یوسف ئەمین

لە دەربەندیخانەوە بۆ هەڵبژاردەی لاوانی ئەڵمانیا و پێشكەوتووانی عیراق

01:14 - 2024-11-26
وەرزش
84 جار خوێندراوەتەوە

لە یاریی نێوان عومان و عیراقدا لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی ئایندە، یوسف ئەمین گۆڵی بردنەوەی بۆ عیراق كرد و عیراقی كردە خاوەنی 3 خاڵی گرنگ و بۆ پلەی دووەمی ریزبەندیی گروپەكەشی سەرخست.
یوسف ئەمین یاریزانێكی كوردی تری بەشداری هەڵبژاردەی عیراقە، لە ئەڵمانیا لە خێزانێكی كورد لە دایكبووە، دایك و باوكی خەڵكی دەربەندیخانن و لە جافەكانی ئەو سنورەن.
ناوی تەواوی یوسف والی فایەق ئەمینە، 21/8/2003 لە شاری ئیسن -ی ئەڵمانیا لەدایكبووە، لەتەمەنی چوار ساڵییەوە چۆتە فێرگەی یانەی بوخوم -ی ئەڵمانیا، دواتر چۆتە فێرگەی یانەی بروسیا دۆرتمۆند و تا ساڵی 2020 لەو فێرگەیە یاریی كردووە.
پاشان كە ئاستی هونەریی بەرزدەبێتەوە، دەچێتە ریزەكانی یانەی كۆڵن و پاشان چۆتە یانەی فینۆردی هۆڵەندا و لە تیپی دووەمی ئەم یانەیە یاریی كردووە، دواتر یاریی لە خولی پلە دووی یانەكانی ئەڵمانیادا كردووە.
كاتێك دوای لێدەكرێت هەڵبژاردەی عیراق یان ئەڵمانیا یەكێكیان هەڵبژێرێت، یوسف هەڵبژاردەی عیراق هەڵدەبژێرێت، لەبەر ئەوەی ئاستی هونەری باشبووە، بۆ هەڵبژاردەی لاوانی عیراق بانگهێشت کراوە، بەڵام ئەم رەتیدەكاتەوە، دواجار كاتێك خیسۆس كاساس بانگهێشتی دەكات بۆ هەڵبژاردەی یەکەمیی عیراق، بەم داوایە قایل دەبێت و فیفاش رەزامەندی پیشان دەدات یاریی بۆ هەڵبژاردەی عیراق بكات، چونكە پێشتر بۆ مانشافت و بۆ هەردوو تیپی لاوان و تازەپێگەیشتووانی ئەڵمانیا یاریی كردبوو.
لەسەر دەستی كاساس و رۆژی 16/11/2023 یەكەم یاریی بۆ هەڵبژاردەی عیراق بەرامبەر ئەندەنوسیا دەکات، لەم یارییەدا گۆڵێكی كرد، ئەم یاریزانە كوردە تائێستا 5 یاریی بۆ هەڵبژاردەی عیراق كردووە، 183 دەقیقە یاریی كردووە، یاریزانێكی بەرگریكاری لاوی لێهاتووە و كاساسی راهێنەر متمانەی تەواوی پێیەتی. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان