كەركوك، چاودێریی حانووتی خوێندنگەكان دەكرێت

10:02 - 2024-11-07
کوردستان
24 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد
دوای ئەوەی لە یەكێك لە حانووتی خوێندنگەكان، لەناو جۆرە كێكێکدا حەب دەبینرێت كە بە خوێندكاران فرۆشراوە، دەستبەجێ بۆ پاراستنی گیانی خوێندكاران و دڵنیابوون لەو خواردن و كێك و پسكیتانەی لە حانووتی خوێندنگەكان دەفرۆشرێن، پەروەردەی كەركوك بە هاوئاهەنگی فەرمانگەی تەندروستی، لیژنەیەكیان بۆ سەردانیكردنی فرۆشگەی نێو خوێندنگەكان پێكهێناوە تا دڵنیاببنەوە لەو خواردن و كێك و پسكیتانەی دەفرۆشرێن.
 لەوبارەیەوە سامان یابە عەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای 
ئاگاداركردنەوەمان لەلایەن پەروەردەی كەركوكەوە لەناو جۆرە پسكیتێك حەبێك دەبینرێت، دەستبەجێ لەگەڵ لیژنەی پەروەردەی كەركوك سەردانی ئەو شوێنەمان كرد و دەستبەسەر ئەو جۆرە پسكیتەدا گیرا و بڕیاردرا ئەو جۆرە كێكە قەدەغە بكرێت لەسەرجەم فرۆشگەی خوێندنگەكاندا.
 وتیشی: بۆ لەمەودوا لیژنەكانی تەندروستی، چاودێریی چڕی فرۆشگەكانی نێو خوێندنگەكان دەكەن و دەبێت رێنمایی لە تەندروستییەوە وەربگرن، بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی ئەو جۆرە كێك و پسكیت و خواردنانە بكرێت كە لە حانووتی خۆێندنگەكان بە خوێندكاران دەفرۆشرێن، ئەم كارەش لەپێناو پاراستنی گیانی خوێندكاراندایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان