ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا
رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.
گوندی تیمار بەرەو چۆڵبوون دەچێت
تیمار گوندێکی دڵڕفێنی ناحیەی سورداشە لە قەزای دوكان، بەهۆی كەمیی خزمەتگوزارییەوە 20 ماڵی تێدا نیشتەجێیە و گوندەکە بەرەو چۆڵبوون دەڕوات.
ئاری جاف موختاری گوندی تیماری سورداش وتی: گوندەکەمان لە هەموو خزمەتگوزارییەك بێبەش كراوە، چەندین جار داواكاریمان بەرزكردووەتەوە بۆ قیرتاوكردنی رێگەی گوندەكەمان، بەڵام هەموو جارەكان وەزیری ئاوەدانكردنەوە رەفزی كردووە و داوا دەکەین بۆمان قیرتاو بکەن، هەروەها داوای دروستکردنی ساحەیەکی تارتان دەکەین بۆ گوندەکەمان.
كێشەکانی گوندی دەمركان
گوندی دەمركان سەر بە ناحیەی عەربەتە لە قەزای مەركەزی سلێمانی، گوندەکە 100 ماڵی تێدایە، ئەگەرچی گوندێكی جوانە، بەڵام بێ خزمەتگوزارییە .
جەزا عومەر دەربارەی كێشەكانی گوندەكەیان وتی: شەقامی سەرەكی گوندەكەمان ساڵی 2012 قیرتاوكرا، بەڵام پرۆژەی دروستكردنی شەقامی سەد مەتری قیری شەقامی گوندەكەی ئێمە هەڵتەكاندووە و ئەوە ساڵێک زیاترە بڕیارە بۆمان چاک بکەن، بەڵام هەر بەڵێنە و چاک نەکراوە، هەروەها پێنج خانووی پڕۆژەیەكی پەلەوەریان تێكداو قەرەبوو نەکراوەتەوە.
وتیشی: پرۆژەی ئاوی گوندەکەمان لە ساڵی 2012 وە بە نیوە تەواوکراوی بەجێهێڵراوە و پێویستە تەواو بکرێت، هەروەها پێویستمان بە دابینکردنی موەلیدەیەک و دروستکردنی ساحەیەکی تارتانە.
پابەندکردنی شۆفێرانی بارهەڵگر
یاساكانی هاتوچۆ بۆ ئەوەیە وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن، لە هەرێمی کوردستان کاتی هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لەسەر شەقامەکان دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی پابەند نەبوونی شۆفێران بە کاتی دیاریکراوەوە قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر شەقامەکان دروست دەکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی لەسەر شەقامەکان، پێویستە لەسەر کارمەندانی هاتوچۆ بەپێی یاسا شۆفێرانی بارهەڵگر ناچار بکەن پابەندی یاسابن.
شارۆچكەی ئەڵڵایی پشتگوێ خراوە
شارۆچكەی ئەڵڵایی سەر بە قەزای بازیانە، دانیشتوانەکەی زیاتر لە 2500 كەسن، کێشەی كەمیی خزمەتگوزارییان هەیە.
عوسمان یوسف موختاری شارۆچكەی ئەڵڵایی وتی: ئەو گەڕەكە تازانەی لە شارۆچکەکە دروستكراون کە 150 ماڵ زیاتری تێدایە تائێستا قیرتاو نەكراون، هەوڵی زۆریشمان بۆ داوە و هێشتا قیر نەکراوە.
وتیشی، شارۆچكەكە پێویستی بە دروستکردنی دایەنگەیە، هەروەها بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵی بازیان وەك پێویست هاوكاریی جووتیارانی ناوچەكەمان ناكات.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات موختاری گوندەکانی بەگەجانی، ئەڵڵایی خواروو، تەپەشوانكارە و تووی ئەولیاش، كە زیاتر لە 185 ماڵی تێدایە و وەك پێویست خزمەتگوزارییان بۆ نەكراوە و داواكارین لە لایەنی بەرپرس شارۆچكەی ئەڵڵایی بخاتە بەرنامەی كارەكانیانەوە و خزمەتی ناوچەكەمان بكات .
كۆستەی چەم داواکاری هەیە
كۆستەی چەم 7500 كەسی تێدا نیشتەجێیە و وەک پێویست خزمەتگوزارییان بۆ نەکراوە.
ئەنوەر رەشید موختاری گەڕەكی كۆستەی چەم دەڵێت: شەقامێكمان هەیە بەرەو جێشانە و هەزارمێرد دەڕوات گردۆڵكەیە و لە زستاندا دادەەڕمێت لە ساڵی 2012وە دەرخستەی بۆ كراوە کە دیوارێكی راگری بۆ بكرێـت تائێستا نەكراوە، هەروەها سەدان خانوو دروستكراوە کە فۆرمیان هەیە تائێستا هیچ خزمەتگوزارییەكی بۆنەكراوە بە تایبەتی قیرتاوكردنی كۆڵانەكانی، بنكەیەكی تەندروستی كۆنی ساڵی نەوەدەكانمان هەیە و پێویستیی بە چاککردنە، بەڵام پێناچێت بەڕێوەبەرەکەی هەوڵی چاکسازی لە نەخۆشخانەکەدا دابێت.
وتیشی: هاووڵاتیان ناڕازین لە پاسەكانی هێڵی بەكرەجۆ كاتی خۆی عەواڵ و كۆستەی چەم 13 پاسی خۆی هەبوو لێپرسراوی هێڵی پاسەكانی بەكرەجۆ هەمووی خستەلای خۆی و ئێستا ناهێڵێت پاسەكان بێنە سنووری كۆستەی چەم.
ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕستانی سنووری عەواڵ لە بنەڕەتدا هی کۆستەی چەم بوو، بەڵام ئێستا دەستی بەسەردا گیراوە و ناهێڵرێت هاووڵاتیانی دەرەوەی عەواڵ مردووی تێدا بەخاک بسپێرن کە كارێكی ناڕەوایە و داوا دەكەین لایەنی بەرپرس چارەسەری بکات.
گرفتی چەند گەڕەکێكی کەلار
بامۆك، شاری مامۆستایان و لانەسیتی سێ گەڕەكی شاری کەلارن، ژمارەی دانیشتوانیان زیاتر لە 1500 كەسە، بەڵام وەك پێویست خزمەتگوزارییان بۆ نەكراوە.
مستەفا محەمەد نوێنەری موختارەكانی كەلار بە كوردستانی نوێی راگەیاند: كەلار بە گشتیی كێشە و كەموكوڕیی زۆرە، بەڵام ئەم سێ گەڕەكەی تائێستا كۆڵانەكانی هەمووی خۆڵە لە زستان و هاویندا ئاستەنگی بۆ دانیشتوانەكەی دروستكردووە و پێویستیی بە قیرتاو یان كۆنكرێت كردن هەیە.
وتیشی: ئاو و كارەبای ماڵەكانی ئەم گەڕەکانە پێویستیان بە چاککردنە، موەلیدەکانیان بەردەوام دەشکێن و پێویستیان بە گۆڕینە، هەروەها گەڕەكی لانەسیتی بەهۆی نزمیی زەویەكەیەوە لە زستاندا زۆرجار ئاو دەچێتە ناو ماڵەکان و تووشی زیان دەبن، پێویستە شارەوانی كەلار لە رێگەی دروستکردنی بەربەستێكەوە كێشەی ئەو گەڕەكە چارەسەر بكات.