مەسرور بارزانی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی پیرۆز دەکات و دەڵێت: جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەینەوە.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی (50)ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: بە بۆنەی (50)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک، سەرکردایەتیی و گشت ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
مەسرور بارزانی، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئاماژەی بەوەش داوە: ئومێدەوارم یەکێتیی وەک حزب و لایەنێکی گرنگی هەرێمی کوردستان، لە خەبات و تێکۆشانی خۆی لەپێناوی داکۆکیکردن لە پرس و دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت.
لە بارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمەوە، سەرۆک وەزیران دەڵێت لەم بۆنەیەدا، جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەینەوە، بۆ ئەوەی درێژە بە کارنامە چاکسازییەکەی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بدات و رووبەڕووی ئاڵنگارییە هەرێمی و ناوچەییەکان ببێتەوە.