تەوەری كراوە..

بەرنامەی یەكێتی بۆ سێكتەری پەروەردە چی بێت، چۆن ئەم بوارە كاراتر و خزمەتگوزارتر بێت؟

09:45 - 2024-11-25
کوردستان
40 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵا- هەولێر
جێگر خدر- راپەڕین 

1 - 2

بۆ بەڕێوەبردنی سێكتەرە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی ی.ن.ك پرۆگرامێكی چڕوپڕی خۆی هەیە، بەڵام بەلایەوە گرنگە بەپێی پێویستییەكانی واقیع و بیروڕای پسپۆران و پەیوەندیدارانیش، كاربكات. هەر پارتێكی سیاسیی براوەی هەڵبژاردن، بیەوێت لە كابینەی حكومەت و كارنامەكەیدا جێ پەنجەی دیاربێت، پێویستە تێڕوانێنێكی زانستی و واقیعی و كردەیی هەبێت بۆ سێكتەرە جیاجیاكانی بەڕێوەبردنی وڵات و لە كارنامەی فەرمانڕەواییدا جێی بكاتەوە. بۆیە كوردستانی نوێ، ئەوەندەی پێویست بێت، هەر جارەو سێكتەرێك هەڵدەبژێرێت بۆئەوەی لەبارەیەوە بیرۆكە و پێشنیازەكانی كەسانی شارەزا و پسپۆڕ و پەیوەندیدار وەربگرێت. تەوەری كراوەی ئەمجارەش تایبەتە بە سێكتەری پەروەردە.

د.جەمیل عیسا:
پێویستە پێداچوونەوە بە كەرتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بكرێت، تاكو لە ئاستی گۆڕانكارییەكاندا بێت

پێداچوونەوە بە كەرتی پەروەردە
سەبارەت بە کەموکوڕیی پەروەردەیی و کێشە و کەموکوڕییەکانی کەرتی پەروەردە لە سنووری پەروەردەی قەزای کۆیە د.جەمیل عیسا بەرێوەبەری پێشووی گشتی پەروەردە لە قەزاکە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر زۆربەی بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگادا هاتووە، پێویستە پێداچونەوە بە كەرتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بكرێت، تاكو لە ئاستی گۆڕانكارییەكاندا بێت.
هەروەها وتی: ئەوەی پێویستە بكرێت، بۆ دەستپێكردنی ئەو گۆڕانكارییانە، باشكردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایانە، چونكە ناكرێت مامۆستا كێشەی مووچەی هەبێت و لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە تووشی دەیان نەهامەتی ببێتەوە، هەروەها لە كاتی ناڕەزایی و گردبوونەوەكان بۆ داواكردنی مافەكانیان شەقی تێ هەڵبدرێ و ئیهانە بكرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد و وتی: لە هەر وڵاتێك پەروەردە خراپ بێت، ئەو وڵاتە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت و توشی چەندین كێشە و گرفتی دیكە دەبێتەوە، بەو پێیەی پەروەردە پەیوەندیی بە هەموو سێكتەرەكانی تری ژیانەوە هەیە، نەوەك وەک بابەتێكی لاوەكی سەیربکرێت، دووپاتیشی کردەوە و وتی، جگە لە گرنگیدان بە مامۆستا پێویستە سیستەمی پەروەردە بە جۆرێك رێكبخرێتەوە بتوانین ئاستی خوێندكار بەرەوپێش ببەین، لەوانەش گرنگیدان بە باڵەخانەی خوێندگاكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی، بەتایبەتی بۆ قۆناغی بنەڕەتی، هەموو ئەوانە دەبنە هەوێنی باشبوونی كەرتی پەروەردە لە هەرێم.

عیسا حسێن:
لە ئەنجامی ئەو بارودۆخەی بەسەر كەرتی پەروەردەدا هاتووە، ئاستی خوێندكاران بەڕادەیەكی بەرچاو دابەزیوە

بایەخی تایبەتی بە كەرتی پەرورد بدەن
هەرلەو بارەیەوە، عیسا حسێن سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ‌و دەستپێكردنی دانیشتنەكان، لەسەر هەموو فراكسیۆنەكان و بەتایبەتی فراكسیۆنی یەكێتی پێویستە، بایەخی تایبەتی بە كەرتی پەروەردە بدەن، چونكە كەموكوڕییەكی زۆر لەو كەرتە هەیە، تاكو ئێستا چارەسەر نەكراوە.
هەروەها وتی: لە 32 ساڵی رابردو و لە كابینەكانی حكومەتی هەرێم و خولەكانی پەرلەمانی كوردستان، هەوڵدراوە بۆ باشكردنی سیستەمی پەروەردە، بەڵام هەندێك لەو هەوڵانە سەركەوتوو نەبوو، هەندێك هەوڵی تر بە ئاراستەی خراپتركردنی پەروەردە كاریان كردووە تا بەمڕۆ گەیشتووە، چونكە لەو ماوەیەدا چەندین كۆنفرانس و كۆنگرەو سیمینار و كۆبوونەوە لە بارەی ئەو سێكتەرە ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوە حاڵی پەروەردەیە كە دەیبینین.
عیسا حسێن تەئكیدیشی كردەوەو وتی: لە ئەنجامی ئەو بارودۆخەی بەسەر كەرتی پەروەردەدا هاتووە، ئاستی خوێندكاران بەڕادەیەكی بەرچاو دابەزیوە بەراورد بە ئاستی خوێندکارانی پێش راپەڕینی 1991، بەجۆرێک بەشی زۆری خوێندكارانی ئێستا ناخوێنن و بە دوای سەرچاوەكانی زانستدا ناگەڕێن، بۆیە كاتێك كەسێك دەچێتە زانكۆ بێ توانا دەردەكەوێت.
پێشنیازیشی بۆ بۆ چاککردنی کەموکوڕییەکان دەڵێت: جگە لە پەرلەمان پێویستە لەلایەن كەسانی شارەزاو بە ئەزموونی پەروەردەوە كاری جددی بكرێت، بۆ دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان و دانانی بەرنامەو پلانی تۆكمە بۆ چارەسەركردنیان، بەبێ رەچاوكردنی بەرژەوەندیی حزبی و كەسی و ناوچەیی.

 

عومەر خەلیفە:
«کەمی بینا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەتایبەت لە سنووری راپەڕین، گرفتێکی بنەڕەتیی سێکتەری پەروەردەیە

کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێت
لای خۆیەوە، عومەر خەلیفە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە ئیدارەی راپەڕین، لە بارەی کەموکوڕییەکانی پەروەردە و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان چەند پێشنیازێک دەخاتە بەردەم تیمی یەکێتی لە کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم و دەڵێت: «کەمی بینا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەتایبەت لە سنووری راپەڕین، گرفتێکی بنەڕەتی سێکتەری پەروەردەیە، پێویستە یەکێتی ئاوڕێکی جددی لەوبارەوە لە ئیدارەی راپەڕین بداتەوە، ھەروەھا کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێت و چیدیکە غەدر لە کەسی شیاو نەکرێت، کەسانێک ھەن شیاوی ئەوەن بەرپرسیارێتی گرنگیان پێ بدرێت و دڵسۆزی کەرتی پەروەردەن، کەچی ھەست بە پەراوێزخستنیان دەکرێت، لە لایەکی دیکەوە کەمیی مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندندا گرفتێکی گەورەیە، چونکە لە 2014ەوە دامەزراندن نییە، وێڕای بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لەم ساڵدا ھێشتا قوتابخانەو خوێندنگەکان لەبەردەم گرفتی کەمیی مامۆستادان.
ئەو سەرپەرشتیاری پەروەردەییە باسی لەوەشکرد، کە کۆرۆنا و بایکۆت لایەنی زانستیی تا ئەندازەیەک پەکخست، ئاستی خوێندکاران و تەنانەت مامۆستایانیشی دابەزاند، بۆیە پێشنیار دەکات کە: یەکێتی لە کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم، خولی گەشەسەندن و خۆبەرەوپێشبردن بۆ کادرانی پەروەردەیی بخاتە بەرنامەی کاریەوە، پێشخستنی کەرتی پەروەردە بکاتە مەرج بەسەر ھاوبەشەکانی لە کابینەی نوێی حکومەت.

 

ئومێد تۆفیق:
تێکڕای قوتابخانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رانیە، پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە

کەمیی بینا و مامۆستا لە رانیە
ئومێد تۆفیق، بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیەش گرفتە سەرەکییەکانی سنووری بەڕێوەبەریەتییەکەی بۆ کوردستانی نوێ باس دەکات، پێشنیازیش دەکات، یەکێتیی چارەسەرکردنیان بخاتە بەرنامەی کاری لە کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم، کە بڕیاروایە لە ئایندەدا پێکبێت، لەو رووەوە دەڵێت: تێکڕای قوتابخانەکانی سنووری بەڕێوەبەریەتی پەروەردەی رانیە، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە، بەشێکیان بێکەڵک بوون و شیاوی وانەخوێندن نەماون، لەپاڵ ئەوەشدا ھێشتا رێژەی بینا لە رانیە کەمەو لۆدێکی زۆر لەسەر ئەو بینایانە ھەیە، پێویستمان بە دروستکردنی بینای زیاتر ھەیە. 
هەوروەها باس لەوەش دەکات و دەڵێت: کێشەی پەروەردە زۆرن، بەڵام تەنها دەمەوێ تیشک بخەمە سەر کێشە سەرەکییەکان، چونکە بەر لەھەر شتێک خوێندن دوو کۆڵەکەی سەرەکی ھەیە، دەبێت ئەو دوو کۆڵەکەیە بەباشی دابکوترێت، بینا و مامۆستا، لە راستیدا ئەمساڵ یەکەمین ساڵە دووچاری گرفتی کەمیی مامۆستا دەبینەوە بەو شێوەیە، ئەو گرفتە ساڵانی پێشوو بە مامۆستای وانەبێژ چارەمان دەکرد، بەڵام ئێستا حکومەتی ھەرێم ئەوەشی راگرتووە و وەرگرتنی مامۆستای وانەبێژی نەھێشتووە، تەنانەت زیاد لە 25 وانە لە 25 قوتابخانەی جیا، تاوەکو ئێستا ھیچی لێ نەخوێندراوە، ئەمەش بەھۆی راگرتنی وەرگرتنی وانەبێژان، ئەوە بڕیارێکی خراپ بوو، چونکە بێگومان ساڵانە چەندان مامۆستای میلاک مۆڵەت وەردەگرێت بۆ نەخۆشی و دایکایەتی، یان لەژیاندا نامێنێت، ئەوانە دەبێت بە وانەبێژ پڕبکرێنەوە، بۆیە داوامان لە تیمی یەکێتی لە کابینەی نوێی حکومەت ئەوەیە، ھەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەوە، گرفتەکانی بینا و مامۆستامان بۆ چارەسەر بکات، دواتریش بە پلانێکی ورد کار بۆ نەھێشتنی ھەموو ئەو بەربەستانە بکات کە لەبەردەم سێکتەری پەروەردەدان.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان