كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی داوای لە راهێنەرانی توانای جەستەیی یانەكەی كردووە، شێواز و بەرنامەی راهێنانەكانیان بگۆڕن، راهێنەرە ئیتاڵییەكە دەیەوێت وەستانی یارییەكان بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لە رووی توانای جەستەییەوە توانای تیپەكەی بەرز بكاتەوە.
ئەنچیلۆتی لە یەكەم رۆژی راهێنانەكانی یانەكەی لە پشووی یارییە نێودەوڵەتییەكان بە بەشداریی 7 یاریزانی تیپی یەكەمی دەستی بە پلانێكی نوێی توانای جەستەیی كردووە، كارلۆ بە یاریزانەكانی گوتووە ئەگەر ئێمە ئاستی خۆمان بەرز نەكەینەوە، بەرامبەر لیڤەرپوول دەدۆڕێین.
یانەكە بۆی دەركەوتووە یاریزانانی یانەكەیان لە رووی توانای جەستەییەوە تەواو ئامادە نین، بۆ نموونە لە یاریی كلاسیكۆ 10 كیلۆمەتر كەمتر لە یاریزانانی بارسێلۆنا رایانكردووە، لە یاریی بەرامبەر شتوتگارت 8 كیلۆمەتر كەمتر لە یاریزانانی یانە ئەڵمانییەكە رایانكردووە، لە یاریی بەرامبەر لیلی فەڕەنسی یاریزانانی ریال 12 كیلۆمەتر كەمتر رایانكردووە.