لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی، دەقی بەیاننامەیەکی لەڕێگەی کەناڵەکانەوە ئاراستەی حکومەتی هەرێم کرد کە تێیدا هاتووە: وەک فەرمانبەران و مامۆستایان رایدەگەیەنین جگە لە دابەشکردنی مووچە بە شێوەی راستەوخۆ لە بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە، بەهیچ جۆرە بانکێکی تر رازی نابین، هەروەها لە راگەیەنداراوەکەدا دەڵێن: پڕۆژەی (هەژماری من) بەلای ئێمەوە رەتکراوەیە بەهەموو شێوەیەک، ئاماژەشیان بەوە دا کە هێنانی بانکی TBI لە بنەڕەتدا پیلانگێڕییە.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هۆشداریی دەدەن لەوەی کە لە ئەگەری دەستپێنەکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی بە ناهەق راگیراوی فەرمانبەران و مامۆستایاندا، دەبێت حکومەت خۆی بۆ روبەڕوبوونەوەی مامۆستایان ئامادە بکات و فەوتانی هیچ مووچەیەکیش قبووڵ ناکەین و لەئەگەرێکی لەو جۆرەدا کاردانەوەی تووندمان دەبێت. بەتایبەتی کە ئێستا سەرەڕای راگرتنی دامەزراندن، چەندین ئەرکی زیادەی بێبەرامبەر دەخرێتە سەرشانی مامۆستایان.