رەگەزی تاریکی سروشتی مرۆڤ چییە؟

08:02 - 2022-03-07
کەلتور
289 جار خوێندراوەتەوە

ئێما یانگ

لە فارسییەوە: مەحمود شێرزاد
بیست ساڵ لەوە پێش دوو دەروونناسی کەنەدیی بە ناوەکانی «دل پالهوس» و «کوین ڤیلیامز» بابەتێکیان لەبارەی «سێگۆشەی تاریکی کەسێتی» بڵاو کردەوە. کە لەناو لێکۆڵەر و هەروەها لەناو رۆژنامەنووساندا دەنگدانەوەیەکی باشی لێکەوتەوە و قسەوباسێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. بە قسەی ئەوان، کەسێتی خراپ و بەدفەڕ بەرهەمی هاوبەشی سێ تایبەتمەندی نەرێنی لێکدوور و لێکجیاوازن. ئەو سێ تایبەتمەندییە بریتین لە: ناخ ئازاریی، مکیاڤیلیزم و خۆشەیدایی. رۆژانە لەم بوارەدا لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکرێ، بەڵام هەندێ لە دەروونناسەکان پێیان وایە بۆ ناسینی مرۆڤە خراپەکان ئەم «سێگۆشەیە» بەس نیە و دەبێ هەوڵ بدەین شێوازی دیکە بۆ ناسینی نیوەی تاریکی سروشتی مرۆڤ بدۆزینەوە.

سێگۆشەی تاریک بە روونی چییە؟
پاڵهوس و ڤیلیامز لە کەسانێک ورد بوونەوە کە کەسانی ئاسایی بوون، یانی لێکۆڵینەوەیان نە لەسەر ئەو کەسانە کرد کە ئاژاوەگێڕ و شەڕانگێز بوون و لەسەر کوشتن زیندانی کرابن، بەڵکو لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو کەسانە کرد کەسانی ئاسایی بوون، ئەو کەسانەی لەوانەیە هاوکار یان هاوماڵی ئێوە بن. دیارە هەر یەک لەم سێ تایبەتمەندییە تاریکە، بەشێکی زۆرلە هەڵسوکەوتی ئاژاوەگێڕانە و بیروباوەڕە خراپەکان لە خۆ دەگرن، بەڵام دەتوانین هەر کامەیان بەو شێوەیە پێناسە بکەین.
ناخ ئازاری یان سایکۆپاتی: یانی بێ بەزەیی و بێ هەستبوون، ئاژاوەگێڕبوون و هەڵسوکەوتی بێ ئاوەزانە کردن.
مکیاڤیلیزم: ئەو کەسانەی کە دەستێکی باڵایان لەو بوارانەدا هەیە، واتە کەسانی بەدبین، بێ وێژدان و فێڵبازن.
خۆشەیدایی (نەرجسییەت): بەو کەسانە دەگوترێ لە خۆیان لە خەڵکی دیکە پێ لەسەرترە و پێیان وایە کە خەڵکی تر دەبێ رێزیان بگرێ.
لەسەربنەمای بۆچوونی «پاڵهوس» و «ڤیلیامز» هەر یەک لەو سێ حاڵەتە، تایبەتمەندیی تایبەتی خۆیانیان هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەر سێکیان «کۆنتڕۆڵی بێ بەزەییانە»یە، یانی گوێ نەدانە هەست و گوزەرانی ئەوانیتر لەپێناو بەرژەوەندی خۆتدا. لە سەدان لێکۆڵینەوەی دەروونناسیدا لەم «سێگۆشە تاریک»ە کەڵک وەرگیراوە و ئاکامی لێکۆڵینەوەکان تا ئێستاس سەرنجی راگەیاندنەکان رادەکێشن.

پەیوەندی تایبەتمەندییە نەرێنییەکان و جووت دۆزینەوە
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی چاوەڕواننەکراو کە ساڵی 2016 کرا، دەرکەوت ئەو ژن و پیاوانەی زۆر خۆشەیدان، هەم بۆ پەیوەندی کورتخایەن و هەم بۆ پەیوەندی درێژخایەن هەڵبژاردەیەکی سەرنجڕاکێشترن. هەروەها دەرکەوت ئەو ژنانەی زۆر خۆئازاردەرن لای لایەنی بەرامبەر سەرنجڕاکێشترن. بەڵام پێدەچێ ئەم جۆرە سەرنجڕاکێشبوونە بە هۆی هەندێ تایبەتمەندیی دیکەی وەک کێشکردنی سێکسی و سەرگەردانییەوە بێ، (یانی ئەگەر کەسێک سەرگەردان و هەوەسباز بێ ئەو جۆرە کەسانە بە ئاسانی سەرنجی رادەکێشن) دەنا کەسانی خۆئازاردەر ناتوانن بە ئاسانی تای خۆیان بدۆزنەوە.
لە راستیدا جاران ئەو تێگەیشتنە هەبوو کە هەبوونی بڕێ تایبەتمەندی نەرێنی و تاریک هەندێ سوودی بۆ کەسەکان هەیە و تەنانەت دەبێتە هۆی سەرکەوتنی بازرگانی، بەڵام ئێستا ئەو روانگەیە رەدکراوەیە، لەبەر ئەوەی دەرکەوتووە رۆڵی «سێگۆشەی تاریکی کەسێتی» لەبوارە کۆمەڵایەتییەکاندا بە هیچ شێوەیەک ئەرێنی نیە.

قۆڵبڕی و بڕینی لەپڕی پەیوەندی
سێگۆشەی تاریکی کەسێتی بە هۆکاری سەرەکی زۆربەی هەڵسوکەوتە نەرێنییەکان دادەندرێ، بۆ نمونە فێڵبازی و قۆڵبڕی لە کاردا و بەکارهێنانی هاوکارەکان، تاوانکاریی، و تەنانەت بە جێهێشتنی لەنەکاوی کارەکە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ، تێکەڵاوی دوو تایبەتمەندی لە سێگۆشەی تاریک، یەکێکیان «مکیاڤێلیستی خۆشەیدا» و دووەمیان «مکیاڤێلیستی خۆئازاردەر» بوار بۆ زۆر کرداری ترسناک خۆش دەکەن، بۆ نمونە ئاژاوەگێڕی و شەڕ و قوماربازیی، هەروەها ئەو کەسانەی هەڵگری ئەم سێگۆشەیەن زیاتر لەکەسانی دیکە ئامادەن لەپڕ هەموو پەیوەندییەکیان لەگەڵ بەرامبەرەکەیان بپچڕێنن.
قەیرانەکان و روانگە وەک یەکەکان
سەرەتا تیۆری «سێگۆشەی تاریکی کەسایەتی» زۆر خۆشەویست بوو، بەڵام هەندێ کەسیش دژایەتییان کرد. دوو ساڵ لەوە پێش کەسانی وەکو «جاشڤا میلەر» لە زانکۆی جۆرجیای ئەمریکاوە هەندێ رەخنەی لە کەموکوڕییەکانی ئەو تیۆرە گرت، بۆ نمونە گوتی ئەو تایبەتمەندییانەی «کەسێتی تاریک» زۆر سادە کراونەتەوە، لە حاڵێکدا «خۆشەیدایی» بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە، هەوروەها خۆئازاردانیش بابەتێکی ئەوەندە سادە نییە و بەڵکوو لە کۆمەڵێکی زۆر لە کێشەی ئاڵۆزی ناخەکی پێکهاتووە کە هۆکاری جیاجیایان لە پشتە، بۆ نمونە پێکهاتەی مێشک و قۆناغی گەشە و جینات.
هەندێ کەسیش بە جێگەی ئەوەی بە شێوەیەکی بابەتیانە تێۆری «سێگۆشەی تاریکی کەسێتی» بخەنە ژێر پرسیارەوە، هەندێ بابەتی دیکەیان پێشنیار کرد، بۆ نمونە گۆشەیەکی دیکەی پێوە زیاد بکرێ و ببێتە «چوارگۆشەی تاریکی کەسێتی».
کۆمەڵێک تایبەتمەندی نەرێنی جۆراوجۆری دیکەی هاوتای گۆشەکانی سێگۆشەی تاریک باسکران، یەکێک لەوان ئەویترئازاردان (سادیسم) بوو، یانی جێژبینین لە ئازاردانی ئەوانی دیکە.
رەنگە ئەوەش بزانن خراپ نەبێ کە هەندێ کەس بۆ سەرکەوتن بەسەر بێ تاقەتی خۆیدا خەڵکی دیکە ئازار بدا و چێژ لەو حاڵەتە ببینێ. لەبەر ئەوە هەندێ کەس پێیان وایە «سادیسم»یش تایبەتمەندییەکی زۆر نەرێنییە و دەبێ بەو سێگۆشەیەوە زیاد بکرێ و ببێتە چوارگۆشەی تاریکی کەسێتی. هەروەها هەندێ لە دەروونناسەکان لەسەر ئەو باوەڕەن هەستی «تۆڵەکردنەوە»ش یانی ئازاردانی کەسانی دیکە تەنانەت بە نرخی ئازاردانی خۆت دەبێ وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە تاریکەکان ژمێرە بکرێ.

هۆکاری تاریک
بەڵام بە گوێرەی تێپەڕینی کات، کۆمەڵێک تایبەتمەندی تاریکی دیکە دۆزرانەوە، لەبەر ئەوەیە ئەمڕۆ هەر لەم پەیوەندییەدا کۆمەڵێک تیۆری دیکە و لێکجیاوازمان هەیە. روانگەیەکی پەیوەندیداریی دیکە کە لەم ساڵانەی دواییدا هاتە بەرباس ئەوە بوو کە یەک هۆکاریی تاریکی کەسێتی هاوبەش و گشتی هەیە. ئەو روانگەیە ئاماژەی بەوەدا کە 9 تایبەتمەندی نەرێنی و پەیوەندیدار، یەک خاڵی هاوبەشی تاریکیان هەیە کە بریتییە لە حەزی خۆسەپاندن بەسەر کەسانی دیکەدا تەنانەت ئەگەر ببێنتە هۆی ئازاردانی خۆت و ئەوانی دیکە.
ئەو 9 تایبەتمەندییە نەرێنییە بریتین لە: ناخ ئازاریی، مکیاڤیلیزم، خۆشەیدایی، سادیسم، هەستی تۆڵەسەندنەوە، خەمساردیی ئەخلاقیی، خۆبەهەقزانین، بەرژەوەندیخوازیی، خۆپەرستی.
ئێستا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ، دوای 20 ساڵ لە هاتنەئارای ئەم تیۆری «سێگۆشەی تاریکی کەسێتی»یە ئێمە تا چەند تایبەتمەندییە خراپەکانی مرۆڤ دەناسین. ئێستاش وەڵامێکی روونمان نیە، بەڵام لەوەدەچێ «سێگۆشەی تاریکی کەسێتی» کامڵ نەبێ، یان لانیکەم نازانین ئەو پێوەرە بۆ لە بێژینگدانی کارمەندەکانمان دروستە یان نا، تا ئێستاش دڵنیا نین خۆبەهەقزانین یان خۆشەیدایی بەشێکن لە تایبەتمەندییە خراپەکانی مرۆڤ یان نا! ئێستاس لەسەر ئەو بابەتانە گەنگەشەی زۆر دەکرێ، بەڵام یەک شت روونە: مرۆڤ و زانست رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر هەوڵدەدەن مرۆڤ و رەهەندە شاراوەکانی مرۆڤ بناسن، جا بۆیە بە دڵنیاییەوە لێکۆڵینەوەی زیاترمان لە بوارەدا لەداهاتوودا دەبێ.

سەرچاوە:https://nebesht.com/

بابەتە پەیوەندیدارەکان