدارە تیرۆریستەكانی ئەو سەردەمەی بەناو (ئەنسارولئیسلام) دروستبوو و تیادا پۆلێك پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون و ژمارەیەكیش برینداربوون.
شەڕی ئەو شەوە، ئەڵقەی زنجیرە پێکدادانێکی سەخت بوو لەنێوان پێشمەرگە و تیرۆریستەكانی ئەو سەردەمەی ناوخۆ و بیانی، تیرۆریستانی عەرەب و ئەفغان و هی تریش كە بەفیتی رژێمی بەعس و سەرانی تری تیرۆریستان، روویان لە كوردستان كردبوو، ناوبەناو لەپڕ سەریان هەڵدەدا و هەر جارەش بەناوێك و بەشێوازێكەوە دەكەوتنە كاولكاری و تۆقاندن و كوشتوبڕی خەڵكی ناوچەكان.
شەڕەكان لەپێش ئەو مێژووە و دوای ئەوەش هەر بەردەوام بوون، یەكێتی وەك هێزێكی كاریگەر و وەك ئەوەی كە بەرپرس بوو لە ژیان و ئارامیی خەڵك و وەك خاوەن مێژوویەكی گەش لە بەگژداچوونەوەی ستەم و داگیركاری و تیرۆر، هەموو جارێك رووبەڕووی شەپۆلی تیرۆر دەبۆوە و لەو پێناوەشدا شەهید و برینداری زۆری بەخشی، بەڵام سەرەنجام ئیرادەی هەق سەركەوت و تیرۆریستانیش جگە لە مێژوویەكی رەش، ناوێك و شوێنەوارێكیان نەما.
هەر لە دوای راپەڕینەوە زنجیرەیەك گروپ و تاقمی تیرۆریستی لە كوردستان سەریان هەڵدا، سنووری چالاكیشیان بەزۆری لە ژێر دەسەڵاتەكەی یەكێتیدا بوو، بۆیە زۆرجار نەیارانی یەكێتی و هەندێك كەسی بێخەم و خەیاڵ، وایاندەزانی ئەو شەڕە بەتەنیا هی یەكێتییە و دوورە لە ژیان و گوزەران و ناوچەی ئەوانەوە، بۆیە وایان دەناساند ئەوە تەنیا شەڕی لایەنێكە، هەندێكجاریش بێ ویژدانانە چاوەڕێی شكست و تیاچوونی یەكێتی بوون، ئەوانە نەیاندەزانی، یان نەیاندەویست بزانن كە ئەوە بەڵای تیرۆرە، تیرۆریش جیاوازیی لە نێوان رەنگ و جۆر و ناوچەكاندا ناكات، گەورە و بچوك و چەكدار و بێ چەك لای ئەو یەكە و مەحكومن بە كوشتن و ملپەڕاندن.
بەڵام هێزی پێشمەرگەی یەكێتی لەبری ئەوانیش و لە پێناو كوردستان و خەڵكی كوردستاندا بەگشتی، شەڕی تیرۆری كرد و هەرێمی كوردستانی لە مەترسییەكانی تیرۆریستان و لە بڵاوبوونەوەی زیاتری گەرای تیرۆر، پاراست.
زنجیرە شەڕەكانی یەكێتی لەبەرامبەر هێرشی تیرۆریستاندا نرخێكی گەورەی ویست، نرخی بەخشینی گیانی دەیان پێشمەرگە و فەرماندە و كوڕە ئازاكانی، بەڵام بەرهەمێكی گەورەشی هەبوو كە درێژەدان بوو بە ئاسایش و ئارامی كوردستان.
دوای ساڵانێك لەوە، گروپی داعش لە سوریاوە پەڕییەوە عیراق و لەوێشەوە بۆ كوردستانەكەمان، ئیدی ئەوسا یار و نەیار زیاتر بەئاگاهاتنەوە و كەوتنە خۆ كە ئەوە هەڕەشەیەكە لەسەر هەمووان و تیغی دەستی تیرۆر جیاوازیی لە نێوان كەسدا ناكات، هەر ئەو كاتەش یەكێتی زیاتر لەهەر لایەنێكی دیكە و گورجتر بەرەنگاریی تیرۆریستانی داعش بۆوە و دیسان بە خوێنی رۆڵەكانی، كوردستانی پاراست بە كەركوك و ناوچەكانی تریشەوە.
بۆیە بەشانازیی و ئەمەكێكی زۆرەوە، یادی شەهیدانی داستانی شاخی شنروێ دەكەینەوە و یاد و یادەوەرییان بەرز رادەگرین، چونكە ئەوان لە زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر بەخوێنی خۆیان كوردستانیان پاراست و ئەزموونێكی گرنگیشیان بەوانەی دوای خۆیان بەخشی بۆ بەگژداچوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر.
شەهیدەكان
شەهید تالیب تەها ئیسماعیل، لە دایكبووی ساڵی 1969ی گوندی (توركمان باخ)ی بناری خاڵخاڵانە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە. ساڵی 1981 دایك و باوكی شەهیدكراون، ئەویش نەیهێشتووە بێ دایك و باوكیی بەخوشك و براكانییەوە دیاربێت و جێگای ئەوانی بۆگرتبوونەوە.
ساڵی 1991 بووە بە پێشمەرگە و بەشداریی كاریگەرانەی كردووە لە راپەڕیندا.
ساڵی 1996 لە لەشكری9ی كۆیە درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە و تا رۆژی شەهیدبوونی بەردەوام بووە لە خەبات.
شەهید گڵوك رەفیق ئەحمەد، لە دایكبووی ساڵی 1962ی گوندی قەیسەری سەر بەشاری كۆیەیە، دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵــــی 1981 پەیوەنــــدیكردووە بەڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و دواتر بووە بە پێشمەرگە، كراوەتە فەرماندەی مەفرەزە، بەردەوام بووە لە پێشمەرگایەتی تا ساڵی 1988.
ساڵی 1991 بەشداریی راپەڕینی كردووە و تا كاتی شەهیدبوونی بەردەوام بووە لە پێشمەرگایەتی.
شەهید ئەسوەد ساڵح ئۆمەر ناسراو بە ملازم رەشۆ، لە دایكبووی ساڵی 1971ی گوندی موخەرەسی دەشتی كۆیەیە، دەرچووی قۆناغی ناوەندییە.
ساڵی 1991 بەشداریی راپەڕینی كردووە و بۆتە پێشمەرگە لە هێزی 7ی كۆیە، لەبەر ئازایی و لێهاتوویی كراوە بە فەرماندەی كەرت.
ساڵی1999 بەشداریكردووە لە خولێكی ئەفسەران لەكۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان و پلەی ملازمی پێ بەخشراوە، پاشان وەك فەرماندە و ئەفسەر لەفەرماندەیی 9ی كۆیە دەستبەكاربووە و دوا پلەشی جێگری فەرماندەی هێزبوو لە فەرماندەییەكە.
شەهید نازم تەحسین عەلی، لە دایكبووی ساڵی 1977ی گوندی بیرۆكانی پارێزگای هەولێرە، دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1993 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی ی.ن.ك و هەمان ساڵ بووە بە پێشمەرگە، ئازاو چالاك بووە لە بەجێهێنانی ئەركەكانیدا، خولی پێنجی ئەفسەرانی فەرماندەیی لە كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان بەسەركەوتویی تەواوكردووە و بووە بە ئەفسەر، پاشان لەفەرماندەیی9ی كۆیە وەك فەرماندەی فەسیل دەستبەكاربووە.
شەهید نازم غالب محێدین، لە دایكبووی ساڵی 1969ی گوندی بیرەسپانی گەورەی سەر بەشارۆچكەی پردێیە و هەمانساڵ باوكی شەهیدكراوە، بە رەچەڵەك دەچنەوە سەر عەشیرەتی شكاك.
ساڵی 1991 بەشداریی راپەڕینی كردووە و هەمان ساڵ بۆتە پێشمەرگە، دواتر لە فەرماندەیی كەركوك درێژەی بەخەبات داوە، پاشان لەسەر داوای خۆی گوازراوەتەوە بۆ فەرماندەیی 2ی هەولێر.
بەهۆی زوو شەهیدبوونی باوكییەوە، هەر لەتەمەنی لاوێتییدا ئەركی بژێویی خانەوادەكەی كەوتۆتە ئەستۆ.
شەهید فەرەیدون خالید سابیر، لەدایكبووی ساڵی 1983ی گوندی موخەرەسی دەشتی كۆیەیە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە، ساڵی 1998 بۆتە پێشمەرگە لە لەشكری تەقتەقی سەربە فەرماندەیی 9ی كۆیە، پێشمەرگەیەكی ئازاو بوێر بووە و بەردەوام بووە لەخەبات تا لەچیای شنروێ شەهیدكرا.
شەهید فەرهاد حەسەن كەریم، لە دایكبووی ساڵی 1976ی گوندی كارێزەیە، ساڵی 1991 پەیوەندیكردووە بەرێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لە سنووری مەڵبەندی كەركوك و پاشان بۆتە پێشمەرگە لە فەرماندەیی هەولێر و لەژیانی پێشمەرگایەتییدا دووجار برینداركراوە.
ساڵی 1995 لەسەر داوای خۆی گوازراوەتەوە بۆ لەشكری 9ی كۆیە.
شەهید زاهیر حەوێز عارف، لە دایكبووی ساڵی 1971ی گوندی (ساتوقەڵا)ی دەشتی كۆیە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1991 بەشداریی راپەڕینی كردوو و بۆتە پێشمەرگە، دواتر لە لەشكری تەقتەقی سەر بە فەرماندەیی 9ی كۆیە درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە، كەسێكی نموونەیی و بەجەرگ و ئازا و دڵسۆزبووە.
شەهید محەمەد عەبدوڵڵا ناسراو بە حەمە سوور، لە دایكبووی ساڵی 1983ی خانەوادەیەكی كوردپەوەری شاری قەڵادزێیە، دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 2001 بۆتە پێشمەرگە لە فەرماندەیی كۆیە، لەو ماوە كەمەی تەمەنی پێشمەرگایەتییدا كوڕێكی ئازا و چالاك و خۆشەویستی ناو هەڤاڵەكانی بووە.
شەهید كاوە عەزیز حەوێز ناسراو بە كاوەی حاجی عەزیز، لە دایكبووی ساڵی 1973ی گوندی عەلی مەنسوری سنووری چەمچەماڵە.
ساڵی 1991 بۆتە پێشمەرگە و بەشــداریی لە راپەڕیندا كردووە، پێشمەرگەی بەتالیۆنی چەمچەماڵ بووە، لە سكرتاریەتی هەڤاڵ مام جەلال و فەرماندەیی كەركوك و هێزی پشتیوانی و فەرماندەیی 14ی سەگرمە پێشمەرگایەتیی كردووە. پێشمەرگەیەكی ئازاو دڵسۆز بووە.
شەهید ئیبراهیم كانەبی ئەحمەد، لە دایكبووی ساڵی 1976ی گوندی (سارتك)ی شاری كۆیە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1995 بۆتە پێشمەرگە لە فەرماندەیی كۆیە، پێشمەرگەیەكی ئازاو چالاك بووە.
شەهید غازی رەمەزان محەمەد، لە دایكبووی ساڵی1971ی شاری كۆیە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1991 بەشداریی راپەڕینی كردووە و بۆتە پێشمەرگە، دواتر لە فەرماندەیی كۆیە درێژەی بە خەبات داوە و كراوەتە فەرماندەی تیپ.
بەداخەوە، شەوی 3\4/11/2001، لە داستانەكەی چیای شنروێ لە دژی تیرۆریستان، لەگەڵ پۆلێك لەهاوسەنگەرانیدا، شەهیدكران.