چراكانی نیشتمان؛ كەمال جەلال غەریب، گوڵدانی فەرھەنگ

11:21 - 2024-11-21
کەلتور
148 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا


كەمال جەلال غەریب، كەسایەتییەكی دیار و ناسراوی كوردستانە، ئەو بڕوای وابوو زانست‌ و زانیاری بناغەی پێشكەوتن‌و گەشەپێدانی هەر گەلێكە، بۆیە هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتكردن لە بواری زانستیدا تەرخان كرد، بەرهەمە زانستییەكانی گەواهی ئەو راستیەن‌ و وەك سامانێكی نەتەوەیی بەیادگاری ماونەتەوە.
ئەم پیاوە زانستپەروەرە لەساڵی 1929 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە، لە ئامێزی خانەوادەیەكی ناسراو و رووناكبیری ئەو شارەدا پەروەردە بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە.
بەشی زانستی كیمیای لە خانەی مامۆستایانی باڵا لەبەغدا خوێندووە.
ساڵانێكی زۆر وەك مامۆستا‌و بەڕێوەبەر‌ و سەرپەرشتیار لەكایەی پەروەردەو خوێندندا خزمەتی كردووە‌و شوێن پەنجەی لەو بوارەدا دیارە.
مامۆستا كەمال لە رێكخراوە پیشەییەكانی وەك مامۆستایان‌و نووسەران‌و كۆڕی زانیاری كورد كاری كردووە‌و كەسێكی چالاك‌و هەڵسوڕاو بووە‌و خزمەتی زۆری كردووە.
مەیدانی نووسین‌و لێكۆڵینەوەی زانستی مەیدانی سەرەكی كاركردنی ئەو بوون، لەرێی قەڵەمە بەبڕشتەكەیەوە خزمەتێكی زۆری لەبواری زانستی پێشكەش كردووە.
ئەو چەندین وتارو لێكۆڵینەوەی زانستی لەگۆڤارو رۆژنامەكانی سەردەمی خۆی بڵاو كردۆتەوە.
خاوەنی چەندین كتێبی زانستیشە لەوانە: (ئەتۆم لەمێژوودا، بیست پیشەسازی كیمیاگەری، یەكەم ئادەمیزاد پێی نایە سەر مانگ)‌و چەندانی تر.
مامۆستا كەمال بەحوكمی ئەوەی بێ‌ لەزمانی دایك، زمانەكانی دیكەی عەرەبی‌و ئینگلیزی بەباشی زانیوە، بایەخێكی زۆری بەدانانی فەرهەنگی زانستی بە‌و زمانانە داوە‌ و خاوەنی چەند فەرهەنگێكی زانسییە، كە كەلێنێكی گەورەی كتێبخانەی كوردییان پڕ كردۆتەوە.
دیارترین فەرهەنگە زانستییەكانی فەرهەنگی (كەمالنامە)یە كە وشە‌و زاراوەكانی بەزمانەكانی كوردی‌و عەرەبی‌و ئینگلیزی نووسراون‌و ئەكرێ‌ بەفەرهەنگی تەمەن‌و دایكی فەرهەنگەكان دابنرێت چونكە فەرهەنگێكی قەبارە گەورەی 1700 لاپەڕەییە.
بەحوكمی  پێگە‌و توانای مەزنی زانستی‌و هەڵوێستی كوردپەروەرانەی، ساڵی 1992بۆ ئەندامێتی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستاندا لەسەر لیستی یەكێیتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵێوراو و بووە ئەندامی پەرلەمان، لەوێش لەبواری پسپۆڕی خۆی خزمەتێكی زۆری بەكایەی زانستی كرد‌ و شوێن پەنجەی بەداڕشتنی یاساكانی ئەو بوارەوە دیار بوو.
دوای خزمەتێكی زۆر بەگەنجینەی زانستیی كوردستان، لەرۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2006 بەیەكجاری ماڵئاوایی كرد، بەڵام ناو و ناوبانگ‌و بەرهەمەكانی هەمیشە بەنەمری ئەمێننەوە.
دروودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مامۆستا كەمالی زانستپەروەر‌ و وڵاتپەروەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان