بەرز و پیرۆزڕاگرتنی رۆژی شەهیدی یەكێتی

بڵێسە جەبار فەرمان: ئەوەی بۆ كەسوكاری شەهیدان كراوە، لەئاست خەبات و ماندووبوونیاندا نییە

11:17 - 2024-11-24
کوردستان
67 جار خوێندراوەتەوە

بڵێسە جەبار فەرمان لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدان و تێكۆشەرانی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ دیجیتاڵ میدیای كوردستانی نوێ، رایگەیاند: ئێمەی كەسوكاری شەهیدان، لەسەر رێبازی شەهیدەكانمان بەردەوام دەبین و مەشخەڵی یەكێتی، كە بەدەستی ئەوان داگیرساوە، بەڵێن دەدەین هەردەم گەشاوە و گەشاوەتر دەبێت، وتیشی: ئەوەی بۆ كەسوكاری شەهیدان كراوە، لەئاست خەبات و ماندووبوونیاندا نییە، بۆیە هەوڵەكانمان بەو ئاڕاستەیە دەبێت لەڕێگەی پەرلەمان و یاساوە، لەڕێگەی حكومەتەوە خزمەتی زیاتری كەسوكاری شەهیدان بكەین.

دوێنێ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا، بە چەندین چالاكی و رێوڕەسمی شایستە، رۆژی شەهیدی یەكێتی بەرز و پیرۆز راگیرا.

پەیامی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی
لە پەیامێكدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایدەگەیەنێت: بە شانازی و وەفادارییەوە یادی شەهیدانمان دەكەینەوە و رۆژی شەهیدی یەكێتی بەرز رادەگرین و سڵاو و خۆشەویستیی زۆرمان بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین و لەبەرامبەر دڵسۆزی و خۆڕاگرییاندا سەری رێز دادەنەوێنین.
سەرۆك بافڵ، ئاماژەی بەوەشكردووە كە یادكردنەوەی مێژووی حزبەكەمانە لەپێناوی ئازادی و سەرفرازیی گەلەكەماندا، یادكردنەوەی هەموو ئەو قارەمانانەیە كە خوێنی خۆیان پێشكەشی خاكی كوردستان كرد و بە ژیانی خۆیان ئەم ئەزموونەیان هێنایە كایەوە، كاتێكیش بیر لەڕابردووی پرشنگدارمان دەكەینەوە، سوورترمان دەكات تا لە داهاتوودا بە هەمان رۆحیەتی یەكێتییانەوە بەگژ نادادی و نایەكسانیدا بچینەوە و ئەو بەڵێنەی بە خەڵكمان داوە، پارێزگاریی لێبكەین و هەنگاو بۆ داهاتوویەكی سەقامگیرتر و شەرەفمەندانەتر بنێین، بەمەش رۆحی شەهیدانمان شاد دەكەین و كوردستان بەرەو قۆناغێك ئاڕاستە دەكەین كە شایستەی ئەو رووبارە خوێنەی رۆڵەكانمان بێت.

سلێمانی،  یادكردنەوەی رۆژی شەهیدی یەکێتی لە گۆڕستانی شەهیدان

بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە لێپرسراوان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان، لە گۆڕستانی شەهیدان لە گردی سەیوان، رۆژی شەهیدی یەكێتی، بەرزڕاگیرا.
زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی، وتارێكی بەناوی مەكتەبی شەهیدان و مەڵبەندی سلێمانییەوە پێشكەشكرد و رایگەیاند: هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان و خەباتی نەبڕاوەی حزبەكەمان بە رابەرایەتیی سەرۆك مام جەلال، بۆ گەلی كورد و خاكی كوردستان بوو، ئەو هەموو قوربانیدان و شەهیدەش هەر لەوپێناوەدایە و كاروانەكەش بەردەوامە. وتیشی: ئێستا كە لێرەین، یادی نزیكەی 27 هەزار شەهید دەكەینەوە، ئەوەش تۆمارێكی زێڕین و درەوشاوەی یەكێتی-یە، هەر ئەوەشە وایكردووە یەكێتی لە هەموو حزبەكانی تر جیاوازتر بێت و لەم قۆناغە نوێیەشدا بەسەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، یەكێتی كاری لەپێشینەی پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستانە و هیچ پاشەكشەیەك لەو بەڵێنانە ناكەین كە بە خەڵكمان داوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان