لە بناری چیای مامەندە، راوکردن بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە

12:11 - 2022-07-14
ڕاپۆرت
670 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: جێگر خدر

دانیشتووانی گوندی بێگەڵاسی پشدەر، ئەنجومەنێکیان بۆ رووبەرووبوونەوەی راوچیانی سنووری چیای مامەندە لە لە ناحیەی هەڵشۆ پێکهێناوە، ساڵێک زیاترە بە وردی چاودێری ناوچەکەیان دەکەن و بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕینیش دەڵێت؛ راوکردن کەمی کردووە.

هەموو جۆرە راوکردنێک قەدەغەیە
ئەگەرچی بەپێی رێنماییەکانی دەستەی ژینگە، راوی بەشێک لە باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان رێگەپێدراوە و یاساییە، بەڵام لە گوندی بێگەڵاسی بناری چیای مامەندە، کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی هەڵشۆ لە قەزای پشدەر، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ئەنجومەنێکیان لە خەڵکی گوند پێکهێناوە و رووبەڕووی هەر راوچییەکی نێوخۆیی و دەرەکی دەبنەوە کە بیەوێت راو بکات، بە راوی رێگەپێدراویشەوە.
حەسەن بێگەڵاسی، یەکێکە لە چالاکەوانەکانی ژینگە و لەگەڵ پۆلێک لە گوندنشینانی دیکە، ساڵی پار بەشێوەیەکی رەسمی و بە هەماهەنگی پۆلیسی ژینگە و دارستانی سنوورەکە، ئەنجومەنێکیان پێکهێناوە و راوی هەر باڵندەیەکی کێوی، ئاژەڵ و گیانلەبەرانی قەدباڵی چیای مامەندە لە سنووری ناحیەی هەڵشۆیان قەدەغەکردووە، لە بەیاننامەیەکیشدا کە بۆ رای گشتی لە سۆشیال میدیادا بڵاویان کردووەتەوە، دەڵێن: هەر راوچییەک، چ خەڵکی سنوورەکەبێت یان راوچی شار و ناوچەی دیکە، بیەوێت سروشتی ناوچەکەمان تێکبدات، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، هاوکات رادەستی پۆلیسی سنوورەکەی دەکەین».
بێگەڵاسی دەڵێت: لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا، ئەم هەنگاوەی نرا، توانی ئامانجی خۆی بە باشی بپێکێت، ساڵانی رابردوو هەست دەکرا بەرەبەرە باڵندەی سروشتی خەریک بوو کەمدەبوونەوە، راوچی نێوخۆیی و هی ناوچەی دیکەش بڕستییان لە سروشتە قەشەنگەکەی ئەو بنارە بڕیبوو، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا کەو و باڵندەی دیکەش، ئاژەڵی دیکەی وەک کەروێشکیش زۆربوون و خەریکە لە مرۆڤەکانی ئەو گوندانە سڵناکەنەوە و ناترسن و دۆستایەتییەکی باش هاتۆتە کایەوە».

لە راپەڕین، راوی نایاسایی کەمی کردووە
حەمەشوان بەرزنجی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین رایدەگەیەنێت، دەستەی ژینگە لە ساڵی 2015 چەند رێنماییەکی دەرکردووە، تێیدا جگە لە راوی کەو، تاژی، کەروێشک و مراوی، راوکردنی دیکە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و راوچی سەرپێچیکار تووشی لێکۆڵینەوە و سزا دەبێت، هەم قەرەبووی مادی دەبێ بدات، هەمیش کەلوپەلەکانی بە چەکەوە لێدەسێنرێتەوە و لە زیادکردنێکدا دەفرۆ
شرێنەوە.
هەروەها وتیشی، دەستەکەیان هەماهەنگی تەواوی هەیە لەگەڵ پۆلیسی دارستان، رێنماییەکانیان بە ئەوان داوە و راوچییان هەرکارێکی بەدەر لەو رێنماییانە بکەن دووچاری لێکۆڵینەوە دەبنەوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، هاوکات هەر ئەم رێنماییانە لە رێگەی کەناڵەکانی میدیا و سۆشیال میدیاوە بۆ رای گشتی بڵاوکراونەتەوە و هەر بڕیار یان رێنماییەکی نوێ دەربچێت، لە رێگەیانەوە بڵاوی دەکەینەوە.

هاووڵاتیانیش یارمەتیدەرێکی باشن
راشیدەگەیەنێت، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە سنووری فەرمانگەکەیان هۆشیارییەکی باشیان هەیە و ئێستا جگە لە لایەنی پەیوەندیدار، هاووڵاتیانیش هاوکار و یارمەتیدەرێکی باشن بۆ کەمبوونەوەی رێژەی راوکردنی نایاسایی، بەو هۆیەشەوە راوکردن بەشێوەیەکی باش رووی لە کەمی کردووە، بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، جگە لە کەمبوونەوەی دیاردەکە، هاوکاتیش رێژەی ئەو کەسانە رووی لە زیادبوون کردووە کە هەوڵی ئازادکردنی باڵندە و ئاژەڵی گیرویان دەدەن، کە پێشتر راوکراون،  ئەو هەنگاوەی دانیشتوانی گوندی بێگەڵاسیش بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینێت و داواش دەکات لە سنوور و ناوچەی دیکەش ئەو هۆشیارییە هەبێت و سروشتی جوانی کوردستان وەک خۆی بهێڵرێتەوە و نەشێوێنرێت.
بەپێی خشتەیەک کە دەستەی ژینگەی هەرێم بڵاوی کردووەتەوە، راوکردنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان سزای قورسی لەسەرە و زۆرێکییان بڕی سزا مادییەکەی 10ملیۆن دینارە، لە خشتەکەدا هاتووە، راوکردنی پڵنگ، تاژ پڵنگ، ورچی قاوەیی، ورچی ڕەش، ئاسك، مامز، مەڕ و بزنی كێوی سزای 10ملیۆن دیناریان لەسەرە، هەروەها بەراز 500 هەزار دینار، بۆ رێوی 300هەزار دینار و سیخوڕیش 200هەزار دینار و سمۆرەش 100 هەزار دیناری سزا لەسەر دانراوە.

#راوکردن

بابەتە پەیوەندیدارەکان