تەها عەبدوڵڵا
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت: چاوەڕواندەكرێت رێژەی هاتنی گەشتیاران لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا بۆ هەرێمی كوردستان بەرزبێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەست بە ئامادەكارییەكان كراوە، ئاماژە بەوەش دەكات كە لەم چەند ساڵەی دواییدا جگە لە وەرزی هاوین، لە وەرزەكانی تریشدا گەشتیاران روو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ، ئیبراهیم عەبدولمەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند: لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران روو لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، بەتایبەتی لەگەڵ بارینی بەفر و ئەنجامدانی چالاكی جۆراوجۆر لەو وەرزەدا، وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئامادەكارییەكانمان دەستپێكردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و ئاسانكاری بۆ هاتنیان، كە ماوەی چەند ساڵێكە جگە لە وەرزی هاوین و بەهار، لە وەرزەكانی تریشدا گەشتیار روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەتایبەتی هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری عیراق.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، ئاماژە بەوەش دەكات كە بۆ راكێشانی گەشتیاران بۆ شارەكانی كوردستان، لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و پێگەیشتنی بەرهەمەكانی ناوخۆدا، چەندین فێستیڤاڵ و چالاكیی جۆراوجۆر رێكدەخرێن لە نموونەی فێستیڤاڵی هەنار لە پارێزگای هەڵەبجە و چەندین چالاكی و فێستیڤاڵی هاوشێوە لە زاخۆ و ئاكرێ و ناوچەكانی دیكە، ئەوەش هەنگاوێكی ترە بۆ زیادكردنی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان.