بێ کارەبایی، بازاڕی لایت شەحنی گەرم کردووەتەوە

لە دوای یەکی شەو لە زۆربەی گەڕەکەکاندا کارەبا نییە

09:36 - 2024-11-27
ڕاپۆرت
132 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

 بەپێی نوێترین راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌ ئەهلییەکان بۆ مانگى تشرینی دووەم بەمشێوەیە دەبێت، رۆژانە لە سەعات 12ی نیوەڕۆ تا سەعات یەکی شەو لە کاردا دەبن، کارەبای موەلیدە لە سەعات یەکی شەو دەکوژێتەوە تا سەعات 6:30 خولەکی بەیانی.

پێویستە هاووڵاتی لە شەو  و رۆژێکدا، 9 سەعات و 30 خولەک ئامادەبێت بۆ نەبوونی کارەبا

بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکان
هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی، سەعات 6:30 خولەک تا سەعات هەشتی سەربەیانی موەلیدەکان کاردەکەن، پاشان کارەبای موەلیدە دەکوژێتەوە تا سەعات 12 نیوەڕۆ.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت: موەلیدەکان رۆژانی هەینی و شەممە بەیانیان کارناکەن، لەبری ئەوە لەو دوو رۆژەدا سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ کاردەکەن.
ئەم خشتەیەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان تەنها بۆ شاری سلێمانی نییە، بەڵکو لە هەموو هەرێمی کوردستاندا بەرنامەکە هەمانشێوەیە بە درێژایی وەرزی زستان، هاوکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەرکات کارەبای نیشتمانی هەبوو موەلیدەکان کارناکەن. ئەم خشتەیە وادەکات لە کاتێكدا کە کارەبای نیشتمانی نەبێت، هاووڵاتی لە سەعات هەشتی بەیانی بۆ سەعات 12 نیوەڕۆ و لە سەعات یەکی شەو تا سەعات 6:30 خولەکی بەیانی بێ کارەبا بێت، واتا لە ماوەی شەو و رۆژێکدا 9 سەعات و 30 خولەک کارەبا نابێت، لەو کاتانەدا هاووڵاتی هەر پێویستییەکی بە کارەبا هەبێت دەبێت چاوەڕوانی رەحمی حکومەتی هەرێم بێت بۆ هەڵکردنی کارەبای نیشتمانی.

دۆخی بێ کارەبایی
سەعات یەکی شەوە، کاتی کوژانەوەی کارەبای موەلیدەیە و بەهۆیەوە لە زۆرینەی گەڕەکەکانی شاردا تاریکستانە، کاڵێ جەمال دایکی نەخۆشە و لەسەر جێگەیە، کارەبای موەلیدە کوژاوەتەوە و کارەبای نیشتمانیش نییە، بە ناچاری لایت شەحن هەڵدەکات بۆئەوەی بتوانێت بەباشی دایکی ببینێت و ئاگاداری بێت.
کاڵی دەڵێت: رەوایە لە سەدەی 21 دا لە دوای سەعات یەکی شەوەوە شار تاریک بێت و کارەبا نەبێت؟ ئەمە کاری زۆرینەی شەوەکانی منە و بەدیار لایت شەحنەوە دادەنیشم و ئاگاداری دایکم دەبم.
وتیشی: زستان واتا ماڵەوە، کارەبا نەبێت چۆن بە تاریکی و سەرما بەڕێ دەکرێت، ئەی ئەگەر هاووڵاتی پێویستییەکی بە کارەبا هەبوو دەبێت چی بکات؟ لە کاتێکدا ئێستا زۆربەی کار و هەموو کەلوپەل و ئامێرەکان پێویستیان بە کارەبایە بۆ ئیشپێکردن.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندینجار بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەڵێنی پێدانی کارەبای 24 سەعاتییان بە هاووڵاتیان داوە، بەڵام هێشتا لە کاتە زۆر پێویستەکانی وەرزەکانی زستان و هاویندا بە تایبەتی، حکومەت ناتوانێت بەپێی پێویست کارەبای نیشتمانی بداتە هاووڵاتیان، بەبیانووی ئەوەی خواست لەسەری زیاد دەکات.
گلەیی هاووڵاتیان
هاووڵاتی جەمال کەریم دەڵێت: حکومەتی هەرێم وەک ئەوەی خۆی ناتوانێت بەپێی پێویست کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکات، بۆچی واز لە خاوەن مۆلیدەکان ناهێنێت وەک وەرزی هاوین 24 سەعات کارەبا بە هاووڵاتیان بدەن، کەی باوی ئەوە ماوە یەکی شەو تا بەیانی کارەبا نەبێت!.
وتیشی: هەموو ساڵێک لە سەرەتای وەرزی زستاندا بێ کارەبایی دووبارە دەبێتەوە، بۆیە یەکسەر لە خەمی کڕینی لایت شەحندام بۆ رووناک کردنەوەی شەوی تاریک.
ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی دوایین لێدوانی بەرپرسانی کارەبا بێت لە شەو و رۆژێکدا 16 سەعات کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاووڵاتیان، بەڵام هاووڵاتیان لە بەرامبەردا دەڵێن: ئەگەر ئەو هەموو سەعاتە کارەبای نیشتمانی هەیە ئەی بۆچی مانگانە بڕە پارەیەکی زۆر پارەی موەلیدەمان بۆ دێتەوە و دەبێت چاوەڕوانی بێ کارەبایی بین؟
کەمال عەبدوڵڵا دوکانی فرۆشتنی کەلوپەلی کارەبایی هەیە و دەڵێت: لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر کڕینی جۆرە جیاوازەکانی لایت شەحن زۆر دەبێت بەهۆی ئەوەی لە شەواندا چەند سەعاتێک کارەبا نابێت، ئەو بازاڕ گەرمییە هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە.
وتیشی: نرخی لایت شەحنەکان بەپێی جۆر و قەبارە و کوالێتییان جیاوازن.
هەموو ئەوانە لە کاتێکدایە دابینکردنی 24 سەعاتی تەواو کارەبا مافێکی سەرەتایی هەر هاووڵاتییەکە و ئەرکی سەرەکی هەر حکومەتێکیشە کە خۆی بە خزمەتگوزاری هاووڵاتییەکانی بزانێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان