لەبەر کێشەی مووچە، کڕیاران بە قەرز فەرش و کومبار دەکڕن

زستان به‌ڕێوه‌یه‌ و بازاڕی فه‌رش و كومبار گه‌رمه‌

10:38 - 2024-11-11
ئابووری
76 جار خوێندراوەتەوە
وه‌رزی سه‌رما كه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌، خه‌ڵكیی ناچار ده‌بن فه‌رش و كومبار بكڕن

راپۆرتی: محه‌مه‌د ره‌زا


له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌زری سه‌رما و سۆڵه‌دا ماڵان جێگه‌ راده‌خه‌ن و ماڵ گه‌رم ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بازاڕی فه‌رش و كومبار له‌م وه‌رزه‌دا گه‌رم ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ سلێمانی به‌راورد به‌ ساڵانی پێشتر قەرەباڵغتره‌ و ژماره‌ی دانیشتوانی زیادیكردووه‌، به‌ڵام ئه‌م ساڵ به‌هۆی كێشه‌كانی مووچه‌وه‌ بێبازاڕی زاڵه‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا و بازاڕی فه‌رش و كومباریش به‌ده‌ر نییه‌ له‌و كێشانه‌، هه‌ر بۆیه‌ خاوه‌ن دوكانی فه‌رش و كومباره‌كان سه‌رباری كه‌میی فرۆش، كێشه‌ی قه‌رزیشیان هه‌یه‌ و به‌شێكی زۆر له‌ فه‌رش و كومباره‌كانیان به‌ قه‌رز ده‌ده‌ن به‌ هاووڵاتیان، هاووڵاتیانیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ فه‌رش و كومبار پێویستییه‌كه‌، هه‌ر ده‌بێ بكڕدرێ، كه‌ مووچه‌ش نه‌بوو ناچارن به‌ قه‌رز بیكڕن.
عه‌زیز نه‌جم محه‌مه‌د كڕیارێكی كومباره‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: سه‌عات زیاتره‌ ماڵ  و منداڵ به‌م بازاڕه‌دا ده‌مسووڕێننه‌وه‌، تا كه‌مبارێكیان به‌ دڵ بووه‌ و كڕیومانه‌.

هاووڵاتییه‌ك خۆزگه‌ به‌ جاران ده‌خوازێت
ئه‌و هاووڵاتییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، جاران خێزانێك له‌ ژوورێكدا ده‌ژیا، ئه‌و ژووره‌ ژووری نانخواردن و میوان و دانیشتن و نوستنیش بوو، هه‌موان بۆ چه‌ندین ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك فه‌رش و یه‌ك كومبار داده‌نیشتین، به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر هه‌موو ساڵێكیش كوماره‌كه‌ نه‌گۆڕیت، ده‌بێ لانیكه‌م دوو ساڵ جارێك بیگۆڕیت، ئه‌مه‌ش به‌م بێكاری و بێمووچه‌ییه‌ بارگرانییه‌كی زۆره‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ی هاووڵاتی.
رزگار محه‌مه‌د خورشید شۆفێری دوو ته‌نییه‌ و فه‌رش و كومبار بۆ كڕیاره‌كان ده‌گوازێته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ دۆخی بازاڕ بۆ كوردستانی نوێ دوا و وتی: خه‌ڵك ناچاره‌ كومبار بكڕێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ژاریش بێت، به‌ڵام زۆربه‌یان به‌ قیست فه‌رش و كومبار ده‌كڕن، دووكانداره‌كانیش له‌به‌ر بێبازاڕیی ناچارن به‌ قیست بیفرۆشن.

نرخی گواستنه‌وه‌
شۆفێری بارهه‌ڵگره‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كه‌ ته‌نانه‌ت كرێی گواستنه‌كه‌ش زۆر ده‌كه‌وێته‌ قه‌رزه‌وه‌ و له‌ هه‌فته‌یه‌كدا دوو تا سێ كرێی به‌ قه‌رز ده‌كه‌وێته‌ لای هاووڵاتییان، كه‌ مووچه‌ نه‌بوو خه‌ڵك پاره‌ی پێ نییه‌.
جوانڕۆ سادق مه‌حمود، گه‌نجێكه‌ كومباری كڕیوه‌ و له‌سه‌ر شۆسته‌كه‌ دایناوه‌، سه‌باره‌ت به‌ نرخی گواستنه‌وه‌كه‌ی ده‌ڵێ: چاوه‌ڕێی ته‌كسییه‌ك ده‌كه‌م چه‌مچه‌ی پێوه‌ بێت، تا كومباره‌كه‌م بۆ به‌رێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌كسییه‌ك به‌ پێنج هه‌زار دینار كومباره‌كه‌م بۆ ده‌باته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوو ته‌نییه‌كی بۆ به‌كرێ بگرم، داوای 20 بۆ 25 هه‌زار دینار ده‌كات، جیاوازییه‌كه‌ زۆره‌ و منیش ناتوانم ئه‌و پاره‌یه‌ بده‌م.

زۆربه‌یان به‌ قه‌رز ده‌یبه‌ن
حاجی حسێن عه‌بدوڵڵا خاوه‌نی فرۆشگه‌ی فه‌رشی سوڵتان بۆ كوردستانی نوێ دوا و وتی: ئێستا جووڵه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ بازاڕدا، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ره‌و وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه‌ ده‌چین و خه‌ڵكیی پێویستیان به‌ رایه‌خی گه‌رم و گه‌رمكردنی ماڵه‌كانیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ هۆی بێمووچه‌ییه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ هیچ باش نییه‌، ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه‌ فه‌رش و كومبار ده‌كڕن، زۆربه‌یان به‌ قه‌رز ده‌یبه‌ن.
حاجی حسێن وتیشی: جاران كه‌ دۆخی ئابووری باش بوو، له‌ شه‌و و رۆژێكدا 100 بۆ 150 فه‌رشمان ده‌فرۆشت، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی بێمووچه‌ییه‌وه‌ شه‌و و رۆژی چوار بۆ پێنج فه‌رش ده‌فرۆشین، ئه‌وه‌شی كه‌ ده‌یفرۆشین زۆربه‌ی به‌ قه‌رزه‌، تا ئێستا زیاتر له‌ 50 بۆ 60 ملیۆن دینارمان لای خه‌ڵكه‌، كه‌ به‌ قه‌رز فه‌رش و كومباریان كڕیوه‌.

بابەتە پەیوەندیدارەکان