سلێمانی، شەكرە شارە، شەكرە شار

11:43 - 2024-11-14
هەمەرەنگ
193 جار خوێندراوەتەوە

گەلاوێژ


وا ساڵ وەرچەرخایەوە و تەمەنی ئەم شاری سلێمانییەی كە هەر بە پایتەختیی لەدایكبووە، 240 ساڵی تێپەڕاند. دووسەد و چل ساڵە سلێمانی مەڵبەندی شۆڕشە و هەر بە مەڵبەندی شۆڕشیش دەژی و دەمێنێتەوە. كە دەڵێم مەڵبەندی شۆڕشە، مەبەستم تەنیا شۆڕشی چەكداریی نییە، بەڵكو شۆڕشی كوردایەتی و مەردایەتی و رۆشنبیریی و فیكریی و كەلتوریی و لانكەی وەرچەرخانە مێژووییە گەورە و گرنگەكانی كوردستانە.
سلێمانی كە میرانی بابان بۆ پایتەخت دایانمەزراند و هەر ئەوانیش ناویاننا، لەو رۆژەوە بەردەوام لە فراوانبوون دایە، هەر فراوانبوونی ئاسۆیی نا بەڵكو بەستوونییش ئەوەندە بەرزە كە تەوێڵی بڵندی لە قوببەی ئاسمان دەسووێت.
ئەم شەكرە شارە، بەحەق ناسناوی «پایتەخت» كاڵای پڕ باڵایەتی، هەر بۆیە بابانەكان بە پایتەختیی بونیاتیان نا و شێخی نەمریش (شێخ مەحمودی حەفید) كردییە پایتەختی دەوڵەتەكەی و دوای راپەڕینە شكۆدارەكەی خەڵكی كوردستانیش، بووە بە پایتەختی رۆشنبیریی.
راستە دووسەد و چل ساڵێك، بۆ تەمەنی شار ئەوەندە زۆر نییە، بەڵام كە تەماشای مێژووی سلێمانی دەكەین بارتەقای شارە گەورە و ناودارەكان ناودار و دیارە. ژێر خاكەكەی پڕە لە تەرمی نەونەمام و كوڕ و كچ و پیاو و ژنی شەهید و ئاسمانەكەیشی بە هێشووە ئەستێرەی مونەوەرەكانی دەدرەوشێتەوە، هەرچی خۆیشیەتی ئەوا یەكپارچە جۆش و خرۆشی پێشكەوتن و جووڵە و بزاوتی نەوەستان و گەشە و نمای جۆراوجۆری هەموو كایەكانە و هەمیشە و بۆ هەتا هەتایە زیندووە.
لەم بۆنە نیشتیمانییەدا، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لەدایكبوونی سلێمانی، لە شەكرە شارەكە دەكەم و ئومێدەوارم هاوشانی كەركوكی كوردان و هەولێری قەڵا و دهۆكی دەلال و هەڵەبجەی شەهید، ئامەد و شارەكانی باكووری نیشتمان، مەهاباد و شارەكانی خۆرهەڵاتی نیشتمان، قامیشلۆ و شارەكانی خۆرئاڤای نیشتمان، هەموو شار و شارۆچكە و گوند و ئاواییەكانی كوردستان، هەمیشە و بەردەوام لە پێشكەوتن و پەرەسەندندا بن، هەموویان وەك كۆمەڵە دەستە خوشكێكی كوردستانیی هەر سەربەرزبن وەك چۆن هەمیشە سەربەرز بوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان