تەها عەبدوڵڵا
دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی كرد و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتی كرا، وەزیری نوێی ژینگەش سوێندی یاسایی خوارد.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوەكرد كە لە دانیشتنی دوێنێدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواركردنەوەی بڕگەیەك لە ماددەی 12ی یاسای بودجە و ژمارەیەك پرۆژەیاسای تر كرا، بڕیاریشە لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بكرێت، بەتایبەتی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و دیاریكردنی نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تا بەر لە دەستپێكردنی پشووی زستانە، دەنگی لەسەر بدرێت.
د. هەڵۆ مستەفا عەسكەری سوێندی یاسایی خوارد
د. هەڵۆ مستەفا عەسكەری وەزیری نوێی ژینگەی عیراق، دوای دەستبەكاربوونی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رایگەیاند: هەوڵەكانم بۆ باشتركرنی ژینگەی عیراق و هەرێمی كوردستان دەخەمەگەڕ، ئەویش لەڕێگەی جێبەجێكردنی یاسا و رێنماییەكانی تایبەت بە پرسە ژینگەییەكان.
باسی لەوەشكرد كە لە رابردوودا كاری باش كراوە، بەڵام قۆناغی ئێستا پێویستی بە هەوڵی زیاتر هەیە، تا كاریگەرییەكانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژینگە كەمبێتەوە و وڵات لە مەترسییەكانی سەر ژینگە رزگار بكرێت، بۆ ئەوەش پشتبەستن بە پێشكەوتنەكانی سەردەم و تەكنەلۆجیا كاری لەپێشینە دەبێت، هەروەك چاودێریی دامودەزگاكانی حكومەت لە پاراستنی ژینگە دەكەین و رێنمایی پێویستیش دەردەكەین و هەموو ئەوانەش پێویستی بە كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی نێوان سەرجەم دامودەزگاكان دەبێت.