«لە چوار رۆژی جەژندا، ژمارەی گەشتیار بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیاتر بوو، هیچ رووداوێكی نەخوازراویش تۆمارنەكرا»
لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا، زیاتر لە 110 هەزار گەشتیار روویان لە سلێمانی كردووە، ژمارەكە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیاترە، هیچ رووداوێكی نەخوازراویش تۆمارنەكراوە. بەپێی لێدوانێكی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانیش «لە رۆژانی جەژندا هیچ رووداوێك لە سلێمانی رووینەداوە و شار ئارام بووە».
لەمیانی بەشداریكردنی لە هەواڵەكانی دەنگی گەلی كوردستان، سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی، ئەوەی خستۆتەڕوو كە پێش جەژن، بەڕێوەبەرایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە سنووری سلێمانی پلانی پێویستیان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و بەشێوەیەكی گشتیش بۆ سەقامگیری و ئارامی لە سنووری سلێمانی و شوێنە گشتی و قەرەباڵغەكان دانا، وتیشی: پلانەكان لە رۆژانی جەژندا بە سەركەوتوویی جێبەجێكران و خۆشبەختانە هیچ رووداوێكی نەخوازراو رووینەداوە و رۆژانێكی ئارام بەڕێكرا، ئەوە لەكاتێكدا بوو كە گەشتیارێكی زۆر هاتوونەتە شارەكە و ژمارەكەش زۆر زیاتر بوو لە ساڵانی رابردوو.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی، ئاماژەی بەوەش كردووە كە یەكێك لە پلانەكان رێگریی بوو لە فرۆشتنی یارییە ئاگرینەكان، بۆ ئەوەش بەڵێن لە دوكاندار و خاوەن ماركێتەكان وەرگیرابوو كە كڕین و فرۆشتن بە یارییە ئاگرینەكانەوە نەكەن، خۆشبەختانە هەر بەو شێوەیەش بوو و كەمترین یاریی ئاگرین بەكاردەهێنرا، لە هەر شوێنێكیش ئەو یاریە ئاگرینانە بەكارهاتبن یان كڕین و فرۆشتنیان پێوەكرابێت، لەلایەن مەفرەزەكانەوە رێگریی لێكراوە و دەستی بەسەرداگیراوە.
لە راگەیەنراوێكیشدا، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئاماری رۆژانی جەژنی خستۆتەڕوو كە «110 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی و بەراورد بە ساڵی رابردووش رێژەكە زۆر زیادیكردووە».
ئارام شوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، لە راگەیەنراوەكەدا، دەڵێت: زۆربەی گەشتیاران لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە هاتوونەتە سلێمانی. «ساڵی رابردوو لە رۆژانی جەژنی قورباندا نزیكەی 85 هەزار گەشتیار هاتبوونە سنووری پارێزگای سلێمانی».