لە یادی 10 ساڵەی شەهید ئارام باوزێییدا

12:55 - 2024-11-11
کوردستان
66 جار خوێندراوەتەوە
شەهید موقەدەم ئارام باوزێیی

عومەر ئیسماعیل مارف*

شەهید مەحمود عەبدوڵڵا مەحمود ناسراو بە (ئارام باوزێیی)، لەدایكبووی ساڵی 1967ی گوندی (باوزێ)ی ناوچەی پشدەرە، ساڵی1981 پەیوەندیی كردووە بەڕێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، چالاك و دڵسۆز بووە، شانەیەكی بەهێزی رێكخستنی لە ئۆردوگای توەسووران دامەزراندووە.
بۆ پشتیوانیكردن لەیادی خۆپیشاندان و راپەڕینی 24/4/1982ی دانیشتوانی شاری قەڵادزێ‌، دوو رۆژ دواتر لە ئۆردوگای توەسووران سەرپەرشتیی خۆپیشاندانێكی گەورەی جەماوەریی كردووە، سەرئەنجام لەلایەن دامودەزگا سەركوتكەرەكانی رژێمی ئەوكاتەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە، ئەویش كە ئەوكاتە خوێندكاری قۆناغی ناوەندی بووە، خۆی رزگار دەكات و دەبێتە پێشمەرگە لە تیپی63ی جوتیاران، دواتر بەهۆی لێهاتوویی و جوامێری خۆیەوە و لە ساڵی 1984دا كراوە بەجێگری فەرماندەی كەرت، لە هەمانكاتیشدا بازنەی پەیوەندیی نێوان رێكخراوی(هەڵۆ)و كەرتی رێكخستنی قەڵادزێ‌ بووە.
لەژیانی پێشمەرگایەتی دا بەشداریی چەندین شەڕ و داستانی نەبەردانەی كردووە، لەوانە: شەڕەكانی: مەرگە، گەرمكان، سەر چیا، دەربەند، قەیوان-ماوەت و داستانەكانی گردەبێناس و رزگاری و بەو هۆیەشەوە لەنێوان ساڵانی 1985-1986دا، دوو جار بەسەختی بریندار بووە.
بەشداریی راپەڕینی ساڵی1991ی كردووە تا رزگاركردنی شاری كەركوك و دوای ئەوەش
لە چەندین یەكە و پێگەی گرنگ خزمەتی كردووە، وەك: بەتالیۆنی حەوت، بەتالیۆنی دووی جوتیاران، فەوجی گردەبێناس، میحوەری كێلێ‌، فەرماندەیی 12ی پشدەر، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتنی پشدەر، فەوجی دووی لیوای 20، فەوجی چواری لیوای شەشی پیادەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە و لیوای120ی پشدەر، هەروەها چەندین ئەرك و لێپرسراوێتی سیاسی و سەربازیشی هەبووە، وەك: رابەری سیاسیی تیپ، رابەری سیاسیی لەشكر، رابەری سیاسیی هێز، رابەری سیاسیی فەوج، فەرماندەی هێز و ئەفسەری هەواڵگری فەوج، دوا پلەشی مقەدەم بووە.
بەشداریی چەندین خولی جۆراوجۆریشی كردووە، لەوانە: خولی پەیمانگەی كادیران لە قەڵاچوالان، خولی ئەفسەرانی فەرماندەیی لە بەكرەجۆ و خولی سێیەمی ئیستیخبارات و هەمووشیانی بەسەركەوتوویی و بەپلەی مومتاز تەواوكردووە.
ساڵی 2007 بە هەڵبژاردن و بە زۆرینەی دەنگی پێشمەرگە دێرینەكان، بۆ دوو خولی یەك لەدوای یەك، ئەركی لێپرسراوی لیژنەی پشدەری كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستانی پێ‌ سپێردراوە.
لە لایەكی دیكەوە كەسێكی بە سەلیقەی دنیای هونەر و نووسین بووە، ساڵی 1991 تیپی شانۆیی (مەشخەڵ)ی لە گەنجە هونەردۆست و خوێنگەرمەكانی گوندی باوزێ‌ دروستكرد و لە ماوەی چەند ساڵێكی تەمەنی تیپەکەیدا، ئەركی سیناریۆ و دەرهێنانی13بەرهەمی شانۆیی جۆراوجۆری گرتووەتە ئەستۆ و چەند جارێكیش وەك ئەكتەر بەشداریی لە بەرهەمەكانی خۆیدا كردووە.
هەروەها چەندین وتار و راپۆرتی لە گۆڤار و رۆژنامەكانی كوردستانیشدا بڵاوكردۆتەوە، ئەندامی یەکێتی هونەرمەندانی كوردستان بووە.
مخابن، ئێوارەی رۆژی 6/10/2014 لەگەڵ چوار هەڤاڵی تری لەكاتی بەجێهێنانی ئەركی پارێزگاری لە سنوورەكانی كوردستان، بەهۆی بۆمبێكی چێنراوی داعشەوە، لەناوچەی(كوباشی)ی سەربە قەزای خانەقین، شەهیدكرا.
*هاوڕێی شەهید

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان