د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازی لە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد و هیوای خواست «پەلەبكرێت لە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و هاوسەنگ لە هەرێمدا، بەشێوەیەك لەگەڵ خواستی گەلی كورددا بگونجێت».
لە دیدارێكدا، كە دوێنێ لە بەغدا بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار هەوڵەكان و پەرۆشیی كۆمسیۆن و كارمەندانی بەرزنرخاند، كە یارمەتیدەربوون لە سەرخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا بەشێوەیەكی شەفاف، لەهەمانكاتدا ستایشی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی كرد، كە بووە هۆی راگەیاندنی خێرای ئەنجامەكان، جگەلەوەی هەڵبژاردنەكەش ژمارەیەكی كەم تانەی لەسەر تۆماركرا لەلایەن لیست و كاندیدەكانەوە.
جەختیشیكردەوە لە پێویستیی رەخساندنی ژینگەیەكی گونجاو و دابینكردنی پێداویستییە لۆجستییەكان بۆ كۆمسیۆن بەمەبەستی تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.