زۆرترین مۆڵەتی پرۆژەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لە سنووری هەولێر بووە

كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان: لە هەولێر زیاتر لە 100 هەزار خێزان لە خانووی كرێدا دەژین

01:02 - 2024-11-27
کوردستان
387 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئیمان فەرهاد

زیاتر لە 120پرۆژەی یەكەی نیشتەجێبوون لە هەولێر مۆڵەتی پێدراوە

بەگوێرەی ئامارێكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، لەگەڵ دەستبەكاربوونی دەستەكە ‌و پەسەندكردنی یاساكەی لە ساڵی 2006 تا ئەمساڵ، لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان 226 مۆڵەتی دروستكردنی پرۆژەی یەكەی نیشتەجێبوون دراوە بە وەبەرهێنەران، نیوەی زیاتری ئەو ژمارەیە، لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە، كە بە ئیدارەی سۆرانەوە دەگاتە 120 مۆڵەت. پسپۆڕێكی ئابووریش رایدەگەیەنێت بەشی زۆری پرۆژەكانی نیشتەجێبوون كاریگەرییان لەسەر كەمبوونەوەی ژمارەی كرێنشینان نەبووە.
لەوبارەیەوە كارزان رەسوڵ، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە لای ئێمە تۆماركراوە، لەبارەی ژمارەی كرێنشینان لە سنووری شاری هەولێر، زیاتر لە 100 هەزار كرێنشین هەیە، ئەمە جگە لەوانەی لە دەرەوەی هەولێر، روو لە شارەكە دەكەن و خانوو بەكرێ دەگرن.
وتیشی: هەروەها ئەوەی لای ئێمە هەیە، لەماوەی 18ساڵی رابردوودا، كاتێك یاسای وەبەرهێنان دەنگی لەسەر دراوە، زیاتر لە 120پرۆژەی یەكەی نیشتەجێبوون لە هەولێر مۆڵەتی پێدراوە، ئەگەر بە نموونە هەر پرۆژەیەك هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی تێدا دروستكرابێت، ئەوا لەو ماوەیە 120هەزار یەكە لە هەولێر دروستكراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەگەڵ دروستكردنی ئەو ژمارە زۆرە لەیەكەی نیشتەجێبوون، كەچی ژمارەی كرێنشینان لە پایتەخت زۆرە و رۆژانە خەڵكی كەمدەرامەتی كرێنشین ناوی خۆیان لەكۆمەڵەكەمان تۆمار دەكەن.
هەر پەیوەست بەو بابەتـــە نەواز هەمەوەندی،  پسپۆری بواری ئابووری بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەگەرچی لەماوەی رابردوودا، ژمارەیەكی زۆر لە یەكەی نیشەجێبوون لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە شارێكی وەك هەولێر دروستكراوە، كەچی نەتوانراوە وەكو پێویست سوود و قازانجی بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشین ‌و 
موچەخۆران هەبێت. 
وتیشی: راستە بەشێكیان بوونە هۆی ئەوەی خەڵكی لەكرێنشینی رزگاریان بێت و ببن بەخاوەن یەكەی نیشتەجێبوونی خۆیان، بەڵام دەبوو كاریگەریی باشتری هەبێت، تازۆرترین كرێنشین سوود لەو یەكانە وەربگرن، كە لەو ماوەیەدا، بەهاوكاری حكومەت و دابینكردنی زەوی بۆیان دروستكراوە. پێشیبوابوو: بەشێك لەو هۆكارانەی وایانكردووە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون سوودی بۆ خەڵكی كەمدەرامەت نەبێت، نرخەكەی بووە، كە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ داهاتی مووچەخۆر و خەڵكی مامناوەند یەك ناگرێتەوە.
هەروەها بەشێكی تر لەو پرۆژانە بەهۆی گەندەڵی و قۆڕخكاری لەلایەن كەسانی دەسترۆیشتوو، نەتوانرا سوودی لێوەربگیرێت و ئامانجی خۆی بپێكێ‌، کە ئەویش كەمكردنەوەی گرفتی نیشتەجێبوونە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان