بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازی لە دکتۆر بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عیراق کرد.
لە میواندارییەكەدا بارودۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنی عیراق تاوتوێكرا و هەوڵەكان بۆ كۆكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان و زاڵكردنی زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بەرز نرخێنرا.
لە درێژەی گفتوگۆكاندا باسی رۆڵی حكومەت لە باشتركردنی ژیانی هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر كرا و بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە گرنگ وەسفكرا.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە درێژەدان بەسیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال كردەوە و وتی، سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانن رۆڵی گرنگ و كاریگەر ببین لە بونیادنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ عیراق. هیوادارین گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بكرێتە بنەمای كاركردن و هەموو هەوڵەكان لەپێناوی داهاتوویەكی گەشتر بێت بۆ هاووڵاتییان.