ئا: ئیمان فەرهاد
محەمەد قەدری، یەكێكە لە هونەرمەندە دێرینەكانی شاری هەولێر و زیاتر لە 450 گۆرانی و سروودی تۆماركردووە، بەهۆی ئەوەی كاری وەزیفی لە رادیۆی كوردی بەغدا بووە، لە شاری هەولێر دووركەوتۆتەوەو بەشی زۆری ژیانی لەو شارە بەسەر بردووە.
ئەو هونەرمەندە تا ساڵی 2003 بەرێوەبەری هەماهەنگی بووە لە رادیۆی كوردی بەغدا، لەو ماوەیە ئاشنایەتی لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندە كوردەكان دروستكردووە و ئاوازی بۆ زۆرێك لە گۆرانیبێژە دێرینەكان داناوە، بۆ ماوەیەكیش دوای گەڕانەوەی بۆ شاری هەولێر مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەكان بووە دواتر خانەنشين بووە.
هونەرمەند محەمەد قەدری لەوەڵامی چەند پرسیارێكی كوردستانی نوێ تیشك دەخاتەسەر كاری هونەری و بەردەوامی لە گۆرانی و ئاوازدانان، هاوكات گلەیی و گازاندە لە بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەرى هەولێر و لایەنی پەیوەندار لەو شارە دەكات و پێیوایە لە هەولێر هونەرمەندە دێرینەكان پشتگوێخراون، پێشیوایە كاتێك كەس ئاوڕت لێنەداتەوە وەك ئەوە وایە، بمری لەكاتێكدا هێشتا لەژیان بەردەوامی.ئەو زیاتر دەڵێت: من لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایكبووم، وەك ژیانی هونەری خۆم لە ساڵی پەنجاكانی سەدەی رابردوو كاتێك رووم لە بەغدا كرد، دەستم بەكاری هونەری كردووە، لەوكاتانە یەكەم گۆرانیم تۆمار كرد، كە نزیكەی حەفتا ساڵ دەبێت، تاكو پێش ساڵی 2003 بەردەوام بووم، جگە لەوەی سەرجەم ئاوازی گۆرانییەكان هی خۆمن، ئاوازم بۆ بەشێكی زۆر لە هونەرمەندانی كوردی ئەوكات داناوە.
وتیشی: ئەو گۆرانیانەی لە تەلەفیزیۆنی كەركوك تۆمارمكردوون، زۆربەیان لە دەرەوەی ستۆدیۆ وێنەی گیراوە، كە ئێستا پێی دەڵێن كلیپ، چەندین كوڕ و كچی ئەوكاتە بەشداریان تێدا دەكرد، هەروەها گۆرانیم لەگەڵ ژماریەك لە ژنە گۆرانبێژەكان گوتووە، لەوانە (مائیدە نەزهەت و نەسرین شێروان و گوڵبەهار و خالیدە و رووناك و چەندانی تر ).
باسی لەوەشكرد: ئەوەی پەیوەندیی بە خۆمەوە هەیە، ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە هیچ كارێكی هونەری ناكەم، ئەوەش چەند هۆكارێكی خۆی هەیە، لەوانە: تۆماركردنی بەرهەمی هونەری پێویستی بە ئیمكانیەت و ماندووبونێكی زۆر هەیە، ئەمەش بۆمن زەحمەت دەبێت، لەلایەكی تر گلەیيەكی زۆرم لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەرى هەولێر و لایەنی هونەری پەیوەندار لەو شارە هەیە، كە دوای ئەوەی ماوەی بیست ساڵە لە هەولێرم كەس ئاوڕی لە من نەداوەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو : پشتگوێخستنی هونەرمەندێكی وەك من، كە نزیكەی حەفتا ساڵە خزمەتی هونەری كوردی دەكەم، نیشانەی كوشتنی ئەو هونەرمەندەیە لەكاتێكدا خۆی لە ژیانداماوە.