ئاهەنگی بەخێرهاتن

12:47 - 2024-11-07
ئەدەب و هونەر
113 جار خوێندراوەتەوە

نەریمان عوسمان


تازه‌ قوتابخانه‌ كرابوەوه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا له‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌دا پێكه‌وه‌ باسی چۆنیه‌تی به‌سه‌ربردنی پشووی هاوینه‌مان ده‌كرد، باسی ئه‌و خولانه‌ی كه‌ به‌شداریمان تێدا كردبوو . لە پڕ دیمه‌نێكی ناوازەمان له‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌دا بینی كه‌ سه‌رنجی هه‌مووانی به‌لای خۆیدا راكێشا، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ قوتابیی خنجیلەی تازه‌ وه‌رگیراو كه‌ ده‌مانبینی به‌شه‌رمه‌وه‌ و به‌بێ ده‌نگی له‌ سوچێكی گۆڕه‌پانه‌كه‌دا راوەستابوون و سه‌یری ئه‌و قوتابیانه‌یان دەکرد، كه‌ خه‌ریكی یاریكردن بوون. هه‌ندێكیشیان ده‌ستی دایكیان گرتبوو، به‌بێ ده‌نگیی وه‌ستابوون و سه‌یری گۆڕه‌پانه‌كه‌یان ده‌كرد. 
نمه‌ وتی: ئای چه‌ند جوانن، ئێستا ده‌چم بۆ لایان. 
ساز وتی: له‌بیرمه‌ منیش كه ‌یەکەم رۆژ هاتمه‌ قوتابخانه‌، تا چه‌ند رۆژێك له‌گه‌ڵ دایكمدا ده‌هاتم. 
لاوی وتی: هاوڕێیان پێتان چۆنه‌ هه‌موومان ئاهه‌نگێكی خنجیلانه‌ بۆ ئه‌م هاوڕێ بچكۆلانانه‌مان ساز بكه‌ین؟
هه‌موویان بیرۆكه‌كه‌یان به‌دڵبوو، وتیان: ئاماده‌ین به‌ڵام بۆ ئاماده‌كاریی ئاهه‌نگـــه‌كه‌ پێویســـــته‌ قســـه لـــه‌گه‌ڵ بەڕێوەبەر بكه‌ین، هه‌موومان چووین بۆ لای بەڕێوەبەر و باسی بیرۆكه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌مان بۆ كرد و ئەویش وتی: سوپاســـتان ده‌كه‌ین، ئێمـــه‌ش وه‌ك دەستەی کارگێڕیی قوتابخانه‌ به‌‌نیازین بۆ پێشوازیی له‌م قوتابییه‌ چاوگه‌شانه‌ ئاهه‌نگێكی خنجیلانه‌یان بۆ ساز بكه‌ین، دڵنیام له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی ژیریشدا ئاهه‌نگه‌كه‌ جوانتر ده‌بێت. بۆ رۆژی دواتر هه‌موومان پێكه‌وه‌ باسی چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ئـــاهه‌نگه‌كه‌مان كـــرد و ئه‌ركه‌كـــانمان دابه‌شكرد. بەیانیی رۆژی ئاهەنگەكە لە هۆڵی كۆبوونەوەی قوتابخانەدا بەشێوەیەكی جوان رازێندرابوەوە، كاتێك قوتابییەكان هاتنە ژورەوە بەدیمەنی جوانی ناو هۆڵەكە سەرسام بوون و دڵخۆشیی خۆیان دەردەبڕی. سەرەتا بەڕێوەبەری قوتابخانە پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنی لە هەمووان كرد و پاشان بەخێرهاتنی قوتابییە تازەكانی كرد و لەلایەن مامۆستایانەوە شیرنییان بەسەر قوتابییەكاندا دابەشكرد و پاشان چەند قوتابییەك بە ئامێرە میوزیكییەكانیان چەند پارچە میوزیكییکیان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد و پاشان گروپی شانۆی قوتابخانە شانۆگەریی (ساڵی نوێی خوێندن) یان پێشكەش كرد كەسەرنجی ئامادەبووانی بەلای خۆیدا راكێشا. ئای چەند جوان بوو لەبەشێكی شانۆگەرییەكەدا دوو منداڵ گفتوگۆیان دەكرد، یەكێكیان بە هاوڕێیەكەی دەگوت: ئەو رۆژەی كە هاتمە قوتابخانە زۆر گریام و دەمگوت: من دەچمەوە بۆ ماڵەوە و ئارەزوو ناكەم لێرەبم، بەڵام دوای ئەوەی مامۆستایەك دەستی گرتم و بردمیە ناو پۆلەكەوە و پێی گوتم: تۆ لەمەودوا لەگەڵ ئەم قوتابییە جوانانەدا دەبیتە هاوڕێ و قوتابخانەش دەبێتە ماڵی دووەمت، من ئەو كاتە زۆرم بەلاوە سەیر بوو(ماڵی دووەم) یان چی؟ خۆ من تەنها یەك ماڵم هەیە، بەڵام رۆژگار هات و چوو لەگەڵ قوتابییەكانی پۆلەكەمدا بووینە هاوڕێ و خۆشك  وبرایەكی دڵسۆز، ئەو كاتە زانیم كە قوتابخانە ماڵی دووەممانە. كاتێك گفتوگۆكەمان تەواو بوو ئامادەبووانی هۆڵــــەكە بە چەپڵـــە دەستخۆشـــییان لێكردین. چاوم لێبوو قوتابییە نوێیەكانیش بەخەندەوە سەیرمان دەكەن و چەپڵەمان بۆ لێدەدەن، وەك ئەوەی بڵێن: ئێمەش هاوڕێی ئێوەین(دەستانخۆشبێت).

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان