دەنگێکی ژنانەی ئەدەبی کوردی

ژیلا حسێنی.. خوێندکارێکی سوارە ئیلخانیزادە لە نوێگەرییدا

11:47 - 2024-11-18
کەلتور
142 جار خوێندراوەتەوە

تا چەند دەیە لەوەوپێش، مێژووی ئەدەبی کوردی مێژوویەکی پیاوانە بوو، زۆر کەم دەنگی ژنانە و ژنانی نووسەر دەردەکەوتن. دۆخی کۆمەڵایەتی زاڵی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، خوێندنی باو کە خوێندنی مزگەوت بوو، زۆر کەم بوون ئەو ژنانەی دەنێردرانە مزگەوت، بیرکردنەوەی پیاوسالاری کۆمەڵگە، وایکردووە ئەدەبی ئێمە، ئەدەبێک بێت دەنگی پیاوانە تێیدا باڵادەست بێت. ئەم تایبەتمەندییە تەنها تایبەتمەندیی ئەدەبی ئێمە نییە، بەڵکو لە راستیدا ئەدەبی کلاسیکی جیهان بەگشتی ئەدەبێکی پیاوانەیە. 
لە ناوچەکەش بە هەمانشێوە بەهۆی هاوشێوەبوونی باری کۆمەڵایەتی و کەلتوری باوەوە، کەمن ئەو ژنانەی دەرکەوتوون و ئەگەریش ژنانێک هەبووبێت، لەلایەن کۆمەڵگەوە گرنگییەکی ئەوتۆیان پێ نەدراوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێکیش لەو ژنانە کەمتر وەک ژن نووسیویانە و زیاتر مۆرکی نێرسالاری بەسەر دەق و نووسینەکانیانەوە زاڵ بووە.
لە ئەدەبی کوردیدا و بەتایبەتی لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، ژنانێکی وەک مەستوورەی ئەردەڵان، جەهانئارا پاوەیی، وەک پێشەنگەکانی شیعری ژنان ناودەبرێن، لەکاتێکدا شیعری جەهانئارا دەنگێکی ژنانەی تێدا دەبینرێت و تایبەتمەندییەکانی شیعری ژنانەی تێدایە، بە پێچەوانەی شیعری مەستوورەی ئەردەڵانەوە کە زۆربەی وێناکان وێنایەکی پیاوانەن و زمانێکی پیاوانە بەسەر شیعرەکانیدا زاڵە.
لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە دەرکەوتنی ژنانی کورد لە ئەدەبدا زیاتر بووە، ژنانی شاعیر و نووسەر دەرکەوتوون و تواناکانی خۆیان نیشانداوە، ژنانێکی وەک دایکی جەمال، گەلاوێژخان، ئەحلام مەنسوور، وەک دەنگی ژنانە دەرکەوتوون. زمانی نووسینیان زمانی ژنانەیە. 
ئەم رەوتە لە دەیەی 1970بە دواوە، زیاتر دەرکەوتووە کە ژنانێک هاتوونەتە مەیدانی نووسینیانەوە بە دەنگی ژنانە و ئەم دەنگانەش لەلایەن کۆمەڵگەوە وەرگیراوە و بە گرنگیشەوە لێی روانراوە.

 

لە کۆتایی کتێبی «قەڵای راز»دا، ئەدەبێکی ژنانە دەبینی کە خەریکە وەک رەگەزی مێ باس لە ئازارەکانی و ژنبوونی خۆی دەکات

 

ژیلا دەنگێکی نەترس
یەکێک لەو دەنگانەی لە ئەدەبی کوردیدا وەک دەنگێکی ژنانە دەرکەوت و زۆر زووش لەلایەن کۆمەڵگەوە بەرهەمەکانی وەرگیراوە، (ژیلا حسێنی)ە. ژیلا لە ساڵانی 1980و دواترەوە دەستیکرد بە نووسین و ناوبانگی ئەدەبیی ژیلا زۆر زوو لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان و پاشان باشووری کوردستانیش دەنگی دایەوەو تەنانەت شیعرەکانی بۆ بەشێکی زۆر لە زمانە زیندووەکانی جیهان لەوانە: فارسی، عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی وەرگێڕدراون.
ئەدەبی ژیلا، دەنگێکی ژنانەیە، لە شیعرەکانیدا و لەو چەند چیرۆکەشدا کە لە کۆتایی کتێبی «قەڵای راز»دا هاتوون، تێیدا ئەدەبێکی ژنانە دەبینی کە خەریکە وەک رەگەزی مێ باس لە ئازارەکانی دەکات، باس لە ژنبوونی خۆی دەکات. ئەو نایەوێت وەک دایکی و داپیرەی بژی، تووڕەیە لەوەی دەیانەوێت ژیانی ئەوان، دونیای ئەوان دووبارە بکاتەوە.

نهێنییەکانی عەشقێکی بێ ئەنجام
قەڵای راز، قەڵای رازێکی ژنانەیە کە نهێنییەکانی عەشقێکی بێ ئەنجامی کچێکی تێدایە، نهێنییەک، کە دەبێت بپارێزرێت.
ژیلا دەکرێت وەک نووسەرێکی ریالیست بناسین. ریالیستبوونێک کە ئازارەکانی کۆمەڵگە، ئازارەکانی ژن بوون لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری تێدا وێنا کراوە. شاعیر لەگەڵ ئەوەی لەناو واقیعی کۆمەڵگەدایە، بەڵام شیعرەکانی نەچوونەتە بازنەی دروشمدانەوە. ئەو بەوپەڕی دەربەست بوونەوە خەریکە دەنووسێت و دەشزانێت شیعر چییە و زمانی شیعری دەناسێت. لەو هەموو هێرشەش ناترسێت کە لەلایەن کۆمەڵگەوە دەکرێتە سەری، ئەو دەزانێت پێشەنگبوون و بوێربوون ئاسان نییە.

 

ژیاننامەی ژیلا حسێنی
ژیلا حسێنی، کچی شێخ مەهران، لە ٢٢ی ئەیلولی 1964، لە شاری سەقز لە دایکبووە. هێشتا تەمەنی شەش ساڵ بووە کە باوکی لە بەشی یاسای زانکۆی تاران وەرگیراوە و بەهۆی خوێندنی باوکییەوە روو دەکەنە تاران و پێنج ساڵ لە تاران دەژین و خوێندنی سەرەتایی لە تاران دەستپێدەکات. 
دواتر بەهۆی کاری باوکییەوە دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و لە شارەکانی بانە، کامیاران، مەریوان، سەقز و سنە نیشتەجێ دەبن و ژیلا لەم شارانە تا پۆلی یەکەمی ئامادەیی دەخوێنێت، بەڵام لە پۆلی یەکەمی ئامادەیی و لە تەمەنی 15 ساڵیدا واز لە خوێندن دەهێنێت و لەگەڵ کوڕە مامی خۆی (وەفا حسێنی) زەماوەند دەکەن. بەڵام دوای پێنج ساڵ لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە و بەرهەمی ئەو ژیانەش، کچێکە بە ناوی «بەهار حسێنی» کە ئەویش شاعیرە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە.
ژیلا دوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی، بڕیار دەدات درێژە بە خوێندن بدات و هاوکات لە بەشی کوردیی رادیۆی سنە، دەستدەکات بە کارکردن و دەبێتە پێشکەشکاری بەرنامەی «ئێمە و گوێگرەکان». 
ساڵی 1989 ژیلا بۆ جاری دووەم لەگەڵ «شارۆخ نەوسوودی» زەماوەند دەکات و بەرهەمی ئەو هاوسەرییەشی کوڕێکە بەناوی «رامین».
ئەدەب و کاری ئەدەبی ببوو بە خولیایەکی گرنگی ژیلا و لەو رووەشەوە شیعری کردبووە ماڵی خۆی و خۆی لەو دونیایەدا دەبینییەوە، بۆیە سەرەڕای هەموو لەمپەرەکانی بەردەمی، بڕیاریدا شیعر هەڵبژێرێت و بەردەوام بێت لە نووسین.
حسێنی لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبی و کەلتورییەکاندا بەتایبەتی لە ئەنجومەنەکانی شاری سنە و سەقز، بەردەوام بەشداریی دەکرد. دوایین چالاکییەکانی ژیلا لە شاری سەقز بوو، کە بە وتارێکی ئەدەبی و توێژینەوە لە کۆنگرەی مەولەویی کورددا بەشداریی کرد.

کاروانی مەرگی شاعیرانی جوانەمەرگ
ژیلا بە هەمان رێچکەدا رۆیشت کە سوارە ئیلخانیزادە رچەشکێنی بوو. دەکرێت سوارە بە پێشەنگی شیعری نوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بناسین، سوارە لە(خەوە بەردینە)دا زۆر پێوەری باوی شیعری کوردی تێکشکاندووە و پرۆسەی نوێخوازیی شیعری کوردی کە لەسەر دەستی شێخ نوری شێخ ساڵح و گۆران دەست پێدەکات، لای سوارە زیاتر پەرە دەستێنێ. ژیلاش یەکێک لە خوێندکارە بە ئەمەکەکانی سوارە بووە. خاڵێکی تری  هاوبەشی هەردووکیان ئەوە بووە لە رادیۆ کاریان کردووە لە دوو قۆناغی جیادا. 
سوارە لە رادیۆی کوردیی مهاباد و ژیلا لە رادیۆی کوردیی سنە.
مەرگ لە هەڕەتی گەنجێتیدا بەرۆکی سوارەی گرت و مەرگی سوارە خەساری گەورەی بە ئەدەبی کوردی گەیاند و بەداخەوە لە ساڵی 1976 داو لە تەمەنی 39 ساڵیدا سوارە ماڵئاوایی لە ژیانکرد، بەڵام وەک ئەوەی مەرگ لە تەمەنی گەنجیدا بووبێت بە میراتێکی دوای سوارە، بە داخەوە چەند دەنگێکی دیاری شیعری کوردی لەوانە مارف ئاغایی و ژیلا حسێنیش لە تەمەنی گەنجیدا ماڵئاواییان لە ژیانکرد.
ژیلا حسێنی لە 27ی ئەیلولی 1996دا، لە کاتێکدا لەگەڵ بنەماڵەکەی بەرەو تاران بەڕێوەبوون بۆ بینینی شاعیری ناسراوی کورد شێرکۆ بێکەس، تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و بە داخەوە ژیلا لە تەمەنی 32 ساڵیدا بۆ دوایینجار ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
ژیلا کەم ژیا، بەڵام لە ماوەی کەمی ژیانیدا دوو دیوانە شیعری بە ناوەکانی «گەشەی ئەوین» و «قەڵای راز»ی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە. دوو بەرهەم کە تایبەتمەندیی دونیابینی و زمانی شیعری ژیلایان پێوەدیارە.

 

مستەفا فاتیح ئامادەی کردووە

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان