عومەر ئیسماعیل باوزێیی
شاری مەریوان لەڕووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای كوردستان/ سنەیە، بە دووری (125كم) كەوتۆتە باكووری خۆرئاوای سنەوە، لە باكوورەوە لەگەڵ سەقز، لە باكووری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ دیواندەرە، لە باشورەوە لەگەڵ شارۆچكەی سەوڵاوا هاوسنوورە، باكوری خۆرئاوا و خۆرئاواشی بریتییە لە سنووری نێودەوڵەتی خۆرهەڵاتی كوردستان/ ئێران و باشووری كوردستان/ هەرێمی كوردستانی عیراق، هەروەها لە دووری (16كم) لە خۆرهەڵاتی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لەسەر سنووری هاوبەشی خۆرهەڵات و باشووری كوردستان هەڵكەوتووە و هاوسنوورە لەگەڵ شارۆچكەی پێنجوێن لە باشووری كوردستان.
مەریوان جگە لە ناوەندی قەزا، لە ناحیەكانی خاومیرئاوا و سەرشیو و (178) گوند پێكهاتووە، هەروەها خاوەنی دەریاچەی زرێبار و دەڤەری (هەورامان)ە، كە دوو شوێنی گەشتیارین و بوونەتە هۆی بەناوبانگی شارەكە، گۆلی زرێبار بە دووری (3كم) كەوتۆتە خۆرئاوای مەریوان و جوانییەكی سروشتی و ئاو و هەوایەكی سازگاری بە ناوچەكە بەخشیووە.
قەڵای مەریوان
بەگوێرەی ئامارەكانی حكومەتی ئێران: لە ساڵی (2006ز)دا ژمارەی دانیشتوانی مەریوان (153,271) كەس بووە، سۆرانی شێوەزاری سەرەكی دانیشتوانە، هەورامیش شێوەزاری دووەمە لە ناوچەكەدا.
جێگای ئاماژەیە، مەریوان خاوەنی قەڵایەكی بەناوبانگە و شوێنەوارەکانی دەكەوێتە سەر یەكێك لە لوتكەكانی چیای سەرقوڵە لە باشووری شارەکە، بەڵام دوای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی (1979ز)دا ناوی شاخەكە بۆ (ئیمام) گۆڕا، بە ناوی شێخ ئەحمەد نعێمی ناسراو بە (إبن النبار)، كە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی میر هەمزەی بابانیدا پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی سووری قەڵاكە بوو.
قەڵای مەریوان، یەكەمجار میر هەمزەی بابانی لە دەوروبەری ساڵی (1465ز)دا دروستیكرد، پاشان (سورخاب بەگ 1538-1567ز)ی میری ئەردەڵان لە یەكەم ساڵی فەرمانڕەوایی خۆیدا نۆژەنیكردەوە و لە ساڵی (1549ز)دا كردی بە پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان، بەڵام كاتێك (سلێمان خان 1636-1655ز) دەسەڵاتی گرتەدەست، لە هەمانساڵی دەستبەكاربوونیدا شاری سنەی دروستكرد و كردی بە پایتەختی میرنشینەكە، هاوكات بە بیانووی ئەوەی نەكا قەڵای مەریوان بكەوێتە دەستی دوژمن، وێرانیكرد.
چەندین شەڕی خوێناوی
ئەردەڵان و بابان، دوو میرنشینی دەسەڵاتداری بەهێزبوون لە مێژووی نوێی كورددا و چەندینجار شەڕ لە نێوانیاندا بەرپابووە، زۆربەی شەڕەكانیش لە دەشتی مەریوان روویانداوە، چونكە ناوچەیەكی گرنگ و ستراتیژیی بوو، تەنانەت ئەم دەشتە لە ململانێی ناڕاستەوخۆی دەوڵەتی سەفەوی و پاشان قاجار لەگەڵ عوسمانییەکاندا، پێگەیەكی دیاری هەبوو، بەهۆی ئەوەی دەروازەی سەرەكی شاری سنە و ناوچەكانی دیكەی ئەردەڵان بوو، وایكردبوو پاراستنی مەریوان بۆ میرنشینی ئەردەڵان كارێكی چارەنووسساز بێت، ئەمەش هۆكاربوو بۆ ئەوەی لەم دەشتەدا چەندین شەڕی خوێناوی بەرپاببێت.
سوپای سەفەوی و هێزی ئەردەڵان
كاتێك (خان ئەحمەدخانی یەكەم 1615-1636ز)ی والی ئەردەڵان لەگەڵ (شـــا ســـەفی 1629-1642ز) كوڕەزای شاعەباسی گەورەی سەفەوی، كێشە و ناكۆكی كەوتە نێوانیان، خان ئەحمەد بە پشتیوانی سوپای سوڵتان مورادی چوارەم (1623-1640ز)ی عوسمانی دووجار لە دەشتی مەریوان لە ساڵانی (1636-1637ز)دا رووبەڕووی سوپای سەفەوی بۆوە، بەڵام لە هەردوو شەڕەكەدا شكا و كشایەوە بۆ موسڵ، هەروەها (میرسلێمان بەبە 1664-1698ز) لە ساڵی (1695ز)دا هێرشی كردە سەر ئەردەڵان و لەم دەشتەدا لەگەڵ سوپای سەفەوی و هێزی ئەردەڵان پێكدادان روویدا، بەڵام میرسلێمان رووبەڕووی شكستێكی گەورە دەبێتەوە. ئینجا دوای هێرشی ئەفغانییەكان بۆسەر ئێران لە ساڵی (1722ز)دا، (حەسەن پاشای نوێ 1704-1723ز)ی والی بەغدا لە بابی عالی عوسمانییەوە فەرمانی پێكرا ئەو شوێنانەی نەكەوتبوونە دەست ئەفغانییەكان بگرێت، بۆ ئەمەش (خانە محەمەد بەگ 1719-1729ز)ی میری بابان بە هێزێكەوە لە قۆڵی باكوور و ناوچەی مەریوان بۆ گرتنی شاری سنە و میرنشینی ئەردەڵان جوڵا. لە ساڵی (1750ز)یشدا (سەلیم پاشا 1743-1751ز)ی میری ئەو كاتەی بابان، لە مەریوان رووبەڕووی (حەسەن عەلی خان 1748-1751ز)ی والی ئەردەڵان بووە و شاری سنەی گرت.
میری بابان بەرەو سنوور جوڵا
دوای هێرشە بەرفراوانەكەی (كەریم خانی زەند 1747-1779ز)یش بۆ سەر عیراق، بە فەرمانی والی بەغدا، هەر فەرمانڕەوایەك لە سنووری خۆیەوە رووبەڕووی سوپای ئێران بۆوە، (محەمەد پاشا 1765-1777ز)ی میری بابان بە هێزێكەوە بەرەو سنوور جوڵا، هەردوو سوپا لە مەریوان بەرامبەری یەكدی وەستان، سەرئەنجام (خەسرەوخانی دووەم 1754-1789ز)ی والی سنە بە سەختی تێكشكا و محەمەد پاشا توانی لە قۆڵی خۆیەوە پاشەكشە بە سوپای ئێران بكات.
لە ساڵی (1806ز)دا دیسان لە دەشتی مەریوان (ئەوڕەحمان پاشا 1789-1813ز)ی بابان بە پشتیوانی هێزەكانی قاجار و خانی ئەردەڵان، هێرشیكردە سەر سوپای (حافیز عەلی پاشا 1801-1807ز)ی والی بەغدا، توانی لە كەمترین ماوەدا تێكیان بشكێنێت و (سلێمان بەگ)ی فەرماندەی سوپاكەی بەدیل گرت، كە خوشكەزای حافیز پاشا بوو. بەمجۆرە دەشتی مەریوان هەردەم پێگەی پێكدادانی سەربازی بوو، كە دوا رووبەڕووبوونەوە لە ساڵی (1841ز)دا لە نێوان هێزی (عەبدوڵڵا پاشای دووەم 1841-1850ز)ی بابان و هێزی هاوبەشی (رەزا قولیخان 1834-1841ز)ی والی ئەردەڵان و (مەحمود پاشا 1813-1841ز)ی بابان روویدا و ئەردەڵانییەكان بە شێوەیەكی خراپ شكان.
سەرچاوەکان:
1. صلاح شریفی: توانهای محیطی شهرستان مریوان، چ1، مشخصات نشر اراس، (سنندج، 1391)، ص1،39-140، 158-160، 181.
2. انور روشن: قەڵاتی مەریوان پایتەختی میرنشینی بابان و ئەردەڵان، و: فەرەیدون سامان، گۆڤاری شانەدەر، ژمارە (8)، كانوونی دووەمی 1998، ل52-55.
3. عەبدولكەریمی مودەڕیس: بنەماڵەی زانیاران، چ1، مشخصات نشر آنا، (تهران، 1389)، ل212-213.
4. شیرین ئەردەڵان: كوردانی ئەردەڵان لە نێوان ئێران و ئیمپڕاتووری عوسمانی، وەرگێڕ: كامبیز ئیبراهیم زادە، چ1، چاپەمەنی تەوەكولی، (تهران، 1395)، ل63.
5. محمد مەردۆخی كوردستانی: مێژووی مەردۆخ، مێژووی كورد و كوردستان، و: زانەر محەمەد، چ1، چاپخانەی رۆژهەڵات، لە بڵاوكراوەكانی كتێبخانەی ئاوێر، (هەولێر، 2011)، ل338-339.
6. بەدیع محەمەد جومعە: شا عەباسی گەورە (1588-1629)، و: عەزیز گەردی، چاپخانەی رۆژهەڵات، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، (هەولێر، 2015)، ل67-68.
7. محەمەد سهێل تەققوش: مێژووی دەوڵەتی سەفەویی، و: شاخەوان محەمەد، چ1، چاپخانەی رۆژهەڵات، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات، (هەولێر، 2010)، ل278.
8. نووسەر نادیار: عوسمانییەكان لە عوسمانی كوڕی ئورتغلەوە تا سوڵتان عەبدولمەجیدی دووەم، و: سەلام عەبدولكەریم، چ1، چاپەمەنی گەنج، لەبڵاوكراوەكانی خانەی چاپ و پەخشی رێنما، (سلێمانی، 2007)، ل106-107.
9. حسێن نازم بەگ: مێژووی میرایەتی بابان، و: حسێن حەسەن كەریم و سدیق ساڵح، چاپخانەی شڤان، بنكەی ژین، (سلێمانی، 2013)، ل33، 46، 120-121.
10. ماه شەرەف خانم مەستوورەی كوردستانی: مێژووی ئەردەڵان، و: حەسەن جاف و شوكور مستەفا، چ2، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، (هەولێر، 2005)، ل54.
11. نەجاتی عەبدوڵڵا: كوردستان و كێشەی سنووری ئێرانی-عوسمانی 1639-1847، چ2، چاپخانەی موكریانی، خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، (هەولێر، 2015)، ل55-56.
12. نەوشیروان مستەفا ئەمین: بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەمدا، كتێبی سێیەم، الدار العربیة للعلوم، (بیروت، 2013)، ب1، ل60-61، 95، 333.
14. عومەر ئیسماعیل مارف: میرنشینی بابان لەماوەی دەسەڵاتی 12 میردا، چ1، چاپخانەی كارۆ، (سلێمانی، 2018)، ل55.
14. جان ڕ . پێری: كەریم خانی زەند مێژووی ئێران لەنێوان 1747-1779ز، و: سەلاحەددین ئاشتی، چاپخانەی شڤان، لەبڵاوكراوەكانی بنكەی ژین، (سلێمانی، 2005)، ل406.
15. محەمەد ئەمین زەكی بەگ: تاریخی سلێمانی وە وڵاتی، ئا: رەفیق ساڵح، چ2، چاپخانەی شڤان، لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین، (سلێمانی، 2006)، ب3، ل59.
16. میرزا شكرالـله سنندجی (فخرالكتاب): تحفە ناصری در تاریخ و جغرافیای كردستان، مقابلە و تصحیح: حشمت الـله طبیبی، چ1، چاپخانە سپهر، مؤسسة انتشارات امیر كبیر، (تهران، 1366)، ص148، 153.
17. عەبدولقادر رۆستەم بابانی: رەوشی كوردان مێژووی كوردستان ئەردەڵان بابان، و: كەریم حیسامی، چ1، (تاران، 1393)، ل194.
18. كامەران محەمەد حاجی: كوردستان لەبازنەی كێشەی رۆژهەڵاتیدا 1800-1900، چ1، چاپخانەی رۆشنبیری، (هەولێر، 2007)، ل99.
19. كلاودیوس جەیمس ریچ: گەشتنامەی ریچ بۆ كوردستان 1820، و: محەمەد حەمە باقی، چ1، چاپخانەی شڤان، بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، (سلێمانی، 2012)، ب1، ل366-367.
20. محەمەد حەمە باقی: میرنشینی ئەردەڵان-بابان-سۆران لە بەڵگەنامەی قاجاریدا، چ1، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، (هەولێر، 2002)، ل51، 121-122.