ئالان محەمەد جەزا
شەهیدی فەرماندە محەمەد ئەحمەد ناسراو بە مام هێرش، لە دایكبووی ساڵی 1954ی گەڕەكی سەرشەقامی سلێمانییە، ساڵی 1976 بووە بە پێشمەرگە لە مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێدا و یەكێك بووە لە پێشمەرگە ئازاو خۆنەویستەكان، لە زۆربەی چالاكییەكانی ئەو سەردەمەدا بەشداریی كردووە و ساڵی 1978 یەكێك بووە لە پێشمەرگەكانی كاروانی هەكاری.
ساڵی 1979 لەبەر لێهاتوویی كراوە بە فەرماندەی مەفرەزەی چالاكییەكانی ناوشار، زۆر ئازایانە لەو ماوەیەدا چەندین پیاوانی سەر بەڕژێمی بەعسی بە سزای گەل و شۆڕش گەیاندووە، هەربۆیە دام و دەزگاكانی رژێم وێنەی مام هێرشیان لابووە بۆ ناسینەوە و دەستگیركردنی.
لەكاتی ئەنجامدانی چەند چالاكییەك لەناوشاردا دەستگیر دەكرێت، زیاتریش بەهــــۆی دەســــتگیركردنی پێشـــتری كەسێكەوە بووە كە ئیعترافی لەسەر مام هێرش كربوو، بەڵام هەر زوو بەهۆی وریایی خۆی لەگەڵ هاوڕێكانی، توانیان لە دەلاقەی ساحیبەی زیندانی(حامیە)ی سلێمانی هەڵبێن و خۆیان رزگار بكەن.
شەهید مـــام هێرش لــــە ژیانی پێشمەرگایەتیدا چــــەندین پلــــە و لێپرسراوێتی پێ سپێردراوە، وەك: فەرماندەی كەرتی مەكتەبی عەسكەری و دوا پلەشی جێگری فەرماندەی تیپی 17ی زمناكۆ بوو.
بۆ رێزلێنان لەئازایەتی و ماندوبوونیشی، هەڤاڵ مام جەلال لە ساڵی 1984دا دەمانچەیەكی خەڵات كردووە.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی و فەرماندەیی چەندین چالاكی گەورەی كردووە، وەك: شەڕەكانی سەركردایەتی، كارەساتی هەكاری، قەیوان-ماوەت، سەرجادەی سلێمانی، گرتنی ناحیەی قەرەداغ، داستانی دوودارە و زۆربەی چالاكییەكانی ناوشاری سلێمانی و سێجاریش بەسەختی بریندار كراوە و لەكەناری مەرگ گەڕاوەتەوە، برایەكیشی بەناوی بێستون كە ناسرابوو بە (مام شۆڕش)، ساڵی 1986 شەهید كراوە.
بەداخەوە، شەوی8\9/11/1987 لە شەڕێكی خوێناویدا لە گوندی چەرمەگا، شەهیدكراو چووە ریزی كاروانی نەمرانەوە.