تانیا كورد میرزا*
پێشه‌كی
ئه‌م نامیلكه كورته هه‌نگاوێكه به‌ره‌وڕووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی و ده‌ستدرێژیی سێكسی بۆ سه‌ر منداڵان و چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن به‌شێوه‌یه‌كی دروست و زانستیانه له‌گه‌ڵ منداڵاندا. نامیله‌كه‌كه سه‌ره‌تا رووی ده‌می ده‌كاته دایكان، باوكان، سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی و مامۆستایان و هه‌ندێك رێنماییان ده‌داتێ. مه‌به‌ست له رێنماییه‌كان له‌لایه‌كه‌وه بریتییه له به‌رگرتن له روودانی ئه‌م تاوانه ئه‌ویش له رێگه‌ی خستنه‌ڕووی چه‌ند رێسایه‌كی تایبه‌ت، له‌لایه‌كیترەوە مه‌به‌سته‌كه چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ منداڵاندا له ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه‌دا. ده‌بێت ئه‌م نامیله‌كه‌یە بۆ منداڵان بخوێنرێته‌وه و هاوكاری بكرێن له تێگه‌یشتن له زاراوه‌كان و له خودی تاوانه‌كه‌ش. به‌هیچ جۆرێك نابێت وه‌ك بابه‌تێكی تۆقێنه‌ر یاخود شه‌رمهێنه‌ر باس بكرێت، چونكه ئه‌مه له ئامانجه‌كه‌مان دوورمان ده‌خاته‌وه كه، بریتییه له پاراستنی منداڵان.
یه‌كه‌م: رێنمایی بۆ گه‌وره‌كان، دایكان و باوكان، مامۆستایان و سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی
دایكان، باوكان مامۆستایان و په‌روه‌رده‌كاران ئامانج له‌م نامیلكه كورته بریتییه له زیاتر پاراستنی منداڵان له توندوتیژی سێكسی، كه ئه‌گه‌ری هه‌یه له هه‌ر ساتێك‌دا منداڵێكمان یاخود منداڵی كه‌سێكیتر به‌ره‌وڕووی بێته‌وه. توندوتیژی سێكسی جۆرێكه له جۆره‌كانی توندوتیژی كه خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه‌سێكی (گه‌وره، له ده‌ره‌وه‌ی خێزان یاخود له‌ناو خێزان، یاخود كه‌سێكی هاوته‌مه‌نی منداڵه‌كه‌ت) ده‌ستبه‌رێت بۆ جه‌سته‌ی منداڵه‌كه، بۆ به‌شی دواوه‌ی، كۆئه‌ندامی زاوزێی، ماچی بكات، به‌خۆیه‌وه بیگوشێت، باوه‌شی پێدابكات و بیخاته سه‌ر كۆشی خۆی، یاخود ده‌ستكاری جله‌كانی به‌ری بكات به مه‌به‌ستی ده‌ستدان له له‌شی و هه‌روه‌ها به‌زۆر سێكسی له‌گه‌ڵدا بكات. هه‌ركام له‌مانه‌ی كه باسكران ده‌چنه خانه‌ی توندوتیژی سێكسییه‌وه و هیچ كام له‌مانه له‌وه‌ی تریان ئه‌هوه‌نترنییه. واته ده‌ستكاریكردنی له‌شی منداڵ به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی به‌زۆر ماچكردنی قورسه و ده‌كرێت ئه‌مانه هه‌مان كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌روونی به‌سه‌ر منداڵه‌وه به‌جێبهێڵن وه‌ك به‌زۆر سێكس له‌گه‌ڵیدا. بۆیه زۆرگرنگه كه، هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه كه باسكران به هه‌ند وه‌ربگیرێن و له‌كاتی روودانی‌دا وه‌لانه‌نرێن. ئه‌ركی تۆیه، منداڵه‌كه‌ی خۆت و ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ریشت له‌م تاوانه بپارێزیت. منداڵ به هۆكاری جیاجیا ناتوانێ به ئاسانی قسه له‌باره‌ی ئه‌م تاوانه‌وه بكات، بۆیه ده‌بێت تۆ هاوكاری بیت. تۆی گه‌وره ته‌نیا له ماڵه‌وه و له منداڵه‌كانی خۆت به‌رپرس نیت، بگره ده‌بێت وه‌ك ئه‌ركێكی مرۆڤانه‌ی خۆت به‌رگری له‌و منداڵانه‌ش بكه‌یت كه نایانناسیت و له‌سه‌ر شه‌قام و له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا له قوتابخانه تووشی تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی و توندوتیژی سێكسی ده‌بن. هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌بێت تۆی گه‌وره زاڵ بیت به‌سه‌ر هه‌ستی ترس و شه‌رمكردندا، هه‌تا بتوانیت هاوكاری منداڵان بكه‌یت. نابێت له روونكردنه‌وه‌ی وشه‌كانی (به‌شی پێشه‌وه و به‌شی دواوه‌ی له‌ش) شه‌رم بكه‌یت.
ده‌بێت بۆ منداڵه‌كه‌تی روونبكه‌یته‌وه كه دواوه واته: سمتی، پێشی بڵێیت كه پێشه‌وه‌ی واته: كۆئه‌ندامی زاوزێی. نابێت باز به‌سه‌ر ئه‌مانه‌دا بده‌یت و منداڵه‌كه‌تی لێ ئاگادارنه‌كه‌یته‌وه.
رێنماییه‌كانی ئه‌م نامیلكه‌یه بخوێنه‌ره‌وه و هاوكاری منداڵه‌كان بكه له روونكردنه‌وه‌ی رێساكاندا، به‌جۆرێك كه نه‌یانترسێنی به‌ڵكو وه‌ك خۆپاراستن باسی بكه‌یت بۆیان. ده‌بێت تۆی گه‌وره بزانیت كه:
یه‌كه‌م: ئه‌م رێسایانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌موو كه‌سێك ده‌گرێته‌وه، چ ئه‌ندامانی خێزان چ له ده‌ره‌وه‌ی خێزان، چونكه تاوانه‌كانی توندوتیژی سێكسی و ده‌ستدرێژی سێكسی به‌ته‌نیا بێگانه‌كان نایکه‌ن به‌رامبه‌ر به منداڵان، ده‌كرێت تاوانباره‌كه ئه‌ندامی خێزانه‌كه بێت.
دووه‌م: توندوتیژی سێكسی و هه‌راسانكردنی سێكسی له زانستی تاوانناسیدا تاوانه و سزای له‌سه‌ره.
سێیه‌م: منداڵ هیچ كاتێك له‌م تاوانه‌دا خه‌تای نییه و نابێت به هۆكارێك بۆ روودانی ئه‌م تاوانه له قه‌ڵه‌م بدرێت. نابێت سه‌ركۆنه‌ی منداڵ بكرێت. رسته‌كانی (خه‌تای تۆ بوو. قسه‌ت له‌گه‌ڵ نه‌كردایه. خۆت داپۆشیایه. پێنه‌كه‌نیتایه به‌ده‌مییه‌وه.) به‌هیچ جۆرێك نابێت به منداڵ بگوترێن.
چواره‌م: ده‌بێت پردی متمانه‌ی نێوان خۆتان و منداڵه‌كان به‌هێزبكه‌ن، به‌جۆرێك كه متمانه‌تان پێبكه‌ن و داوای هاوكاریتان لێبكه‌ن.
پێنجه‌م: نابێت منداڵ ناچاربكرێت به قسه‌كردن له‌باره‌ی ئه‌م تاوانه‌وه، بگره ده‌بێت باوردۆخێكی وه‌های بۆ بڕه‌خسێنرێت كه خۆی قسه بكات، ئه‌مه‌ش ته‌نیا له پاش دروستبوونی متمان دێته‌دی.
شه‌شه‌م: ده‌بێت تۆی گه‌وره به‌هه‌موو جۆرێك نهێنی كه‌یسه‌كه له ئه‌ستۆ بگریت و نابێت چیرۆكه‌كانی توندوتیژی بۆ كه‌سانیتر بگێڕدرێته‌وه و بكرێته بابه‌تی دانیشتن و سۆشیاڵ میدیا و وه‌ك نوكته و قسه‌ی خۆش باسبكرێت. ئه‌گه‌ر گوێت له شتێكی وه‌ها بوو له دانیشتنێكدا یه‌كسه‌ر كاردانه‌وه‌ت هه‌بێت و كه‌سه‌كه بوه‌ستێنه.
حه‌وته‌م: نابێت به‌هیچ جۆرێك و له‌ژێر هیچ فشارێكدا منداڵ ناچاربكرێت به وازهێنان و په‌شیمان بوونه‌وه له‌و قسانه‌ی كردوونی. به‌هیچ جۆرێك نابێت گومان له قسه‌كانی منداڵه‌كه‌ت بكه‌یت، ده‌بێت باوه‌ڕ به قسه‌كانی بكه‌یت. گومانكردنی تۆ واده‌كات له قسه‌كانی په‌شیمان بێته‌وه یاخود هه‌رگیز قسه‌ت بۆ نه‌كات.
هه‌شته‌م: تایبه‌تمه‌ندی منداڵه‌كه‌ت بپارێزه و به‌بێ ویستی خۆی وێنه‌ی له سۆشیاڵ میدیادا بڵاومه‌كه‌ره‌وه، چونكه كه‌سانێك كه به (منداڵباز) ناسراون ده‌توانن وێنه‌ی منداڵه‌كان بۆ مه‌رامی تاوانكاری خۆیان به‌كاربهێنن. به‌ڵێ تۆ دایك و باوكی ئه‌و منداڵه‌یت، به‌ڵێ تۆ مامۆستای ئه‌ویت، به‌س مافی ئه‌وه‌ت نییه به‌بێ پرسی منداڵه‌كه وێنه‌ی پیشانی خه‌ڵكی بده‌یت و بڵاویبكه‌یته‌وه. له كاتی تۆماركردنی منداڵه‌كه‌شت له دایه‌نگه و قوتابخانه له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كان بدوێ و ئاگاداریان بكه‌ره‌وه كه وێنه‌ی منداڵه‌كه‌ت له سۆشیاڵ میدیا به‌بێ پرسی تۆ بڵاونه‌كه‌نه‌وه. ئه‌مه هه‌م پێشێلكردنی مافی پاراستنی تایبه‌تمه‌ندی منداڵه‌كه‌ته هه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه به‌ڕووی كه‌سانی منداڵباز و توندوتیژیكاردا.
نۆیه‌م: تایبه‌تمه‌ندی له‌شی خۆت بپارێزه، هه‌تا منداڵه‌كه‌شت له تۆوه فێرببێت كه تایبه‌تمه‌ندی له‌شی بپارێزێت. له‌به‌رچاوی منداڵدا خۆتان مه‌گۆڕن، له كاتی خۆشتندا ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ت پێویستی به تۆ بوو به‌ڕووتی مه‌چۆره حه‌مامه‌كه‌وه و با جلی ژێره‌وه‌ت له‌به‌ردا بێت. به‌رچاوی منداڵه‌كه‌ته‌وه خوشك و برا بچووكه‌كانی مه‌گۆڕه و رووتیان مه‌كه‌ره‌وه و دایبیان بۆ مه‌گۆڕه (هه‌مان ره‌گه‌زی منداڵه گه‌وره‌كه‌یان هه‌بێت یان جودابێت)، ئه‌مه له لایه‌ك به‌زاندنی تایبه‌تمه‌ندی ساواكانه له‌لایه‌ك ئاسایی كردنه‌وه‌ی شكاندنی سنووری جه‌سته‌ی منداڵه‌كانی ترته.
باوەشکردن و ماچکردنی بە زۆری منداڵ ده‌چێته خانه‌ی توندوتیژی سێكسییه‌وه
ده‌یه‌م: به‌بێ پرس ماچی هیچ منداڵێك به منداڵه‌كه‌ی خۆشته‌وه مه‌كه و له خۆته‌وه باوه‌شی پێدامه‌كه و ده‌ست له جه‌سته‌ی مه‌ده. هه‌میشه بڵێ: بۆم هه‌یه باوه‌شێكت پێدا بكه‌م؟ ده‌توانم ماچت بكه‌م؟
به‌ڵێ ده‌بێت بپرسیت، ئه‌گه‌رنا هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك و ماچكردنێكی لا ئاسایی ده‌بێت، كه له خۆیدا ئاسایی نییه.
یازده‌یه‌م: له‌كاتی سه‌ردانی ماڵان و جه‌ژن و بۆنه‌دا منداڵه‌كه‌ت ناچار مه‌كه بچێته باوه‌شی ئه‌م و ئه‌وه‌وه. خۆشت له خۆته‌وه منداڵی كه‌س مه‌خه‌ره باوه‌شت. ئه‌مه شكاندنی سنووری نێوانتان و به‌زاندنی تایبه‌تمه‌ندی جه‌سته‌ی منداڵه كه له خۆیدا جۆرێكه له جۆره‌كانی توندوتیژی سێكسی.
دوانزه‌یه‌م: ئه‌گه‌ر دایكێكی شیرده‌ده‌یت، تكایه له‌به‌رچاوی منداڵه گه‌وره‌كانت مه‌مكت ده‌رمه‌هێنه. شیردان رێگه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و ده‌بێت په‌ڕۆ و له‌چكی تایبه‌ت بده‌یت به‌سه‌ر سنگتدا یاخود بچیته ژوورێكیتر.
سیانزه‌یه‌م: له ماڵه‌وه له نێوان خۆتاندا رسته و وشه و جنێوی سێكسی به‌كارمه‌هێنن. ئه‌مانه نوكته نین و قسه‌ی خۆش نین، بگره توندوتیژی سێكسین. له نموونه‌ی ئه‌و رستانه (دارێكی تێبڕی، حكو‌مه‌ت سوارمان بووه، تا بینه‌قاقا بۆی بردووین).
ئه‌گه‌ر ژن و مێردن له به‌رچاوی منداڵه‌كانتان ده‌ست بۆ جه‌سته‌ی یه‌كتر مه‌به‌ن و قسه‌ی سێكسی مه‌كه‌ن، منداڵ گه‌رچی تێشنه‌گات له‌به‌ر بچووكی ته‌مه‌نی، هه‌ستی پێ ده‌كات. ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وتانه نه خۆشه‌ویستین نه ئاسایین، بگره توندوتیژی سێكسین به‌رامبه‌ر منداڵه‌كه‌ت.
چوارده‌یه‌م: منداڵ، هه‌روه‌ها خۆشتان وه‌ك دایك و باوك ده‌بێت ژووری تایبه‌تتان هه‌بێت. منداڵ ده‌بێت سنووری ژیانی دیاری كراوبێت و هه‌روه‌ها تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی. كۆكردنه‌وه، رێكردن و چوونه ژووری منداڵ ده‌بێت به ئیزنی ئه‌و بێت.
پانزه‌یه‌م: به‌هیچ جۆرێك نابێت حه‌مامی به كۆمه‌ڵ بکه‌ن له ماڵه‌وه. واته نابێت دایك و باوك له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان، یاخود منداڵه‌كان به‌یه‌كه‌وه بكرێنه حه‌مام بۆ خۆشتن. دایك و باوك ده‌بێت ته‌نیا كاتێك به‌یه‌كه‌وه بچنه حه‌مام كه گونجاوبێت نه‌وه‌ك به به‌رچاوی منداڵه‌وه ئه‌مه بكه‌ن.
شانزه‌یه‌م: ئه‌گه‌ر هه‌ستت كرد منداڵه‌كه‌ت به شه‌و خۆی ته‌ڕ ده‌كات (میز ده‌كات به‌خۆیدا)، له گه‌وره‌یه‌ك كه له‌ناو خێزاندایه یان ده‌ره‌وه‌ی خێزان ده‌ترسێت و لێی ده‌سڵەمێته‌وه، ناوێرێت به ته‌نیا بۆ هه‌ندێك شوێنی تایبه‌ت و بۆلای هه‌ندێك كه‌سی دیاری كراوبچێت ئه‌وه زیاتر له منداڵه‌كه‌ت نزیك به‌ره‌وه هه‌تا متمانه‌ی ئه‌و به‌ده‌ستبهێنی، چونکە ده‌كرێت ئه‌م نیشانانه له ئاكامی توندوتیژی سێكسی یاخود ده‌ستدرێژییه‌وه ده‌ركه‌وتبن.
تكایه بێده‌نگ مه‌بن به‌رامبه‌ر به‌م تاوانه، بێده‌نگ بوون نیشانه‌ی به‌ڕێزی تۆ نییه، بگره واته: تۆش شه‌ریكی له‌و تاوانه‌دا، دایك و باوكێكی باش نیت و شایه‌نی ئه‌و ئه‌ركه گه‌وره‌یه نیت كه له‌سه‌ر شانته.
په‌نا ببه‌ره به‌ر پۆلیس و له‌گه‌ڵ پسپۆڕانی ده‌روونیدا بدوێ تا هاوكاری منداڵه‌كه‌ت بكه‌ن.
ئه‌وانه‌ی كه ده‌ڵێن: یاسا هیچ ناكات. پۆلیس گوێی خۆی ده‌خه‌وێنێت. مه‌چنه لای دادگا. هه‌موو ده‌بنه هاوكاری توندوتیژیكارانی سێكسی و به زیانی قوربانییه‌كان ده‌شكێته‌وه. وێڕای تێبینییه‌كانت له یاسا و پۆلیس هه‌رده‌بێت په‌نایان بۆ به‌ریت. هه‌ر ده‌بێت بچیته لای پسپۆڕی ده‌روونی و داوای هاوكاری بكه‌یت بۆ منداڵه‌كه‌ت.
دووه‌م: رێسا و رێنمایی بۆ منداڵان
رێسای (1)
تۆ بۆت نییه به‌بێ پرس باوه‌شم پێدابكه‌یت و ماچم بكه‌یت. ده‌بێت سه‌ره‌تا پرسم پێ بكه‌یت، ته‌نیا به گۆكردنی وشه‌ی (به‌ڵێ)ی من بۆت هه‌یه باوه‌شم پێدابكه‌یت و ماچم بكه‌یت.
رێسای (2)
من دیاری ده‌كه‌م كه، له كوێدا به‌لامه‌وه ئاساییه باوه‌شم پێدابكرێت و ماچ بكرێم.
بپرسە لێی به وێنه‌كێشان روونی بكه‌ره‌وه كه‌ی پێت ئاساییه باوەش و ماچ بکرێت.
لاپه‌ڕه‌یەک بدە دەست منداڵەکەت. ده‌بێت لاپەڕەکە به‌جێبهێڵرێت بۆ منداڵ تا وێنه‌ی تێدا بكات له كوێدا پێی خۆشه و ده‌یه‌وێت باوه‌شی پێدابكرێت.
رێسای (3)
تۆ بۆت نییه به‌بێ پرس باوه‌شم پێدا بكه‌یت و ماچم بكه‌یت. ده‌بێت سه‌ره‌تا پرسم پێبكه‌یت، ته‌نیا به گۆكردنی وشه‌ی (به‌ڵێ) ی من بۆت هه‌یه باوه‌شم پێدابكه‌یت و ماچم بكه‌یت.
ره‌سمه‌كانی رێسای یه‌كه‌م دووباره بكرێنه‌وه به‌س لێره‌دا له هه‌رسێ وێنه‌كەدا منداڵه‌كه دڵی ته‌نگه و پێناكه‌نێت.
وێنه‌ی یه‌كه‌م: مناڵێكی گه‌وره‌تر باوه‌ش به بچووكتردا ده‌كات و ده‌ست بۆ پانتۆڵه‌كه‌ی ده‌بات (ده‌ستێكی له‌سه‌ر شانیه‌تی به ده‌سته‌كه‌ی تری ده‌ست بۆ زنجیری پانتۆڵه‌كه‌ی ده‌بات).
وێنەی دووه‌م: ژنه‌كه كتێب بۆ منداڵه‌كه ده‌خوێنێته‌وه و له پشته‌وه ده‌ستی هێناوه بۆ سكی و قه‌میسه‌كه‌ی هه‌ڵده‌داته‌وه. وێنەی سێیه‌م: مناڵی بانیۆكه رووته، دڵته‌نگه و پیاوێكی گه‌وره به لفكه‌وه له به‌رده‌میدا وه‌ستاوه.
رێسای (4)
به وێنه روونی بكه‌ره‌وه له كوێدا ناته‌وێت باوه‌شت پێدابكه‌ن و ماچت بكه‌ن؟ كامانه‌ن ئه‌و شوێنانه‌ی كه ناته‌وێت كه‌س ده‌ست بۆ له‌شت به‌رێت تیایاندا؟
ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه به‌جێده‌هێڵرێت بۆ منداڵ تا وێنه‌ی ئه‌و شوێنانه بكێشێت كه نایه‌وێت كه‌س ده‌ستی بۆ ببات.
رێسای (5)
باوه‌شپێداكردن و ماچكردن ته‌نیا به مۆڵه‌تی من رێگه پێدراون، من بۆم هه‌یه بڕیار بده‌م:
یه‌كه‌م: ده‌مه‌وێت باوه‌ش به كێدا بكه‌م و ماچی كێ بكه‌م.
دووه‌م: كێ بۆی هه‌یه باوه‌شم پێدابكات و ماچم بكات.
سێیه‌م: كه‌ی كه‌سێكیتر بۆی هه‌یه ده‌ست بۆ جه‌سته‌م به‌رێت، ماچم بكات و باوه‌شم پێدابكات.
رێسای(6)
باوه‌شپێداكردن و ماچكردن ته‌نیا به مۆڵه‌تی من رێگه‌پێدراون، هه‌موو باوه‌شپێداكردنێك
خۆشه‌ویستی نییه.
گه‌وره‌كان بۆیان نییه:
(1) گه‌وره‌كان بۆیان نییه ده‌ستبه‌رن بۆ له‌شم، بۆیان نییه ده‌ست به‌رن بۆ دواوه‌م (سمتم)، بۆ پێشه‌وه‌م (كۆئه‌ندامی زاوزێم) و بۆیان نییه له‌شی خۆیان له له‌شی من نزیك بكه‌نه‌وه و ماچم بكه‌ن.
(2) گه‌وره‌كان بۆیان نییه، من بخه‌نه باوه‌شی خۆیانه‌وه و له‌سه‌ر كۆشیان من دابنێن.
(3) گه‌وره‌كان بۆیان نییه، من ناچاربكه‌ن به‌وه‌ی ده‌ست به‌رم بۆ له‌شیان، بۆ دواوه و پێشه‌وه‌یان، بۆیان نییه داوام لێبكه‌ن له‌شیان بخورێنم یان شوێنێكیان بۆ بشێلم و ماچیان بكه‌م. گه‌وره‌كان بۆیان نییه ناچارم بكه‌ن له‌گه‌ڵیان بچمه حه‌مام و پشتیان بۆ بشۆم.
(4) ئه‌گه‌ر گه‌وره‌كان ویستیان ناچارت بكه‌ن به‌وه‌ی ده‌ست بۆ له‌شیان به‌ریت و بچیته باوه‌شیان به گوێیان مه‌كه. ئه‌گه‌ر وتیان ئه‌وه یارییه‌كی خۆشه باوه‌ڕیان پێمه‌كه، چونكه درۆ ده‌كه‌ن، كه‌سانی نزیكبن لێته‌وه یان دووربن گرنگ نییه.
(5) مافی خۆمه له كاتی خۆ گۆڕیندا له شوێنێكی تایبه‌تبم و كه‌س نه‌مبینێت.
(6) دایك، باوك و خوشك و برا گه‌وره‌كان بۆیان نییه له به‌رده‌می مندا خۆیان بگۆڕن و ده‌بێت بچنه شوێنی تایبه‌ت.
(7) دایك و باوكم بۆیان نییه، به به‌رچاوی منه‌وه خوشك و برا بچوكه‌كه‌م رووتبكه‌نه‌وه و پاكی بكه‌نه‌وه، ده‌بێت تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ویش بپارێزن. ئه‌گه‌ر كارێكی وه‌هایان كرد مافی خۆمه پێیان بڵێم وانه‌كه‌ن.
رێسای حه‌وته‌م
مافی منی منداڵه كه وشه‌ی (نه‌خێر) بڵێم:
(1) كاتێك كه‌سێك ده‌یه‌وێت باوه‌شم پێدابكات، ده‌ست له له‌شم بدات، ماچم بكات و بمخاته باوه‌شی ده‌ڵێم (نه‌خێر).(نه‌خێر) چونكه من نامه‌وێت. كه‌سه‌كه بناسم یان نه‌یناسم، گه‌وره‌بێت یاخود نا جیاوازی نییه و له هه‌مووكاتێكدا مافی خۆمه بڵێم (نه‌خێر).
(2) كاتێك كه‌سێك داوام لێده‌كات ده‌ست به‌رم بۆ له‌شی، له‌شی بخورێنم یان باوه‌شی پێدابكه‌م، به‌ڵام من نامه‌وێت، ده‌ڵێم (نه‌خێر). كه‌سه‌كه بناسم یاخود نه‌یناسم، گه‌وره‌بێت یاخود نا جیاوازی نییه و له هه‌مووكاتێكدا مافی خۆمه بڵێم (نه‌خێر).
(3) كاتێك كه‌سێك ده‌یه‌وێت ناچارم بكات به‌وه‌ی به رووتی سه‌یری بكه‌م هاوار ده‌كه‌م و ده‌ڵێم (نه‌خێر). كه‌سه‌كه بناسم یاخود نا، له‌ناو خێزانه‌كه‌مدا بێت یاخود ده‌ره‌وه، گه‌وره‌بێت یاخود هاوته‌مه‌نی خۆم بێت جیاوازی نییه و له هه‌موو دۆخێك‌دا مافی خۆمه بڵێم (نه‌خێر).
(4) كاتێك كه‌سێك ده‌یه‌وێت له حه‌مام پشتی بۆ بشۆم و له‌گه‌ڵی بچمه حه‌مام، ناچم و هاوار ده‌كه‌م و ده‌ڵێم (نه‌خێر).
(5) كاتێك كه‌سێك ده‌یه‌وێت به رووتی وێنه‌م بگرێت، یاخود ده‌یه‌وێت له كاتی ئاسایی‌دا به‌بێ پرسی خۆم وێنه‌م بگرێت، هاوار ده‌كه‌م و ده‌ڵێم (نه‌خێر).
كه‌سه‌كه بناسم یاخود نا، له‌ناو خێزانه‌كه‌مدا بێت یاخود ده‌ره‌وه، گه‌وره بێت یاخود هاوته‌مه‌نی خۆم بێت جیاوازی نییه، له هه‌موو دۆخێك‌دا مافی خۆمه بڵێم (نه‌خێر).
(6) له‌م دۆخانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا مافی خۆمه به‌ده‌نگی به‌رز هاوار بكه‌م و بڵێم نه‌خێر، په‌ل بكوتم و داوای هاوكاری بكه‌م.
شه‌شه‌م: ئه‌گه‌ر كه‌سێك داوای لێكردم له‌گه‌ڵی بچم بۆ شوێنێك و به‌ڵێنی دامێ كه دیاری و شیرینیم بۆ بكڕێت، من له‌گه‌ڵی ناچم و ده‌ڵێم (نه‌خێر).
(7) ئه‌گه‌ر له رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌مدا بۆ ماڵه‌وه پاش ته‌واوبوونی وانه‌كانم گه‌وره‌یه‌ك هاته به‌رده‌مم و گوتی: دایكت له خه‌سته‌خانه‌یه و تۆ ده‌به‌م بۆلای. متمانه‌ی پێناكه‌م و له‌گه‌ڵی ناچم و به‌ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێم (نه‌خێر).
به‌بێ پرسی منداڵەکە خۆی باوه‌ش و ماچی مەکە
ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه په‌لاماریدایت و به‌ته‌نیا بویت، به‌ده‌نگی به‌رز هاوار بكه و بڵێ (فریام كه‌ون)، چڕنووكی لێبگره، گازی لێبگره، تفی لێبكه و پاڵی پێوه‌بنێ ئه‌وانه هه‌مووی مافی تۆن. به‌رگری له خۆت بكه، ئه‌وه مافی تۆیه.
ئه‌گه‌ر ترسام و نه‌موێرا بڵێم (نه‌خێر) له‌وكاته‌دا چی بكه‌م؟
ئه‌گه‌ر له ره‌فتاری ئه‌و كه‌سانه تێنه‌گه‌یشتم و نه‌مزانی بۆچی ده‌یانه‌وێت ده‌ست بۆ له‌شم به‌رن، باوه‌شم پێدابكه‌ن و ماچم بكه‌ن چی؟
ئه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه ترساندمی و گوتی: نابێت به‌هیچ كه‌سێك بڵێیت و هه‌ڕه‌شه‌ی لێكردم. چی بكه‌م؟
ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه به‌زۆر ناچاریكردم به‌وه‌ی ده‌ست بۆ له‌شم بێنێت، ماچم بكات و جله‌كانم دابكه‌نێت، چی بكه‌م؟
له‌م كاتانه‌دا هه‌وڵبده كه‌سێك بدۆزیته‌وه كه متمانه‌ت پێیه‌تی، ئه‌وه‌ی كه روویداوه بۆی باسبكه و داوای هاوكاری لێبكه. متمانه‌ت به كێ هه‌یه قسه بۆ ئه‌و بكه، ده‌كرێ په‌نا بۆ دایكت، باوكت، مامۆستاكه‌ت یاخود هاوڕێكه‌ت به‌ریت.
*ئەم بابەتە تایبەتە بە کوردستانی نوێ، هیچ کەس و لایەنێک مافی بڵاوکردنەوەی نییە بێ ئاماژەکردن بە سەرچاوەکەی
*ماسته‌ر له یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و راهێنه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان