زۆرێک لەو گەنجانەی کە چاوەڕوانییەکی زۆریان بۆ داهاتوویان هەیە، بەهۆی ئەم دۆخە نەخوازراوەوە ناتوانن هیچ هەنگاوێک بنێن، لەم دۆخەدا هەستکردن بە چەقبەستوویی دەبێتە هۆی نائومێدی
دکتۆر قوتبەدین سادقی نووسەر، شانۆنامەنووس، ئەکتەر و دەرھێنەر. ساڵی 1952 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. ساڵی 1970 لە دواناوەندی هیدایەت، خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە و پاشان چووەتە زانکۆی تاران و لە کۆلێجی ھونەرە جوانەکان وەرگیراوە.
ساڵی 1975 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی ھونەریی تەواوکردووە. دواتر روویکردە فەرەنسا بۆ درێژەدان بە خوێندن و ساڵی 1979 بڕوانامەی ماستەری لە بواری شانۆدا لە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسا بەدەستھێنا.
ساڵی 1985 هەر لە فەرەنسا و لە هەمان زانکۆ بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستھێنا.
پاش تەواوکردنی خوێندن لە فەرەنسا، گەڕایەوە ئێران و لە زانکۆکانی ئێران بوو بە مامۆستا و هاوکات سەرقاڵی کاری نمایشی شانۆییە و چەندین شانۆنامەی زۆر باشی پێشکەشکردووە کە بەشێکی زۆریان دەرخەری ئازار و خۆشی و ناخۆشییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانن.
(جانتای ئینگلیز و کڵاوی پەهلەوی) بە نموونە
د.قوتبەدین سادقی لەگەڵ ئەوەی وەک شانۆکار و دەرھێنەر و شانۆنامەنووس کاریکردووە و کار دەکات، هاوکات وەک ئەکتەریش لە چەند فیلمێکی سینەمایی و زنجیرە درامادا رۆڵی گێڕاوە و وەک ئەکتەرێکی سینەمایی و تەلەفزیۆنییش ناسراوە، لەوانە دەتوانین ئاماژە بدەین بە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانی (جانتای ئینگلیزی)، (کڵاوی پەھلەوی). د.سادقی لەم دوو زنجیرە درامایەدا، وەک ئەکتەر رۆڵێکی زۆر سەرکەوتووانەی گێڕا.
کوێستانی قەندیل و خەمخواردن لە چارەنووسی نەسرین
هەروەھا لە چەند فیلمێکی سینەماییشدا لەوانە: (مرۆڤکوژ، تاوانباران، کوێستانی قەندیل و... هتد رۆڵی گێڕاوە.
لە فیلمی کوێستانی قەندیلدا کە لە دەرھێنانی تەھا کەریمی بوو، زۆر باش رۆڵ دەگێڕێت و لەڕاستییدا رۆڵێکی سەرەکی هەبوو تێیدا و فیلمەکە چەند خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی بەدەستھێناوە.
هەر لەو فیلمەدا، د.قوتبەدین سادقی، رۆڵی کەسێک دەگێڕێت بەناوی «شەماڵی دوعا» کە لەفەقێیەتییەوە بووە بە رووناکبیرێکی چەپ و مارکسیست. لەگەڵ عەینەدینی دەف و رەسوڵی فرمێسکدا بە شوێن نەسریندا دەگەڕێن.
نەسرینێک کە کچی مجەوری مزگەوتەکە بووە و ئەمان لەسەر نەسرین لە فەقێیەتی دەرکراون.
ئێستا شەماڵی دوعا و عەینەدینی دەف و رەسوڵی فرمێسک ، هەر کامەیان بەجیا بەشوێن نەسریندا دەگەڕێن کە لە زیندانی بەعسدایە، سەرەنجام یەک دەگرن و بە پلانێک دەتوانن نەسرین ئازاد بکەن.
(کوێستانی قەندیل) لەلایەن تەها کەریمییەوە بەرهەم هاتووە و فیلمێکە دژە جەنگە. باس لەوە دەکات جەنگەکان ماڵوێرانی و کوشتاریان بەشوێن خۆیاندا هێناوە.
فیلمەکە باس لە سنووری هەرسێ دەوڵەتی تورکیا، ئێران و عیراق دەکات کە بووە بە مەیدانی جەنگێک. ئەوانەی لەو کوێستانە کوژراون، لە کورد، تورک، فارس و عەرەب، بێ سەروشوێنن و بنەماڵەکانیان، ژنەکانیان، دایک و خوشکەکانیان بە شوێنیاندا دەگەڕێن.
ئەم فیلمە دەیەوێت بڵێت: فارس و تورک و عەرەب کە لە قەندیل شەڕ بە کورد دەفرۆشن، خۆشیان دەبن بە قوربانی و لێرەدایە بکوژ لە پێگەی قوربانیدا دەردەکەوێت.
ئەنفال لە کارەکانی د. سادقیدا
زۆربـــــەی زۆری ئەو شــــانۆنامانەی کە د. ســــــادقی نووســـــیونی و هەر خۆشی بەشێکی زۆری بردۆتە سەر تەختەی شانۆ و نمایشی کردووە، بە زمانی فارسییە، بەڵام لە زۆربەیاندا باس لە کوردستان، کوردبوون، خەمەکانی کورد و جوگرافیای کوردستان دەکات.
شانۆنامەی «سەد هەزار ئۆفیلیای ئەویندار» کە چەند جار و لەلایەن چەند دەرھێنەرێکەوە براوەتە سەر تەختەی شانۆ، مۆنۆلۆگێکە لەلایەن ژنێکەوە نمایش دەکرێت و باس لە چیرۆکی ژنێک دەکات کە رۆڵی (ئۆفیلیا) دەبینێت، ژیانی ئەم ئەکتەرە شانۆییە، لە ژیانی راستەقینەی خودی ئەو ژنە دەچێت کە رۆڵی ئۆفیلیای ئەویندار دەگێڕێت. ئەو شانۆنامەیە لە شانۆنامەی ھاملێتی شکسپیر وەرگیراوە.
چیرۆکی ئەم شانۆنامەیە لە راستیدا چیرۆکی ئەنفالە و د.قوتبەدین سادقی، لەم شانۆنامەیەدا خەریکە لە زمانی ژنێکەوە چیرۆکی ئەنفال و کارەساتی ئەنفال دەگێڕێتەوە و تێیدا باس لە هەموو ئەو کارەساتانە دەکات کە ئەنفال خوڵقاندوونی.
شانۆ، زمانی د.قوتبەدین سادقییە بۆ باسکردن لە کارەساتی ئەنفال. بگێڕەوە ژنێکە کە کەسوکاری لە ئەنفالدا لە دەستچووە و ئەنفالی بەچاوی خۆی بینیووە، تێیدا بە مۆنۆلۆگ خەریکە ئەم کارەساتە دەگێڕێتەوە و مۆنۆلۆگەکە 45 خولەک دەخایەنێت.
شنگالیشی لەبیر نەکرد
لـــە شانۆنامەی (عەزیزی شــنگالـی)دا، د. سادقی باس لە کارەساتی شـــنگال و ئاوارەیی و کوشتاری بە کۆمەڵی کوردەکانی شنگال دەکات بە دەستی داعش. ئەم شانۆنامەیە کە دروست ماوەیەکی کەم دوای کارەساتی شنگال روویدا، هەوڵێکە بۆ نمایشکردنی ئازاری کوردە ئێزدییەکان بە دەستی داعش.
د.قوتبەدین سادقی زمانی شانۆ و تەختەی شانۆی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ئازارەکان وێنا بکات و لەهەمانکاتدا دژبە فەرامۆشکردن بووەستێتەوە.
ئەو دەیەوێت ئێمە ئازارەکان لەبیر نەکەین.
شانۆنامەیەکی دیکەش (نەبیت باشترە) یە، هەوڵێکی د.قوتبەدین سادقییە بۆ وەستانەوە دژ بە فەرامۆشی و نمایشکردنی ئازارەکان.
ئەم شانۆنامەیە باس لە کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت دەکات و ئەم شانۆنامەیەش ئەمساڵ لە رۆژی 7ی پووشپەڕ لە یادی کیمیابارانی سەردەشتدا بە دەستی رژێمی بەعس نمایش کرا.
کیمیاباران و فەرامۆشکردنی سەردەشت
شانۆنامەکە، چیرۆکی کۆمەڵێک کرێکارە کە لە تاران کاردەکەن، کرێکارەکان سەربە نەتەوە جیاجیاکانی ئێرانن و هەرکامەیان بەشێوەیەک هەوڵ دەدات ئازارەکانی خۆی بگێڕێتەوە.
یەکێک لەو کرێکارانە، کوڕێکی سەردەشتییە کە 7 ساڵە بەھۆی کیمیابارانی سەردەشتەوە تووشی نەخۆشیی تەنگەنەفەسی بووە و بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنێت.
د.قوتبەدین سادقی لایوایە تائێستا بەرامبەر بە سەردەشت کەمتەرخەمی کراوە. ئەو دەپرسێت تائێستا چەند شانۆنامە دەربارەی کارەساتی سەردەشت نووسراوە؟ چەند فیلم لەم بارەیەوە بەرهەمهاتووە؟
دەکرێت د.قوتبەدین سادقی بە ناسنامەی شانۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بزانین، ئەو راستە چەندین بەرهەمی سینەمایی و لێکۆڵینەوەیی و داستانیی هەیە، بەڵام زیاتر وەک شانۆنامەنووس و دەرھێنەر ناسراوە و زمانی شانۆی هەڵبژاردووە بۆ وێناکردنی ئازار و خەم و شادییەکان.
زمانێک بۆ دەربڕینی ئازارەکان
کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان لە شانۆنامەکانی د.قوتبەدیندا زۆر بە باشی رەنگیان داوەتەوە.
ئەو لەگەڵ ئەوەی هونەرمەندێکی ئاکادیمیستە کە لە ئێران و کوردستاندا وەک کەسێکی بەتوانا تەماشای دەکرێت، هاوکات کەسێکە کە پەیوەستە بە کۆمەڵگەوە. تەنها لە چوارچێوەی ئەکادیمی و زانکۆییدا نەماوەتەوە، بەڵکو هەوڵدەدات شانۆ و هونەر بکات بە زمانێک بۆ دەربڕینی ئازارەکان.