ئەوانەی تەمەنیان بە رزگاریی نیشتمان بەخشی

12:51 - 2024-11-11
کوردستان
52 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر مەنتك

شەهید محەمەد عەلی وەرتی، خەڵكی دەڤەری وەرتێ و باڵەكایەتییە، ئەو دەڤەرەی سەرتاپای گیانبازی و بەرخودان و قوربانیدانە، دەڤەرێك خاوەنی ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە و فەرماندەی سەرەتای شۆڕشە، خەون و ئاواتیان بەدیهێنانی قۆناغی رزگاری بوو، رەخساندنی ئازادی و ژیانی سەرفرازی بوو لەژێر ئاڵای كوردستانێكی رزگاركراو و ئازاددا.
لە بارەی شەهید محەمەدەوە، پێشمەرگەی دێرین و فەرماندەی ئەوسای كەرتی حەوتی تیپی 78ی كارۆخ، هەڤاڵ حارس ئەحمەد ئاغا وتی: باسكردن لە شەهیدی فەرماندە محەمەد عەلی وەرتی هەروا ئاسان نییە، چونكە جگە لەوەی زۆر قارەمان و چاونەترس و خۆڕاگر بوو، زۆر خەسڵەتی جوانی دیكەش لەو پیاوە مێرخاسەدا كۆببۆوە، پیاوێكی دڵسۆز و كارامە، دڵساف و رووخۆش و خۆنەویست بوو، كەسێكی كۆمەڵایەتی و كراوەبوو.
وتیشی: لە هەردوو سەردەمی شاخ و شار پێشمەرگەیەكی خاوەن هەڵوێست بوو، لە زۆر داستان و نەبەردی و چالاكیدا بەشداریی كردووە، پشوودرێژ و بەئیرادە بوو، وێڕای لایەنی پێشمەرگایەتی، لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە كەسایەتییەكی بەهێزی دەڤەری باڵەكایەتی بوو، رۆڵی هەبوو لە ئاشتەوایی و لێك نزیكبوونەوەی زۆر بنەماڵە كە كێشە كەوتبووە نێوانیانەوە، شەهید محەمەد كەسایەتییەكی خۆشەویست و مەجلیس گەرم بوو، لێبوردە و خاوەن هەڵوێست و ڕای تایبەتی خۆی بوو، بەداخەوە كە لە شەڕی نەگریسی براكوژی و لە شەڕێكی سەپاو بەسەر یەكێتی و میللەتەكەماندا، شەهیدكرا.
ژیاننامەكەی 
شەهید محەمەد عەلی عوسمان عەلی ناسراو بە محەمەد عەلی وەرتی، لە دایكبووی ساڵی 1965ی گوندی وەرتێی پارێزگای هەولێرە، ساڵی 1979 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1982 بووە بەپێشمەرگە لە قوەتی كارۆخ، دواتر لە كەرتی 1ی تیپی 78ی كارۆخ درێژەی بە خەبات داوە. 
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی زۆر نەبەردیی كردووە، لەوانە: شەڕی پشتیوانی خۆرهەڵاتی كوردستان و لە شەڕێكیشدا لە گوندی (ئێندزێ) بریندار كراوە.
فەرماندەی مەفرەزە بووە، ساڵی 1985 تا ساڵی 1988 لێپرسراوی هێزەكانی بەرگریی بووە لە سنووری تیپی 78ی كارۆخ و رۆڵی كارایان هەبووە لە شەڕی دوا بەرگریی ساڵی 1988دا لە سەری جاوەڵ لە سنووری وەرتێ- دۆڵی خانەقا.
لە راپەڕینی 1991دا  بەشداریی كاریگەریی هەبووە و دوای راپەڕین پلەكانی فەرماندەی كەرت و فەرماندەی تیپ و فەرماندەی هێز و جێگری فەرماندەی میحوەری پێ سپێردراوە، بەر لە شەهیدبوونیشی بڕیاردراوە بكرێتە سەرلەشكر.
بەداخەوە، رۆژی 10/11/1997 لە (چیای رۆڵە)ی سنووری رواندز، شەهیدكرا.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان