د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازیكرد لە د.باسم بەدری سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و لە دیدارێكدا بنەماكانی كاری دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و میكانیزمەكانی كاركردنیان لەسەر دۆسێ جیاوازەكان تاوتوێكرد.
سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە كە پێویستە دادپەروەری؛ بنەمای كاری دەستەكەیان بێت، بەجۆرێك مامەڵەی لەگەڵ سەرجەم دۆسێكان، بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و یەكسان بێت، هاوكات گرنگیی سەربەخۆیی كاری دەستەكەی دووپاتكردەوە.
لای خۆیەوە، د.باسم بەدری، پوختەیەكی لەبارەی كار و چالاكییەكان و قۆناغەكانی مێژووی دەستەكە لە بارودۆخە سیاسییە جیاوازەكاندا پێشكەشكرد و دووپاتیكردەوە «سوورین لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەریی بەوپەڕی شەفافیەت و دادپەروەرییەوە».
كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و كۆمسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەكان
هەردوێنێ، سەرۆك كۆمار، پێشوازی لە عەلی موئەیەد سەرۆكی كۆمسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەكان و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران كرد و لە دیدارێكدا شێوازی كاركردنی كۆمسیۆن تاوتوێكرا و «پاراستنی سەربەخۆیی كۆمسیۆن» تەئكیدی لەسەر كرایەوە.
لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار «پێویستیی هەوڵدان بۆ پیشاندانی وێنەی راستەقینەی عیراق و دەستنیشانكردنی لایەنە نێگەتیڤەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان» خستەڕوو. هەروەها تەئكیدی لەسەر بایەخی پیشاندانی وێنەی راستەقینەی سەقامگیریی ئاسایش و سیاسی لە عیراقدا، كردەوە و وتی: «ئەركی كۆمسیۆنە بەدواداچوون بكات بۆ ئەو هەواڵ و بابەتە چەواشەكارانەی لەلایەن هەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاودەكرێنەوە بەمەبەستی ئیبتیزاز و سووكایەتیكردن بە دامودەزگاكانی دەوڵەت.