لەپێناو بەرژەوەندیی چەند كەسێك، شوناسی گوندی بێركۆت لە هەولێر دەسڕدرێتەوە

01:02 - 2024-11-13
دووتوێ
292 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەوەست نەوزاد


بێركۆت، یەكێكە لە گوندە نزیكەكانی شاری هەولێر دەكەوێتە سەر رێگای هەولێر-پیرمام، چەند ساڵێك لەمەوبەر بەهۆی فراوانبوونی شاری هەولێر، ئەویش وەكو دەیان گوندی تر، تێكەڵ بە سنوری شارەوانی شارەكە بوو، ئەگەرچی گوندەكانی تری نزیك هەولێر وەك گەڕەكێكی نیشتەجێبوون مانەوە‌ و خەڵكەكەی جگە لەوەی سوودمەندبوون لە فرۆشتنی زەوییەكانیان، خۆشیان وەك دانیشتووانی رەسەنی ئەو شوێنە بەسەر بڵندی مانەوە.
ئەوەی تایبەتە بە گوندی بێركۆت، لەبەرئەوەی لە شوێنی مانەوەی بەرپرسانی شارەكە نزیكە،  رێگەی پێنەدرا وەك گەڕەكێك بمێنێتەوە و تێكەڵ بە شار بێت، بەڵكو جگە لە گۆڕستانەكەی گوندی بێركۆت هیچ ئاسەوارێكی نەماوە، لە شوێنەكەی خانوو و ڤێلای گەورە دروستكراوە، ئەمەش دانیشتوانی رەسەنی ئەو گوندە و خەڵكی هەولێری بەگشتی نیگەران كردووە.
یەكێك لە كەسایەتییەكانی گوندی بێركۆت لە بارەی چارەنووسی ئەو گوندە پێیڕاگەیاندین، لەئێستادا زەوییەكانی دراون بە كەرتی تایبەت، جگە لە سوومەندبوونی چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوو هیچیتر نییە. پێشیوایە تێكدانی گوندێكی رەسەنی شارەكە، زیان بە پڕۆسەی كارگێری و بەڕێوەبردن و جوانكردنی شارەكە دەگەیەنێت.   

بێركۆت لە سەربازگەیەك دەچێت !
ئەو كەسایەتییەی گوندی بێركۆت باس لەوەشدەكات سەڕەرای چۆڵكردنی گوندەكە، بەشێك لە كارگە و فەرمانگەی حكومی لەكاركەوتن، شوێنی گوندی بێركۆت وەكو ناوچەیەكی گەمارۆدراوی لێهاتووە، تەنانەت كاتێك خەڵكی رەسەنی گوندەكە سەردانی گۆڕستانی بێركۆت دەكەن، لەلایەن پاسەوانانی ئەو شوێنە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، نموونەش شاعیری گەورەی كورد عەبدوڵڵا پەشێوە، كەخەڵكی بێركۆتە، لەكاتی سەردانیكردنی بۆ گۆڕی كەسوكارەكەی، تووشی ناڕەحەتی و دڵتەنگی زۆر هات و لێپرسینەوەیان لەگەڵ كردبوو، بۆیە وایلێكراوە تەنیا لە رۆژانی پێنجشەممە مۆڵەت بەخەڵكی دەدەن سەردانی گۆڕی كەسوكارەكانیان لە بێركۆت بكەن، بە جۆرێك تەنیا رێگایەکی بەرتەسكیان بۆ چوونە نێو گۆڕستانەكە هێشتۆتەوە وەكو ئەوەی بچیتە سەربازگەیەك!. 

 



رێباز بێركۆتی بۆ  کوردستانی نوێ   :
جگە لە زەوی كشتوكاڵی، ئەو شوێنە حكومییانەی كە پێشتر لە نزیك بێركۆت دروستكرابوون هەموویان لەكاركەوتن، وەكو كارگەی جگەرە کە دراوە بە كەرتی تایبەت

مێژووی بێركۆت
رێباز بێركۆتی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، وەك خەڵكی دێرینی گوندی بێركۆت، زانیاری زیاتر لە بارەی مێژووی گوندەكە ئاشكرا دەكات و بە كوردستانی نوێی راگەیاند:  بێركۆت گوندێكی كۆن ‌و دێرینی نزیكی شاری هەولێر بوو،8 كیلۆمەتر لە سەنتەری شارەكە دوورە، لەرووی كارگێرییەوە پێشتر سەر بە ناحیەی عەنكاوە بووە، بۆ ناولێنانەكەی دوو سەربردە هەیە كە یەكێكیان دەڵێت مەزاری پیاوچاكێكی لێیە كە پێیوتراوە شێخ بێركۆت، بۆ ئەویتریان دەڵێن، لە ناوی بەیروت یا بەیروتی هاتووە، بەڵام نازانم هی كامەیان راستن و هیچ سەرچاوەیەك ئەوەی پشتڕاست نەكردۆتەوە، بەڵام ئەوەی لە باب و باپیرانمان بیستوومانە زیاتر بۆ ناوی شێخ بێركۆت دەگەڕێتەوە.
وتیشی: مێژووی گوندەكە بۆ چەند ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە كۆندا زەوییە كشتوكاڵییەكانی موڵكی بنەماڵەی حەیدەرییەكان و هەندێكی تریش موڵكی مستەفا عوزێری كەسایەتی هەولێر بووە، تاوەكو ساڵانی هەشتاكان لە 42 ماڵ پێكهاتبوو، هەموو ئەو ریشسپیانەی لەو گوندە بوون پیاوی خێرەومەند و برایەتی و تەبایی بوون، چەندین كەسایەتیشی لێ هەڵكەوتووە، لەوانە: شاعیری گەورەی كورد عەبدوڵڵا پەشێو، لە رووی سیاسییشەوە كۆچكردوو عەزیز محەمەد سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعی عیراق، لەرووی هونەریشەوە هونەرمەندی كۆچكردوو قادر زیرەك و هونەرمەندان شێروان بێركۆتی و فەرهاد زیرەك لەگەڵ زۆر كەسایەتی تری زانستی و كۆمەڵایەتیی و ئایینی. بێركۆتی باسی لە بەهەدەردانی زەوی لە پلانی حكومەتی هەرێم كردو وتی: لابردنی خێزانە رەسەنەكانی ئەو گوندەو دەستبەسەرداگرتنی نزیكەی چوارهەزار دۆنمی كشتوكاڵی، زیانێكی گەورەی بە بەرهەمی ناوخۆ گەیاند، كە بەهیچ شێوەیەك قەرەبوو ناكرێتەوە.
جگە لە زەوی كشتوكاڵی، ئەو شوێنە حكومییانەی كە پێشتر لە نزیك بێركۆت دروستكرابوون هەموویان لەكاركەوتن، وەكو كارگەی جگەرە کە دراوە بە كەرتی تایبەت، هەروەها كۆگای كشتوكاڵ لەسەر شەقامی شەقڵاوە، بۆتە باڵەخانەی نیشتەجێبوون و دراوەتە كەرتی تایبەت و بزنسمانێك، ئەمەجگە لەوەی كارگەی كورسی خوێندنگاكان وەستێنراوەو بۆتە بەشێك لەشوێنی حەوانەوەی پاسەوانی لێپرسراوانی حزبی و حكومی، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تووتن و چەندانی تر، هەمووی بۆتە موڵكی بزنسی تاكە كەسەكان كە زیانی گەورەیان لە موڵكی گشتی و پێداویستییەكانی ئیدارەی لە پارێزگای هەولێر داوە.
جێی ئاماژەیە هەرچەندە ئێستا لە شاری هەولێر لەسەر رێگای كۆنی بنەسڵاوە گەڕەكێك بەناوی(بێركۆتی نوێ) دروستكراوە، بەڵام دانیشتووانەكەی خەڵكی رەسەنی گوندی بێركۆتی كۆن نین، بەڵكو ئەو خێزانانەن پێشتر لە شوێنەكانی تر روویان لە گوندی بێركۆت كرد، هەر بۆئەوەی پڕۆژە بازرگانییەكانی لێپرسراونی هەولێر جێبەجێبكرێت و شوێنی حەوانەوەیان فراوانتر بێت، دانیشتووانەكەیان گواستەوە بێركۆتی نوێ، بەڵام لەئێستادا ئەو گەڕەكە یەكێكە لەبێ خزمەتترین گەڕەك لە هەولێر و لە چەندین پێداویستی سەرەتایی بێبەشكراون، بەوتەی دانیشتوانی بێركۆتی نوێ، گەڕەكە تازەكەمان كێشەی بینای قوتابخانەمان هەیە، خوێندنگای سەرەتاییەكەیان لەناو كابینەدایە، ئەمە جگە لەوەی نەخۆشخانە و باخچە و گۆڕەپانی یارییان لەناو گەڕەكەكەدا نییە و چەندین كۆڵان و شەقامیشمان هەیە كە قیرتاونەكراون.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان