بەبۆنەی یۆبیلی زێڕینی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
(٥٠) ساڵ خەباتی نەپچڕاوەی پڕ لە تێکۆشان و مێژوویەکی تەژی لە سەروەری و سەربەرزی، تا ئەم قۆناغەی ئێستای نێو ئاڵنگارییەکانی دنیای سیاسەتی پڕ لە کێشمەکێش و یەکتر سڕینەوە، شکۆیە و شانازییە بۆ ئێمەی خاوەن رێبازی مام، کە یەکێتی تا ئەم کاتە هێزێکی کاریگەری نێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ناوچەکەیە بە شێوەیەکی گشتی، بە دڵنیاییشەوە بۆ ئایندەیەکی گەشاوەتر لە هەنگاوەکانی بەردەوامە، چونکە هێزی یەکێتی هێزی گەلە و ئاواتی بەدیهێنانی خەونەکانی گەلی کوردە.
لەم بۆنە پیرۆزەدا، کە یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتییەکەمانە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرین و زیندانییە سیاسیەکان، پێشمەرگەکانی سەنگەری بەرگری لە نیشتیمان و جەماوەرە دڵسۆزەکەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم.
یەکێتیی نیشتیمانی، هەمیشە لە بەرەی گەلەوە هەنگاو و جووڵە سیاسییەکانی ناوە و بیروڕای جیاوازی بۆ چارەسەری کێشەکان هەبووە لە گشت قۆناغە جیاجیاکانی نێو کایەی سیاسیدا، بژێوی ژیان و دەستەبەری مافەکانی جەماوەری بە ئەرک و خەمی خۆی زانیوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە یەکێتی لە دیدگای بەرپرسیارێتی و لەسەر بنەمای دیموکراسی و ماف و ئازادیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی درێژەی بە خەباتی شۆڕشگێری و بەردەوامبوونی پڕۆسەی حوکمڕانی داوە.
هیواخوازم لەم یادەدا، یەکێتی وەک هێزێکی پێشکەوتنخواز و خاوەن ئەزموون لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا لە روانگە دیموکراسی و پێشنیار و تێزە پڕ واقیعییەکانییەوە وەرچەخانێک بێنێتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردن و چەسپاندنی پرسە دەستووری و یاساییەکان، هەروەها کار بکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگاریی و بەربەستانەی کە لە بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عیراق و کوردستاندا بوونی هەیە.
لەم یادە پڕ شکۆیەدا، سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی دامەزرێنەر و سەرکردەی مێژوویی و خەباتگێڕی گەلەکەمان هەڤاڵ مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دادەنەوێم.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٦/١