کۆبوونەوەی ساڵانەی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ بەبەشداری وەفدی یەکێتی لە سویسرا بەڕێوەچوو

04:44 - 2022-07-10
جیهان
885 جار خوێندراوەتەوە

لە رۆژانی 7 و 8ی ئەم مانگە، بەبەشداری وەفد و نوێنەرایەتی دەیان وڵات و پارتی جیهانی، کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێفی سویسرا بەڕێوەچوو، کە تیایدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئەندامێکی کارای ئەو رێکخراوە، بە وەفدێکی باڵا و بە سەرۆکایەتی ئەمین بابەشێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان، بەشداربوو.

لە کۆبوونەوەی ئەمساڵی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵدا گفتوگۆ لەسەر چەندین تەوەر و پرسی گرنگ کرا بەتایبەتی بەو ئاڵنگاریانەی ئێستا رووبەڕووی جیهان بۆتەوە، لەوانە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، بارودۆخی ئابووریی جیهان و ئەو مەترسیانەی ئێستا بەرۆکی ژینگەی هەسارەکەمانی گرتووە.

لەو بارەیەوە تەئکید لە بەردەوامی ئەو هەوڵانە   کرانەوە کە بۆ بەدیهێنانی پرەنسیبە سەرەکییەکانی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ  بۆ  چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵنگارییەکان گیراونەتەبەر.

هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا، وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریی کارای  لە پانێل و گفتوگۆکاندا کرد و لەگەڵ نوێنەران و وەفدی پارت و حکومەتەکانی جیهاندا  کۆبۆوە، بەتایبەت لەگەڵ وەفدی پارتە کوردستانییەکان و وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکەدا.

وەفدی یەکێتی وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی گرنگ یاداشتێکی تایبەتی پێشکەشی کۆبوونەوەکەی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ کرد کە تیایدا تەئکید کرابۆوە کە پێویستە سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ دان بەمافە رەواکانی گەلی کورددا بنێت و بەگەورەیی و پێزانینەوە لە رۆڵی ئەرێنیانەی هەرێمی کوردستان بڕوانێت لە ناوچەکەدا، بەتایبەت هەوڵ و بەرەنگارییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە روبەڕوبونەوەی داعش و تیرۆریزمی جیهانیدا، هاوکات هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بەرز بنرخێنێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداو و پێشهات و ململانێ سیاسییەکانی عیراق و ناوچەکەدا، بۆ ئەوانەش تیشک خرایەسەر ئەوەی کە  پێویستە پرەنسیبە سەرەکییەکانی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ وەک مافی مرۆڤ، دادپەروەری، ئاشتی و ئازادی بەردەوام بن بۆ ئەوەی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ هەرێمی کوردستان و عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فەراهەم بکرێت، یاداشتەکەی یەکێتیی بۆ سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدانی لەسەر کراوەو بەکۆی دەنگی بەشداربووان پەسەندکرا. 

لای خۆشیانەوە هەریەکە لە جۆرج پاپاندریو، سەرۆکی رێکخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ و لویس ئایالا، ئەمنیداری گشتی رێکخراوەکە، بەگەورەییەوە باسیان لە رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلال و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد لە رێکخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ و هەوڵەکانیان بەرزنرخاند لە برەودان بە پرەنسیبەکانی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق و تەواوی جیهاندا.

#یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان